لەماوەی بیست ڕۆژدا؛ لە تەموزی ٢٠٢٦ هەموو ئەمانەی خوارەوەوە دەڵێن، با بگەینە دەریای سپی ناوەڕاست- Mediterranean (ئێمە ناومان ناوە مێدیتریانە، فارس پێی دەڵێن مێدیترانە):
- یەکەمجار تۆم باراک وتی، تاکە ڕێگە چارە ئەوەیە عێراق نەوتەکەی بباتە دەریای سپی.
- سوریا هەر خۆی دەکەوێتە سەر دەریای سپی (کۆتا وڵاتە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی).
- قەتەر لە ٢٠٢٥ ەوە لەگەڵ قوبرس بۆ پرسی وزە ڕێککەوتوە کە پێکەوە کار بکەن (قوبرسی یۆنانی ئەندامە لە لووتکەی گازیی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی-EMGF) و لە ٢٠١٠ ەوە پرۆسەی دۆزینەوەکانی گازی لەکەناراوە ئاوییەکانی خۆی لە مێدیتریانە دەستپێکردوە.
- ئیسرائیل هەر خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی هەڵکەوتوەو، لە وڵاتێکی هاوردەکاری گازەوە ئێستا ئەو گازی خۆی دۆزیوەتەوەو، بوەتە هەناردەکاری گاز بۆ میسر و ئوردون و خەونیشی ئەوەیە گاز بە ئەوروپا بفرۆشێت!
- لوبنان، خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپییەو، ئەندامیشە لە EMGF و ئەمڕۆکە ٢٥ی تەمموزی ٢٠٢٦ نەواف سەلام سەرۆکوەزیرانی لوبنان وتی دەچمە عێراق و سەردانیان دەکەم، ڕاکێشانی لوولەیەکی نەوت بۆ مێدیتریانە لە پێشینەی کارەکانمدایە.
- ئەمریکا دەڵێت وەرن بۆ مێدیتریانە.
- یەکێتی ئەوروپا چەندین ڕاگەیەندراوی هەیە کە چاوی لەوەیە مێدیتریانە بکاتە سەرچاوەی پێداویستییەکانی خۆی بۆ دابینکردنی نەوت و گاز لەوێوە.
- وەزیری نەوتی عێراق "باسم محەمەد" بە نیزیکەیی هەموو ڕۆژێل لەم دوو مانگەی حوزەیران و تەمموزی ٢٠٢٦ دا وتویەتی و دەڵێت دەبێت بگەینە مێدیتریانە، چار نییە دەبێت هێڵی نەوتیی نێوان عێراق و سوریا نۆزەن بکرینەوەو بگەینە بانیاس لە سەر مێدیتریانە.
- ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی؛ بەرەو چوار ساڵە بەفەرمی لەڕێگەی کۆمپانیاکانییەوە " موبادەلە پیترۆلیۆم" لە کێڵگەکانی ئیسرائیل کاردەکات.
دیارە دەریای سپی ناوەڕاست "مێدیتریانە"، حەوزەیەکە قەت لە مەسەلەی نەوت و گاز و هێڵێک و بۆڕییەک و دوان و سیاندا کورت ناکرێتەوە. تەنانەت لەو خواری-خوارەوە هیندستان بە مل سوڵتانییەتی عومانداو بەناو کەنداودا بە هێڵێک خەریکە دەگاتە مێدیتریانە.
من ئەمڕۆکە، یانزە ساڵی ڕێکە (١١) ساڵی ڕێکە بە گەواهی سەدان هەزار بگرە ملیۆنەها کورد باسی مێدیتریانە دەکەم، هەر لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ ەوە مۆڵەتی یاساییم بۆ " ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی" وەرگرتوە، لە بەغداش مۆڵەتمان هەیە! لایەنی کەم دە ساڵە لەگەڵ ناوەندی بڕیاری کوردیی دەیڕێسم؛ زۆربەیان درۆ-یان لەگەڵ کردووین، زۆربەیان هەر تێناگەن و درۆش دەکەن، هەر ئەم حوکمڕانییە کوردییە سەت جار پێیان وتوین؛ ئەوە بەڕاستە باسی ناوەندی توێژینەوە و میدیتریانە و شتی وا دەکەی، کورە کورد کوا لەو شتانە تێدەگات؟ کوا ئێمە یەکێکمان دەوێ بیر بکاتەوە!
- ئێ ناتانەوێ چاوتان دەر دەهات، خۆ من نەهاتووم داوای غووڵامکاریی بۆ ئێوە بکەم؛ باسی ستراتیجێک بۆ ئاسایشی نیشتیمانیی، ئاسایشی وزە، جیۆپۆڵەتیکی وزە م کردوە.
ئاخەر.. ڕەنگە سەروو پەنجا پرۆپۆزەڵ و سەت سیمنار و پەنجا نووسراو م ئاڕاستەی ئەو حوکمڕانیە- کوردییەی لەمەڕ خۆمان کردبێت؛ وەڵامەکەیان تەنها لووتبەرزیی و درۆکردن و خۆ-بوغزاندن بوە؛ ئەگەر کورد بوون و پاراستن و بەرزرآگرتنی کوردستان نەبێت هەزار شەق- و - شاپ بۆ هەندێک تازە-پیاکەوتووی کاسە بەتاڵ فەرزی عەینێکە لۆ خۆی!
سەیری بکە؛ ئێمە بە بێ هیچ پالپشتییەکی دارایی (هەر هیچ) پارتنەرشیپمان لەگەڵ ١٤ سەنتەری گەورەی سنوری مێدیتریانەو عێراقیش هەیە، (١٦٧ ) لێکۆڵینەوەمان لەو وێب سایتی فەرمی دامەزراوەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی (www.mirs.co) بە سێ زمان بڵاوکردوەتەوە، هەروەها (٢٠٩) ڕاپۆرتی پۆڵەسی، سەدان بابەتی شیکاریی دیکە، دوو کۆنفڕانس، شانزە بەشداریی جیهانیی، دوو کتێب بە ئینگلیزیی کە لە سەروو ١٤٠ دەوڵەت و سەدان دامەزراوەی جیهانی بەردەستن، زۆری دیکەش، وە زۆری دیکەشمان بە ڕێگاوەیە و دەیکەین. ئەمە بێجگەلەوەی لە سەدان چاوپێکەوتن و دیداری تەلەفزیۆنی بە کوردیی ڕستوومانە و چنیومانە؛ ئێستاش کەسێک لەو حوکمڕانییە هەر نەیوت؛ دەستخۆش! ئەوە ئاسانە تێی بگەیت کە ئەوانە چی و کێیان دەوێت، ئاسانە بزانیت درۆ دەکەن، بەڵام لەو غروور ی و "لووتبەرز"ییەی تەنانەت بچووکەکانیشیان تێ ناگەم!؟ وا دەزانێت من هاتووم سواڵ لە ئێوە بکەم؛ ئەوە ئێوەن سامانی گازو کۆندێسەیت لە ناو لادێکەی من لە سنوری کۆرمۆرەوە دەبەن، لە جێگەی لەدایکبونەکەم چەمچەمال خەڵک تینوو دەکەن و دەستیش بە وەبەرهێنانی چوار بیری نوێ دەکەن! شۆرشەکەو قوربانیو پێشمەرگەیاتییەکەش کە باسی دەکەن باب و باپیری من کردوویەتی، ئێستا لەشفرۆش و جاسووس و بەکرێگیراو و دز و لووتبەرزیی تیایدا ئازادە، ئێمەش لەبەرئەوەی دیدگامان بۆ خەڵک و خاکەکەی هەیە لەو کوردستانە پێمان دەڵێن؛ ئاگات لە خۆت بێت!
ئێستا کورد لە هەرێمی کوردستان بەرەو ئەوە دەڕوات بە یەکجاریی لە پرسی نەوت و گازی سرووشتی بکرێتە دەرەوە و دووری بخەنەوە لە ئاستی ناوچەییدا. پرسی مووچە لە دەست کورد نیەو بەدەستی بەغدایە، نەوت و گاز و بەنزین و کبریت و...تادوایی لای حکومەتی فیدراڵی بەغدایە [ئەگەرچی بەغداش لەبەردەم خنکانێکی ئابوریی دایە بەهۆی تێنەگەیشتن و نە-ڕۆیشتن بۆ مێدیتریانە لەماوەکانی پێشوودا ]. هێشتا زۆربەی شتەکان بە ناوچەگەرێتی و قینی مێژوویی- بێمانا دەپێورێت لە هەرێمی کوردستان. بەرانبەر عەرەب و عەجەم زۆر لێبوردەین، بەڵام بۆ گیانی یەکتر و لەناوخۆدا هەموو یەکێک-ئەویتری پێ مەترسییە لەسەر خۆی! جا بۆیە لەم وەرچەرخانە جیۆپۆڵەتیکییەدا ئەگەر کورد باش یاری نەکات و وەکو جاران لێخوڕێت؛ ئەوا شکستەکەی حەتمییە.
ئاای هاوارمان کرد، ئاای سەدان و هەزاران کیلۆمەترمان بڕی، ئاای پڕۆپۆزەڵیان پێ نووسین، هەر هەمووی وەڵامەکەی "درۆ" بوو؛ دەیانگوت بزانین جەلالیە یان مەلایی هاهاها ! هێشتا هەر لە ژێر چاودێریدام..هاها؛ ئەمە چوونکە ناوەندی توێژینەوەم داناوە! ..بەهەرحاڵ من واز ناهێنم، بەس ئێوەش واز مەهێنن!