کفتە و کوردایەتی!

بەهرۆز جەعفەر
  2026-06-06     177

جارانی زوو، ماڵێک "بووک" دەگوێزنەوە؛ لە ڕۆژی "شایی" بووکە خان دەهێن بۆ بندارێ و، بە جێی دەهێڵن، خەڵکی و خزمان هەر هەموو دەپەڕنەوە ئەوبەر چۆم و ئاوەکە دەست بە کفتە خواردنێ دەکەن، لەو سەردەمە کفتە هەر زۆر خۆش و دەگمەن بوە، ئیتر ئاگایان لە بووکەخان نامێنێ، بووکی تەنهاو برسی! کە ئێوارە تاریک- دادێ، ئەوجا وە بیریان دێتەوە و هێواش- هێواش دێنەوە لای!

- بووکەخان ئامادەی بۆ ژووری زاوا!؟

- ئەویش لەباشترین وەڵامدا دەڵێت؛ کێ کفتەی خواردووە با ئەو بچێ بۆ ژووری زاوا !

ئەو ڕۆژانە، زۆر باسی ئایندەی هەرێمی کوردستان و حوکمڕانییەکەی دەکرێت، زۆر باسی خوێن و ڕەنجەوەریی سەدان ساڵە دەکرێت تا ئەم هەرێمەمان لە گۆشەیەکدا و لە سەرەپێچێکی مێژوودا وە-دەستکەوت.

بەڵام؛ بەڵامەکە زۆر گەورەیە ها؛ ئەمڕۆکە بەشێکی زۆری خەڵک لە هەموو ئاستەکاندا چ خەم و باکی نییە ئەو هەرێمە دەمێنێت یان نا!؟ واتە کەم کەس بۆی کێشەیە کە ئەم هەرێمە دەمێنێت یان نا؛ خەڵک دەڵێت تا چاو بڕ بکات خۆمان و باوک و باپیرمان ڕەنجیان کێشا؛ ئەمە ئەنجامەکەیەتی!؟

پێشووتر و چەند ساڵە، باسی پرۆژەکانی ناوچەییەکە (پرۆژەی ئێرانی، تورکی، ئیسرائیلی) مان کردوە؛ بەتایبەتی پرۆژەی تورکی ئنجا ئێرانی زۆریان مەبەستە کورد لە پرسی وزەو پرسە جیهانییەکان دوور بخەنەوەو، نەهڵێن سەنگ و دەنگی لە ئەمریکاو ئەوروپا هەبێت.

ئەو نموونەیەی سەرەوەم بۆ دەزگایەکی میدیایی هێنایەوە، کە پەیوەندییان کرد، گوایە پانێڵێک ساز دەکەن سەبارەت بە ئایندەی پرۆسە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان؟

من لەو هەرێمەدا، یەک فلتەری جگەرە ئیمتیازم نەبوەو نییە، فەرمانبەریش نییم، لە ناو لادێکەمەوە، لەناو شوێنی لەدایکبوونەکەمەوە کارەبای سێ بەشی کوردستان بەرهەم دێت، کۆندێنسەیت و غازی شلی ماڵان بەرهەم دێت. سەت ساڵی ڕێک لە کوردایەتی و ڕەنجەوەرییدا تا ناقڕە خەباتمان کرد، سی و دوو ساڵ خوێندوومە و بە هەقی خۆم ماستەرو دکتۆرام خوێندوە، ١١ یانزە ساڵە ناوەندێکی توێژینەوەم داناوە بە سێ زمان سەدان لێکوڵینەوەمان بڵاوکردۆتەوە، سەدان جار حوکمڕانییە کوردییەکە بەس درۆی لەگەڵ کردووم، دەیان بەس کێشەیان بۆ درووستکردووم. سەیری بکە؛ کچە مۆدێلێک لەسەر شەقام ئاکتێک دەکات پەنجا کەس بە تەلەفۆن پیرۆزبایی لێدەکات، کەچی من لە سەروو سەت دەوڵەتدا باشترین کتێبم لە باشترین بڵاوکەرەوە زانستییەکانی ئەم گەردوونە بڵاودەکرێتەوە؛ نافەرموون پیرۆزە! ئنجا لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، سەد بەڵگەم هەر لەو ئەکاونتی فەیسبوکەدا هەیە؛ کە هەندێکجار بە قەت وەزارەتێک و زیاتر بەرگریمان لەو هەرێمی کوردستانە کردوە! من کاتێک دەڵێم؛ ڕۆڵم هەبوە لەوەی کەرتی وزەی کوردستان بە نەخشەی وزەی جیهانیی بناسێنم زیاتر لە دە بەڵگەم هەیە.

هەی لەو حوکمڕانییە! دەستووری نییە، پەرلەمانی نییە، یاسای بودجەی نییە، سووپای یەکگرتوی نییە، ئنجا سەدان درۆش لەگەڵ من بکات؛ کە ١٩ ساڵە لە میدیا قسە دەکەم و تەواوی قیادەو پیادە دەناسم، چۆن درۆ لەگەڵ میللەت و ئامانجە باڵاکانی ناکات!؟

ئینجا لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە؛ غرور و لووتبەرزییەکی بێمنانا؛ وا دەزانێت ژێر زەوی و سەر-زەوی ئەم کوردستانە هی ئەوەو تۆ دەبێت بە "مەمنوون"ییەوە بەسەریدا بڕۆی!؟ نەخێر هی تۆ نییەو، هی ئێمەیە ئێوە دەیبەن و ناپاکیشی پێوە دەکەن! نەخێر تۆ نە بە قەت ئێمە قوربانیت داوە، نە وەک ئێمەش ئاگات لە دونیایە!

لەبەرئەوە، ئەو میدیایەی دەیەوێ من بەکاربهێنێت بۆ شتێک کە "نادادی" یەکی گەورەی بەرهەم هێناوە، با کفتەخۆرەکان ببات قسەیان بۆ بکات. هەر هەبوونی ئەو کەناڵە تازانە کە خۆی بەرهەمی پڕوپووچی و قووڵایی نادادییەکەیە، گوتارێکیان نییە لە گوتاری میدیایی بچێت و تەریب بە نیشتیمانسازیی ڕێ بکات؛ هەر خەریکی قارەمان درووستکردنن و بێژەرە-ساختەچییەکانیان دەکەن بە پاڵەوان؛ وەک ئەوەی ئەوان زیرەکی دەستکردو ناوکی ئەتۆمی و چارەسەری شێرپەنجەیان داهێناوە، ئەوان کەرکوکیان خستۆتەوە سەرکوردستان؟! بەس لەم هەرێمی کوردستانە کەناڵەکان ئیشیان نییەو خەریکن مافیای میدیایی و پاڵەوانی درۆینە لە پێش چاوی خەڵک درووست دەکەن.

ئەم نووسینە دەرئەنجامی هەڵچوونێکی کاتیی نییە؛ بەپێچەوانەوە خەمێکی کوردانەیە، ئیتر کوردبوون واتلێدەکات تۆ تەنانەت مرۆڤە بەتاڵ و پاتاڵەکانی خۆشمان هەژماربکەیت.! ناوەڵا ئەمە هەڵچوونێک نییە، دە-نا بەپێی ئەو فۆڕمانەی بۆمهاتوون، دە رۆژی دیکە وەکو شرۆڤەکارێک لە "ئەکادیمیای ئەنوەر گەرگاش بۆ دبلۆماسیی"وەک یەکێک لە خانە کاریگەرو پێشەنگەکانی کەنداوی عەرەبی قبووڵ دەکرێم و، تێگەیشتنەکانم لەوێ بڵاودەکەمەوە.

ئەو خەمەی سەرەوە، بەشێوەیەکی زۆر ئاسایی زەنگێک لێ دەدات کە ئێوە ئەگەر شتێکن بەهۆی هەرێمی کوردستانەوە هەن، کە ئێمە خوێنمان بۆی ڕشتوەو، سەرچاوەی ئابوریی و سەرچاوەی پێشکەشکردنی تێگەیشتنە زانستییەکان بووین تیایدا، ئێوە بەهۆی کاریزمایی جەنابی بارزانی و تاڵەبانییەوە دۆخێکتان بۆ ڕەخساوە کە لە بەرپرسی حیزب و پەرلەمانتارەوە بگرە تا دەگاتە سکرتێری-سکرتێری- سکرتێرەکانتەوە چوونەتە هەواو فەزای خۆتانەوە. هەرە دەبەنگترین مرۆڤەکانیان وا دەزانێت عالەم مەجبووری ئەوە! ئەوجا پێش ئەوەی تەواو تاریک ببێت، لە قووڵایی ئەم ڕاستییانە بگەن. کاریزما ڕۆڵی خۆی هەیە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، مادام هێشتا جەنابی سەرۆک بارزانی لە گۆڕەپانەکەدایە ڕەنگە ئاسان بێت تا ڕادەیەکی زۆر ئەم کێشانە کۆنترۆڵ بکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سه‌عدی پیره‌: مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی داوای له‌ كاك بافڵ كرد به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی لایه‌نه‌كان بكات
ئەکسیۆس: ئەمریکا پلانی هێرشێکی گەورەیان بۆسەر ئێران ئامادە کردووە
لە بەنزینخانەکانی هەولێر بە کارتی (کۆبۆن) کۆتایی بە نۆرەگرتن دەهێنرێت
"زه‌یدی داوای كردوه‌ ئێران هێرش نه‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌شتیانه‌ی نه‌وتی عێراق ده‌گوازنه‌وه، وه‌ڵامی رونی وه‌رنه‌گرتوه‌‌"
پەرلەمانتارێکی پارتی بۆ ئاوێنە: ئەگەر یەکێتی‌و نەوەی نوێ توانییان دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن پیرۆزباییان لێدەکەین
پەرلەمانتارێک: تێچوی لیترێک بەنزین ناگاتە ١٥٠ دینار، بۆ ھەرزانی ناکەن
لە شەوی رابردوەوە ئەمریکاو ئێران ھێرشیان نەکردۆتە سەر یەکتری
وتەبێژی سوپای پاسداران: دوای پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکە ٢٠٠ ئەمریکی کوژراون
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ
زێلێنسکی: هێزەکانمان کەشتییەکی روسیایان تێکشکاند کە باری ئێرانی هەڵگرتبوو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×