دووسیناریۆی بەردەم داهاتووی عێراق

سەروەت هەڵەبجەیی
  2022-06-15   

ئەمجارەش موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر کە زۆر هەوڵی دەدا خۆی وەک تاکە سەرکردە و مەرجەع و بڕیار بە دەست بناسێنێت، بووە هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت و بە کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی و دەست لە کار کێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی عێراق، ئەم وڵاتەی بە ئاراستەی ئاڵۆزییەکی گەورەی ناوخۆیی و چارەنووس و داهاتوویەکی نادیار بردووە.

سەدر و هاوپەیمانەکانی کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سیادەی سوننەن، لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق شکستیان هێنا، دەرفەتە چل ڕۆژەکەشی بە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان تووشی هەمان چارەنووس بوو، ئەگەر لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیش لەوەدا سەرکەوتوو دەبوون حکومەت پێک بێنن ڕەنگە تەمەنی لە بەرامبەر هەڕەشە جەماوەرییەکانی ڕەوتی سەدر کەمتر لە یەک مانگ دەبوو و ئەمەش وایکرد کە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پێکهێنانی حکومەت بە بێ ڕەوتی سەدر پاشگەز ببنەوە.

ئێستا سەدر کشاوەتەوە و پەیامی ئەم کشانەوەش ئەوەیە کە سەدر لێرە بە دوا هەوڵی پێکهێنانی حکومەت نادات و تەنیا بیر لە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکاتەوە. ئەگەر پەرلەمانیش بەردەوام بێت بێگومان بەم حاڵەوە و پاش ٨ مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و پێکنەهێنانی حکومەت، بە خراپترین خولی پەرلەمانی عێراق لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام دادەنرێت.

ئەگەرچی بۆ بەفەرمیبوونی دەست لە کار کێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی سەدر پێویست بە دەنگی ئەندامانی دیکەی پەرلەمانی عێراق دەکات بەڵام تا ئێستاش ڕادەستکردنی نامەی دەست لە کار کێشانەوە و واژۆکەی محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان وەک ڕازیکردنی ڕای گشتی دەبێت.

بەم حاڵەوە دەتوانین ئاماژە بە دوو سیناریۆ بدەین: یەکەم، دەست لە کار کێشانەوەی هەر دوو هاوپەیمانەکەی سەدر، واتە پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و هاوپەیمانی سیادەی سوننە کە محەممەد حيلبوسی تێیدا ڕۆڵی یەکەم دەگێڕێت و بەمەش ناوبراو دەبێت ماڵئاوایی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بکات، لە وەها حالەتێکدا پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە دەچێت.

دووەم، پەیوەندی پارتی و هاوپەیمانی سیادە بە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەگەرچی وتووێژە تەلەفوونییەکەی ڕۆژی یەک شەممەی سەدر و مەسعود بارزانی پەیامی ئەوە هەڵدەگرێت کە ڕەنگە بارزانی هەمان بڕیاری سەدر بۆ ئەندامانی فراکسیۆنەکەی دەربکات یان بە پێچەوانەوە، ببێتە سەرەتایەک بۆ لێکترازانی نێوانیان و هەڵوەشانەوەی فەرمیی هاوپەیمانی سێقۆڵی.
ئەگەرچی ئەگەری هەر دوو سیناریۆ لە ئارادایە بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا عێراق بەرەو قۆناغێکی کەم وێنەی ئاڵۆزیی ناوخۆیی دەڕوات.

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان ستراتیژی ئەوەی هەیە کە دەسەڵات و پۆستەکان وەک ڕابردوو بە پێکهێنانی حکومەتی تەوافوقی لە نێوان شیعە، کورد و سوننە دابەش بکرێت بەڵام سەدر و سیاسەتی پاوانخوازیی وا دەکات کە هیوایەک بە عێراقێکی ئارام و سەقامگیر لانیکەم لە ڕووی سیاسییەوە نەبێت.

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×