ئەلبێرتۆ مانگوێل و بەهای کتێب.. (تاکو لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا، کتێب لەیاد نەکەین)

جەواد خەلیل
  2021-12-21   

  لەکۆندا بەشێکی بەرچاو لە فەیلەسوفان و بیرمەندان، لەو باوەڕەدا بوون کە خوێندنەوە بۆ خۆی بەختەوەری و چێژێکی مەزنە، چونکە کردارێکە توانای دڵخۆشکردنی ئینسانی هەیە. بۆ نموونە : فەیلەسوفی فەرەنسی (میشێل دی مۆنتی) کە لەساڵی (1517)ز  و لە تەمەنی (38) ساڵیدا، دەستبەرداری ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆی بوو، چووە نێۆ کتێبخانەکەیەوە و بە تەواوەتی خۆی بۆ خوێندنەوە تەرخانکرد و خۆی لە جیهان و ژیانی گشتی دابڕی؛ چونکە لە و بڕوایەدا بوو تەنها لە ڕێی کتێبەوە، مرۆڤ دەتوانێت ئاسوودەیی بەدەستبهێنێت.

ئایا بەختەوەری زانینە؟ ئایا کەسێک کە دەخوێنێتەوە بەختەوەرە؟  (ئەلبێرتۆ مانگوێل) کە بەشێکی زۆری نووسین و کتێبەکانی، بۆ بابەتی خوێندنەوە و کتێب تەرخانکردووە؛ زۆر بە ڕوونی وەڵامی ئەم دوو پرسیارەی داوەتەوە. ئەو پێی وایە زانینی زیاتر، بەختەوەری ناهێنێ بۆ مرۆڤ؛ بەڵکو تەنها لە نەهامەتی و ناخۆشی ئاگاداری دەکاتەوە. زانینی زیاتر وا لە ئینسان دەکات، لانی کەم ڕێگای خۆی ون نەکات، چەکێکی دەداتێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دڵڕەقی و نەهامەتییەکانی ژیان. (مانگوێل) هەروەها دەڵێت: کەسێک کە دەخوێنێتەوە، کەسێکە کە دەزانێت ئەو چێژەی لە کتێبەوە پێی دەبەخشرێت، لە هیچ جێیەکی تری ئەم جیهانە بەدەستنایەت، ئایا ئەمە بۆ خۆی خودی بەختەوەری نیە!

کتێبی( مێژووی خوێندنەوە) کە لە ساڵی (1996) چاپ و بڵاوکراوەتەوە، یەکێکە لە نایابترین ئەو کتێبانەی کە لە بارەی چێژی ڕاستەقینەی کتێب و بەهای خوێندنەوەوە نووسراون. مانگوێل خۆی هەرچەندە بە ڕەگەز ئەرجەنتینیە، بەڵام هەموو کتێبەکانی بە ئینگلیزی دەنووسێت، ئەو زیاتر لە شەش زمان دەزانێت و کتێبیان پێ دەخوێنێتەوە، بۆیە پێش ئەوەی وەک نووسەرێک خۆی بناسێنێ، حەزدەکا زیاتر وەکو خوێنەرێک بناسرێت. لەم کتێبەدا (مانگوێل) دەیەوێ مرۆڤ لەگەڵ کتێب ئاشت بکاتەوە و نەهێڵێ جیهانی ئالوودە بە تەکنەلۆژیا بەهای کتێب لە بیری خەڵکی بباتەوە. بۆیە بە زمانێکی سادە و بەو شێوەیەی کە هەمووان لێی تێبگەن، ئاماژە بە جوانییەکانی کتێب و خوێندنەوە دەکات. باس لە پەیوەندی نێوان خۆی و بۆرخێس و سەرەتاکانی خوێندنەوەیان و خولیای زۆریان بۆ کتێب دەکات. هەروەها ئاماژە بە بەشێک لەو فەیلەسوف و نووسەر و شاعیر و کەسایەتیە مەزنانەی مێژوو دەکات کە خوێنەرێکی قووڵ و جدی بوون و بێ کتێب هەڵیان نەکردوە، لەوانە: (ئەرستۆ، لۆفکرافت و ڕیلکە).  ئەمە جگە لە باسکردنی چەندین چیرۆک و بەسەرهاتی مێژوویی سەرنجڕاکێش، بۆ نموونە بەسەرهاتی گەورەترین دزی کتێب لە مێژوودا. بەسەرهاتی ئەو پادشا ڕۆژهەڵاتییەی کە کتێبخانەیەکی گەورەی هەبووە و زیاتر لە (117) هەزار کتێبی تێدا بووە، بە شێوازێکی زۆر سەرنجڕاکێش باس لەوە دەکات چۆن ئەم پاشایە بۆ گەشتە دوورەکانی کتێبەکانی لەگەڵ خۆی بردوون. ئەم نووسەرە مێژووی خوێندنەوە وەکو گەشتێک بە نێو هەموو سەردەمە جیاوازەکاندا، بەزمانێکی ئەدەبی و سەرنجڕاکێش دەگێڕێتەوە. حیکایەتی سەردەمانێک کە کتێب ڕۆڵی گەورە و گرنگی تیایاندا گێڕاوە، سەردەمی یەک بە یەکی شارستانیەتە مەزنەکان. مانگوێل هەموو ئەمانە لە پێناوی ئەوەدا دەکات، تاوەکو لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا خۆشەویستی بۆ کتێب زیندووبکاتەوە و بەها و شکۆی خوێندنەوە بگەڕێنێتەوە بۆ ئینسان، چونکە لەو بڕوایەدایە ئەوەی نەخوێنێتەوە، کەسێکی مردووە.  لە لای مانگوێل خوێندنەوە وەک هەناسەدان پێویستە بۆ مرۆ و دەبێت ببێتە بەشێکی گرنگیش لە ژیان.


 

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×