پێداویستی جیهان بۆ نەوت و گازی سرووشتی زیاد دەکات: دوای ئەوە چی!؟

بەهرۆز جەعفەر
  2026-05-25     114

دۆزینەوەی هێڵێک بۆ داڕشتنی سیاسەت لەم دیمەنە وەرچاوەی سیستمە جیهانییەکەدا کارێکی ئاسان نییە؛ چوونکە زیاد لە چەند فاکتەرێکی بێ پێشینە (پێشووتر لە مێژوودا نەبوون) ڕۆڵ دەگێڕن: دیارترینینیان سیستمە زیرەکەکان و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵ و زیرەکی دەستکردە. ئەوەی ڕوونە ئەو واقیعەیە کە توێژەران و داڕێژەرانی ناوچەیی و جیهانیی بەرە-بەرە ئیتر بەرخوردی لەگەڵ دەکەن؛ واقیعێک کە تێیدا ئەم وڵاتانە دەبێت لەنێوان دیدگا دژبەیەکەکانی دەرەوەدا، کە لەسەر بنەمای ئابووری، ئاسایش و ناسنامە داڕێژراون، رێگەی خۆیان بدۆزنەوە. ئێمە دەبینین؛ گرژییە جیۆپۆڵەتیکییەکانی ئەمدواییەو قەیرانی وزە بەتەواوەتی هەڕەشەیان بۆ سەر هەر سێ فاکتەرەکە؛ ئابوریی، ئاسایش، ناسنامەی گەلان درووستکردوە:

تۆزێک بیهێنە پێش چاوی خۆت؛ لە جیهانێکدا بژیت کە کارەباو ڕووناکی تیا نییە، جووڵەی ئۆتۆمبیل نییە، جووڵەی کەشتی نییە، فڕۆکەو هەلیکۆپتەر نافڕێت، کارگەکان لەکارکردن بوەستن، گەرمکەرەوە و فێنکەرەوە نییە؛ ئەوەی وا دەکات هەموو ئەوانە هەبن و، جووڵە درووست ببێت ئەوە پێی دەوترێ "وزە". لە چوارچێوەی وزە دا ئامارەکان نیشانی دەدەن تا دێت پێداویستی جیهان بۆ فیوسیل فیوڵەکان (سووتەمەنی بەردینی) واتە نەوت و گازی سرووشتی زیادو-زیاتر دەکات:

ئەگەرچی پێشووتر باس نەدەکرا، بەڵام جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران ئەو دەمامکەی بە تەواوی لابرد؛ کە سەرەڕای پێشکەوتنە تەکنەلۆژیی و داهێنانە زۆرەکان لەجیهاندا، هێشتا تا دێت پێداویستییەکانی مرۆڤایەتی بە نەوت و گاز زیاد دەکات (جگە لەوەی هێشتا خەڵوزیش بە ڕێژەی ١٠٪ پشتی پێدەبەسترێت وەک بەشێک لە سووتەمەنییە بەردینییەکان):

ساڵی (١٩٨٠) تێکڕای بەکارهێنانی ڕۆژانەی نەوت لە جیهاندا ٦٣ ملیۆن بەرمیل بوە. لە (٢٠١٠) جیهان ڕۆژانە (٨٦.٤) ملیۆن بەرمیل نەوتی بەکارهێناوە. لە (٢٠٢٥) دا تێکڕای بەکارهێنانی ڕۆژانەی جیهان (١٠٥) ملیۆن بەرمیل بوە. ئۆپیک و زۆر دامەزراوەی دی پێشبینی دەکەن ئەم پێداویستییە لە (٢٠٤٠) دا بگاتە (١١٤) ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. ئەمە لەکاتێکدا یەکێتی ئەوروپا ڕێساو پلانی نوێی بڵاوکردۆتەوە کە لە ساڵی (٢٠٤٠) دا بگاتە ئاستی سفر لە بەکارهێنانی کاربۆن و بێلایەنی لە پرسە ژینگەییەکاندا !؟ لە کاتێکدا لە نێوان ١٩٨٠ – ٢٠٢٥ دا بەڕێژەی ٦٠٪ پێداویستی جیهان بۆ نەوت زیادیکردوە.

بۆ گازی سرووشتی پێداویستییەکە زیاتر بوە: لە ساڵی (١٩٨٠) جیهان (٥٣) تریلیۆن پێ سێجا-tcf ی بەکارهێناوە. لە (٢٠١٠) ەدا ئەم ئاستی پێداویستییەکە هەڵکشاوە بۆ (١١٣) تریلیۆن پێ سێجا. لە (٢٠٢٥) دا جیهان (١٥٠) سەتو پەنجا تریلیۆن پێ سێجا گازی بەکارهێناوە.

دە وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەوت بەرهەم دەهێنن، هەشت وڵات خاوەنی گازی سرووشتین. کاتێک مرۆڤایەتی دەرگیر دەبێت لەگەڵ گۆڕانکاریی لە سیستەمە جیهانییەکە و هەڵگیرسانی جەنگ لە کەنداودا، بێگومان پیشەسازییەکانی جیهان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاریی زۆر گەورە دەبنەوە. وڵاتێکی وەکو یابان ٩٥٪ ی ئەو نەوتەی هاوردەی دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوەیە، چین ٤٠٪ بۆ ٥٠٪ ی نەوتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاوردە دەکات، بەهەمان شێوە وڵاتانی ئەوروپا بەڕێژەی بەرچاو پشت بە نەوت و گازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستن.

ئەوەی پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەبێت، تەنها بوونی خەمێکی نیشتیمانییە کە ئاوێتە بێت بە زانست و پێشکەوتنی سەردەم (ڕێک لە قووڵایی سەردەمەکە تێ بگات). کە ئەو نیەتە (Mindset) هەبوو واتە تێگەیشتنیك هەبوو کە ئێمە دەبێت وەکو هەموو وڵاتێکی جیهان، وەکو کۆمپانیاو تەنانەت ڕێکخراوە جیهانییەکان بە خۆماندا بچینەوە؛ ئیتر قۆناخەکانی دوای ئەوە دەست پێدەکەن، بۆ نموونە؛ هەمەچەشنکردنی ئابورییەکان و سەرچاوەکانی وزە؛ وەکو ئەوەی لەمدواییە کەنداوی عەرەبی دەستیان دابویە؛ بە پارەی نەوت و داهاتەکەی ئابورییەکانیان فرە-چەشن دەکرد بۆ ئەوەی ئایندە مسۆگەر بکەن، چوونکە سیاسەت چەند بەڕێوەبردنی ئێستایە، زۆر زیاتر زامنکردن و درووستکردنی ئایندەیە. ئنجا هەروەک ئەوەی زۆرێکی دیکە کردیان؛ بە کاڵای هەرزانی چینی ژێرخانەکانی خۆیان بونیادنا؛ ئاسایشی نیشتیمانیی و دیبلۆماسییەتی خۆیان لە قاڵبدایەوە.

ئەگەر بڕیار درا، لەگەڵ ئەم پەرەسەندنە جیهانییەو، ئەو داتایانەی بواری نەوت و گازدا خرانە ڕوو؛ ئێمەش هاوتا- ڕێگە ببڕین، ئەوە شتەکان ئەوەندە مەحاڵ نابن.

تێبینی/ ئەو داتایانەو بەشی زۆری وتارەکە لە دوایین لێکۆڵینەوەی خۆمەوە هاتوە بەناونیشانی: "ئۆپیک و جیۆپۆڵەتیکی پارچە-پارچە بوون: داهاتووی حوکمڕانی نەوت" کە بە کوردی و عەرەبی لە ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی بڵاوبۆتەوە.


 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سه‌عدی پیره‌: مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی داوای له‌ كاك بافڵ كرد به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی لایه‌نه‌كان بكات
ئەکسیۆس: ئەمریکا پلانی هێرشێکی گەورەیان بۆسەر ئێران ئامادە کردووە
لە بەنزینخانەکانی هەولێر بە کارتی (کۆبۆن) کۆتایی بە نۆرەگرتن دەهێنرێت
"زه‌یدی داوای كردوه‌ ئێران هێرش نه‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌شتیانه‌ی نه‌وتی عێراق ده‌گوازنه‌وه، وه‌ڵامی رونی وه‌رنه‌گرتوه‌‌"
پەرلەمانتارێکی پارتی بۆ ئاوێنە: ئەگەر یەکێتی‌و نەوەی نوێ توانییان دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن پیرۆزباییان لێدەکەین
پەرلەمانتارێک: تێچوی لیترێک بەنزین ناگاتە ١٥٠ دینار، بۆ ھەرزانی ناکەن
لە شەوی رابردوەوە ئەمریکاو ئێران ھێرشیان نەکردۆتە سەر یەکتری
وتەبێژی سوپای پاسداران: دوای پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکە ٢٠٠ ئەمریکی کوژراون
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ
زێلێنسکی: هێزەکانمان کەشتییەکی روسیایان تێکشکاند کە باری ئێرانی هەڵگرتبوو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×