تۆ بڵێی زەیدیەک بۆ کوردستانیش ئامادە نەکرابێ ؟

شێرزاد شێخانی‌
  2026-07-04     124

پێدەچێت هێنانی عەلی زەیدی بۆ سەر تەختی دەسەڵاتی عیراق کە سوپرایزەکی چاوەڕوان نەکراو بوو لەلایەن هەندێ کەسەوە ، بەڵام پێدەچێ ئیدارەی ترامپ دەمێکە کاری بۆ ئەمە کردبێ .

لەبیرمانە چەند جارێک گوێمان لە گلەییەکانی سەرۆکی ئەمریکا ترامپ دەبوو کە ڕەخنەی تووندی لە ئیدارەکانی پێشووی خۆی دەگرت گوایە ئەمریکا چەند تریلیۆنێک دۆلاری لەعیراقدا سەرفکردووە بەبێ ئەوەی یەک دۆلاری بۆ گەڕابێتەوە . ئەمەش خۆی لەخۆیدا ئاماژەیەک بوو کە ئیدارەی ترامپ خەریکی پلانێکە بۆ گێڕانەوەی بەشێک لەو پارە زەبەلاحەی کە لەعیراقدا سەرفی کردووە . بە لەبەرچاوگرتنی رووداوەکانی فەنزویلاو دەستبەسەرداگرتنی نەوتەکەیان ، لەولاشەوە ئەو نیو ترلیۆن دۆلارەی لە سەرانی کەنداو بەدەستیهێنا ، پێدەچێ ئەمجارەیان ترامپ رووی لەعیراق کردبێ و بەتەمای شتێک بێت لەم وڵاتەدا . فیتۆیەکەی ترامپ لەسەر کاندیدبوونەکەی مالیکی ورێگری کردن لەویلایەتی دووەمی سودانیش دەچێتە ئەم قالبەی کە ئەمریکا بە دوای گۆڕانکارییەکە لە هەیکەلەی دەسەڵات لەعیراقدا و دوورخستنەوەی نوخبه سیاسیە تەقلیدییەکەی عیراقه .

کاتێک عەلی زەیدی لەدەرەوەی هەموو پێشبینیەکانەوە هاتە سەر ستەیجی شانۆو ، ئەمریکاش بە هەموو توانایەوە پشتیوانی لێکردو تۆم باراکیشی بە لیستێکی هەزار ناوی گەندەڵانەوە ناردە عیراق ، ئەمانە بەگشتی رووداوەکانی ئەمدواییەمان بۆ شیدەکەنەوە . کەواتە زەیدی بۆ ئەوە هاتووە ئەجیندایەکی تەواو ئەمریکی لەعیراقدا جێبەجێ بکات . و هەڵمەتی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەمەی رابردووش دەرخەری ئەو راستییە کە عیراق لەوەرچەرخانێکی مێژوویی گەورەدایە .

هەڵمەتەکەی عەلی زەیدی تەنها بەوەندە ناوەستێ کە چەند پەرلەمانتارو وەکیل وەزیرو هەندێ وەزیریش بگرێتەوە ، بەڵکو پرۆسەکە زۆر لەوە گەورترو گشتگییرترەو بەهۆی پاڵپشتی ئەمریکاشەوە هیچ بەربەستێک نیە رێگری لەدەستگییرکردنی گەورە گەندەڵکارانی سوونەو شیعەوە بکات .

لێرەش پرسیارەکە ئەوەیە ، کاتێک پرۆسەی پاکسازییەکەی زەیدی هیچ کەسێک نابوورێ چ سوننە بێت یان شیعە ، سەر بەحزبێکی گەورە بێت ، یان نوێنەری لەپەرلەمان هەبێت ، بێگومان لەقۆناغەکانی داهاتوودا هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە . چونکە مەعقوول نیە دەیان و سەدان سەرکردەی سیاسی و وەزیری شیعە و سوننە بکەونە بەر شاڵاوی دەستگییرکردن ودادگاییکردن بەڵام بەرپرسانی هەرێم لەلێپرسینەوە ببوورێن . ئەو گەندەڵی ودزی وپارەسپیکردنەوەی لەهەرێمدا کراوە ئەگەر لە قەبارەی بەغدا زیاتر نەبێ هاوتایەتی .

پێموایە ئەم دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی هەرێمیش بەشێک بێت لە پلانەکەی ئەمریکا بۆ گۆڕانکاری لەدەسەڵاتی هەرێم . چونکە کاتێک کوتلە سیاسییە گەورەکانی عیراق نەیانتوانی کاندیدێکی یەکگرتوویان هەبێ بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ، ئەمریکا خۆی هاتە ناو کێشەکەو لەدەرەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی کەسێکیتری بەسەریاندا فەرز کردوو نقەیانی لێبڕی . هەڵبەت لێرەش داخرانێکی سیاسی تەواو هەیە بەمەش دوور نیە زەیدیەکی هاوشێوە لە ئەجیندای ئەمریکا ئامادە کرابێ کە ئەمەش دەبێتە سۆپرایزێکی زۆر دڵخۆشکەرانە بۆ هاوڵاتیانی کوردستان .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×