شەیدابوون بە شەھادەت وەک سیاسەت

ئەحمەدی مەلا
  2024-10-18   

حەسەن نەسرەڵا و یەحیا سینوار دوو سەرکردەی ئیسلامی سیاسیی، پێش ئەوەی بکوژرێن، زۆر بە شەوقەوە باسی شەھیدبوونی خۆیانیان دەکرد، تەنانەت وەک دوا ئامانج تێیدەڕوانن. ئەمە خەونێکی شەرعییە، بەڵام خەونی تاکە کەسێکە لە بارگاوییە بە ھەژموونی دەروونی و بڕواوە.
ئەم تێڕوانینە ختووکەی ئیماندارێکی زۆر دەدات، بە ئەندازەیەک کە شکست و سەرکەوتنی لە لا دەبێ بەیەک. ئامانجی تاقەکەس و پرۆسەی سیاسیی دەبن بە یەک، ھەموو وێرانییەک و کاولبوونێکی لە پێشچاو دەسڕدرێتەوە و ھەیکەلی شەھادەت ھەموو دیمەنەکە دەشارێتەوە. لێرەوە سیاسەت دەبێ بە سەربوردەی تاکەکەس، دەبێ بە مێژووی پاڵەوانێتی، دەخرێتە سەر لیستی کەڵەپیاوانی خودا.
کەچی پرۆسەی سیاسیی، لە ناو رێڕەوەیی مێژوودا بەرجەستەدەبێ، ئامانجە ھەرە لەبەرچاوەکانی ئەوەیە کە جەماوەر/کۆمەڵگە/میللەت بخاتە سەر شانۆ، ئایندەی بۆ فەراھەم بکات، خۆشگوزەرانیی بۆ مەیسەر بکات، ئامادەی بکات بۆ ئەوەی بیکات بە بکەری کۆمەڵایەتی و چالاک.
٧ ئۆکتۆبەر بە موغامەرەی پیاوێک دەکات کە دەیویست تۆڵەی خۆی لە ئیسرائیلییەکان بکاتەوە، کاتێکیش یەحیا سینوار، دوای بیست و چوار ساڵ لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد کرا، گوتی لەم زیندانەوە و دەچمە زیندانێکی دیکە، مەبەستی کەرتی غەزە بوو، دوای کشانەوەی ھێزی سەربازیی ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٠٥، کەرتی غەزە دەبێتە گەورەترین زیندانی سەر رووی زەمین، زیندانییەکی کراوە بە رووی ئاسمانا، کەچی ئابڵوقەدراو لە ھەموو لایەکەوە.
فەڵەستینییەکان مافی خۆیانە لە پێناو بەدەستھێنانی ئامانجەکانیان دژایەتی ئیسرائیل بکەن و پەرە بە خەباتی خۆیان بدەن، ھەوڵ و خەبات بۆ دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە بکەن کە شەرعییەتی نێونەتەویی پاڵپشتیی دەکات، بەڵام، ئایا چوونە نێو بەرەی مقاوەمە کە ئێران رابەرایەتی دەکات چۆن لە ناو ئەم ھاوکێشەیە جێگەی دەبێتەوە کە بە ئاشکرا، ئێران، کۆی ئەم ھێزە بە ناو بەرگرییانە وەکو پەرژین بەکاردەھێنێ و تاکو پەرە بە بەرژەوەندییەکانی خۆی بدات و پڕۆژە باڵاکانی خۆی پێ بەدەستبھێنێت؟ لە ھەمان کاتیشدا، ئێران بە ئاشکرا، بە لایەن کەم لە رێگەی گوتاری سیاسییەوە، ھەوڵ بۆ سڕینەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل دەدات.
سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەخشە، نە بە بەرەی موقاوەمە دەکرێ، نە بە خودی ئێران، ئەم حەکایەتە تەنھا ئاوی جۆشوخرۆشێکی ئاینیی دەدات کە رەگوڕیشەیەکی مێژوویی، لە دوا پێناسەشدا دەروونیی ھەیە کە ھەندەی گوزارشت لە شکستی دنیای ئێمە دەکات، ھەندە گوزارەیەک نییە تاکو ببێتە نەخشەرێگەیەک بۆ ئایندە. ئەم گوتارە بە ناو سیاسییە تەنھا لە خزمەتی چەند کەسانێک، چەند حیزبێک کە لە فەزای رژێمی ئێراندا دەخولێنەوە، ئەستێرەن بە دەوری خۆرێکی تاریکدا دەسوڕێنەوە. ھاندانی حەشامات لە رێگەی ئەم گوتارەوە کاری زۆر ناوێ، بەڵام، ھەمیشە دەبێتە ماڵوێرانی نەوەیەک و کارساتی مرۆیی راستەقینە لە دوای خۆی جێدەھێڵێت.
ئەم گوتارە لە بەرگی چەواشەکارییەکی نوێدا لە ھەرێم سەرلەنوێ بەرھەمدەھێنرێتەوە...
لە سیاسەتدا، شەھادەت ئامانج نییە، گەیشتن بە خودا کۆتا ھەنگاوی چالاکیی نییە، بەڵکو دەبێ ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین : شەھید چی لە دوای خۆت جێدەھێڵێت؟ لە ئەقڵی دینییدا، نموونەی یەحیا سینوار و حەسەن نەسرەڵا، ئەوان گەیشتن بە ئامانجە باڵا و بێگەردەکانیان، ئەویش شەھادەتە، بەڵام لە دوای خۆیان چ وێرانەیەکیان جێھێشت ؛ کەرتی غەزە بە تەواویی وێرانەیە، تروسکاییەک نییە بۆ ھەڵسانەوە، باشووری لوبنان لە سەرەتای کاولبوونە... ھێنانەوەی بیرۆکەی دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستینیی بۆ سەر مێزی دانووساندنیش لەھەموو کاتێکی دیکە زیاتر دوورکەوتۆتەوە.
تێکەڵکردنی ھەست و شعووری ئاینیی بە پڕۆژەی سیاسیی تەنھا کاولکاریی دەنێتەوە لەم دنیا جەنجاڵەی ئێمەدا...خوێندنەوەی دنیا، کەرەسەی دیکەی دەوێ، سەرنج و تێڕوانینی دەوێ...

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دادگای تاران جارێكی دیكه‌ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ وریشه‌ مورادی ده‌ركرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×