بەشێوەیەکی یەکجارەکی؛ ڕۆژی سێشەممە (١٢ ی دیسەمبەری ٢٠٢٥) عێراق ڕاگرتنی تەواوەتی هاوردەکردنی غازی سروشتی لە ئێران ڕاگەیاند، هەنگاوێک کە دوای ئەوەی وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، دەستبەجێ لە نێوان ٤ هەزار بۆ ٤ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی کورتهێنان درووست بو!
مەتەڵ، یان چیرۆکی نەوت، گاز، کارەبا، پیشەسازیی هایدرۆکاربۆنییەکانی عێراق هی ئەوەیە چەندین نەوەی داهاتوو وەک داخێک بەردەوام بیڵێنەوە؛
* لە (٢٠٠٤ ەوە تاوەکو ٢٠٢٤) حکومەتی عێراق (٨٠) هەشتا ملیار دۆلاری بۆ سێکتەری کارەبا خەرجکردوە؛ هێشتا نیزیکەی ٤٥٪ کورتهێنانی کارەبا لە پانزە پارێزگای عێراقدا هەیەو، هاوینان کورتهێنانی کارەبای نیشتیمانی تا (٦٠٪) دەڕوات!
* دەوڵەتەکە، پیاوی لێزان و کارامەی تێدایە؛ بەڵام هێشتا سەراپا وا تێگەیشتوون "وزە" تەنها نەوت و گازە، یان سەردەمی خەڵووزە! لەکاتێکدا (٢٠٢٦) بەتەواوەتی ئەو لۆژیکە دەبیندرێت کە زیرەکی دەستکرد تەنها بابەتی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی نییە، بەڵکو هێزی هەڵسوڕێنەری پشت پیشەسازییەکان و وزە نوێبوەوەکان و وزەی سەوزە. با بە لۆژیکەکەی عێراق بڕۆین کە وزە هەر "نەوت"ە؛ ئێ نەوتی خاو دەیان پێکهاتە "موشتەقات" ی دیکەی هەیە وەکو: دیزڵ، کیرۆسین، چەورەکەرەکان (ڕۆنی مۆلیدات و..)، بەنزین و قیر و...تادوایی، عێراق ساڵەهای ساڵە زۆربەی ئەوانە لە دەرەوە هاوردە دەکات! بە بەردەوامی ساڵانە تەنها بەهۆی هاوردەکردنی ئەو پێکهاتانەوە لە نێوان (٢ بۆ ٥ ملیار دۆلار) ی عێراق بە فیڕۆ چوە. ئنجا دەوڵەتەکە (٩٦٪)ی داهاتەکەی پشت بەو نەوتە دەبەستێی کە دەینێرێتە دەرەوەو دەیفرۆشێ! ئنجا لەسەروو ئەوەشەوە؛ دەوڵەتەکە تا ئێستا تەنها یەک کەناڵی هەبوە بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی کە بەندەرەکانی بەسرەیە؛ لەوێشدا"کوەیت" خەریکە بازرگانیی دەریایی عێراق دەخنکێنێت! ئنجا لەسەروو هەموو ئەوانەشەوە ئەوانەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بەڕێوە دەبەن، کەسیان باوەڕیان بە عێراق نییە وەکو دەوڵەتێک وەک کیانێکی دەستوریی و سیاسیی و دامەزراوەی کۆمەڵایەتی تۆکمە، بەڵکو شیعە ئینتیمای بۆ شیعە، سووننە بۆ سووننەو کوردیش ئینتیمای بۆ کورد هەیە..ئیتر دیارە چۆن "بەڕێوە"یان بردوە! دەستەی دەستپاکی عێراق دەڵێ تەنها لە درووستکردنی منارەی مزگەوتێکدا یەك ملیار و ٥٧١ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دینار گەندەڵی كراوە و پارە بەهەدەر دراوە.
* داتای ٢٠٢٥ دیار نییە، بەڵام ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ ڕوونە؛ بانکی نێودەوڵەتی دەڵێت ، نۆ وڵاتیش ٧٥٪ ـی کۆی گازی هاوەڵیان سووتاندووە، کە عێراق یەکێکیانە. لەمەشدا عێراق ساڵانە بەبەردەوامی لە نێوان (٧ بۆ ٩) ملیار دۆلار سەروەتی نیشتیمانیی بە فیڕۆ داوە؛ جگەلەوەی ژینگەی وڵاتەکەو ناوچەکەشی بە بەلاش و خۆڕایی پیس کردوە. گازی هاوەڵی نەوت، جۆرێکە لە گازی سرووشتی، لە کان و بیرەکانی نەوتدا هەیە، یان لە نەوتەکەدا تواوەتەوە، یان بەشێوەی گۆمەزی گازیی لەسەرووی نەوتی نێو کانەکە دەبێت، هەندێک لە کۆمپانیاکان لەگەڵ نەوتەکەدا سوود لە گازەکەش وەردەگرن یان لەنێو کانەکە دەیهێڵنەوە، هەندێکیش دەیسووتێنن.
لەبارەی ڕاگرتنی یەکجارەکی هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە، ئەمە برینێک نییە لەناکاو ئازاری درووستکردبێت، بەرپرسانی عێراق ساڵی ڕابردوویان بە لێدوان و نمایشی سەرکەوتن بەسەر هاوردەکردنی سووتەمەنیدا بەسەر بردووە، سەرەتا بارکردنی بەنزین و گازۆیل و نەوتی سپییان ڕاگرتووە و لە هەمان کاتدا گێڕانەوەیەکی فراوانتریان لەبارەی خۆبژێوی وزە خستووەتەڕوو! غاز پارچەی ئەو مەتەڵە بوو کە مابووەوە و لە ڕووی سیاسییەوە هەستیارترین بوو (ئێران لە ئارادا بو!).
ئێران، تا ئەم کۆتا ڕۆژانەی ٢٠٢٥؛ بە بەردەوامی نیزیکەی لەسەدا ٣٠ بۆ ٤٠ی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای عێراقی دابینکردبوو. بێگومان ئەو قەبارەیانە پێشتر بەهۆی ناکۆکییەکانی پارەدان و فشارەکانی سزاکانی ئەمریکا و کورتهێنانی ناوخۆیی ئێران خۆی کەمبوونەوە. ئەمجارەیان “هەڵپەساردنی تەواو” ئەو بڕینە لەناکاوە نییە کە دەردەکەوێت. بەغدا تەنیا هەنگاوی لۆژیکی داهاتوو لە جیابوونەوە لەگەڵ ئێران دەنێت لە ڕێگەی کەمکردنەوەی بەشەکی هاوردە و لێشاوی باوەڕپێنەکراو.
وەکو "جولیان چایجر"یش لە ئۆیەڵ پرایس باسی دەکات، واشنتۆن بە بەردەوامی پاڵ بە عێراقەوە دەنێت بۆ ئەوەی پشتبەستنی بە تاران کەم بکاتەوە و بەغداش بە تامەزرۆییەوە پابەندبوونی خۆی نیشان دەدات بەبێ ئەوەی قەیرانێکی تەواوەتی کارەبای لێبکەوێتەوە. بەکوردییەکەی ئەمە مانای وایە گڵۆپەکان بە تێچووی زیاتر و بە فشارێکی زیاتر لەسەر ژێرخانی ئابوریی بە هەڵکراویی دەهێڵێتەوە، بەڵام ژووری هەناسەدانی سیاسی دەکڕێت، ئیتر عێراقیش تۆزێک دەتوانێت بە سەربەخۆیی بجووڵێتەوە.
لەوەش گرنگتر ئەم ڕاگەیاندنە بۆ ڕاگرتنی یەکجارەکی هاوردەکردنی گازو کارەبا لە ئێرانەوە، لەگەڵ گۆڕانکارییەکی ستراتیژی زۆر گەورەتردا دەگونجێت. پڕۆژەکانی وزە کە ڕۆژئاوا پشتگیریان دەکات، دواجار لە سەر کاغەزەوە دەچنە ئاستی بەرهەمهێنان. ئێستا گەشەپێدانی پێنج کێڵگەی بی پی-bp لە کەرکووک چالاکە، لەگەڵ جەختکردنەوەیەکی زۆر لەسەر گرتنی غازی هاوەڵ- Associated Gas کە ئەگەرنا وەکو پێشوو دەسووتێنرێت. پڕۆژەی غازی یەکگرتووی کۆمپانیای تۆتال ئینێرجی کە چەند ملیار دۆلاری تێدەچێت لە باشووری عێراق بە شێوەیەک دیزاینکراوە کە ڕاستەوخۆ پاڵپشتی وێستگەکانی کارەبا بکات، ئەمەش ئێران بە تەواوی لە دۆخەکە دادەبڕێت.
دواجار، هیچ کام لەمانە بەو مانایە نییە کە عێراق کێشەی دەسەڵاتی خۆی چارەسەر کردووە. هێشتا خواست لە هاویندا توانای دامەزراوەکانی عێراق لە وڵاتەکەدا بچووکتر دەکاتەوە و گرتنی غازیش بۆ ئەوەی بەو شێوە بێ مانایەی دەیەکانی پێشوو نەسووتێت کاتێکی دەوێت. هێشتا بەغدا دەیەوێت ئەو پەیامە گونجاوە بنێرێت، بۆ واشنتۆن، بۆ تاران و بۆ وەبەرهێنەران، کە غازی ئێران چیتر پایەی سیستەمی وزەی وڵاتەکەی نییە. بەڵام تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەکە هێشتا لە پێشە.
سەرەڕای فشارە ناوچەیی و عێراقییەکان، سەرەڕای نەبوونی دامەزراوەی یەکگرتوو، هەڵە ستراتیجییەکانی ڕابردوو، هێشتا هەرێمی کوردستان پێشەنگە، چەند هەفتەیەک پێشووتر توێژینەوەیەکی ئێمە بە ناونیشانی "وێناکردنەوەی ئاسایشی وزەی هەرێمی کوردستان: فرەچەشنکردن، خۆڕاگریی، داینامیکی جیۆپۆڵەتیکی" لە پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی بڵاوبۆتەوە:
https://www.mirs.co/KU/details.aspx?jimare=329