هەڵەی ستراتیژی هەسەدە لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییەدا

موفید محەمەد نوری
  2026-01-19     1787

  لەژێر ڕۆشنایی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی حەلەب و شەڕی گەڕەکەکانی (شێخ مەقسود و ئەشرەفییە)، ئەگەر لە ڕووی سەربازی و لۆجستییەوە سەیری دیمەنەکە بکەین، شەڕەکە لە نێوان دوو هێزی تەواو جیاواز و ناهاوتا بوو لە ڕووی قەبارەو چەکەوە. لە لایەکەوە سوپایەکی تێکەڵە لە چوار تیپی جیاوازی (٦٠، ٧٢، ٧٦ و ٨٠) کە پێکهاتبوون لە پاشماوەی سوپای حکومەتی سوریا و میلیشیا توندڕەوەکان و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، ئەم هێزە کە خاوەنی ١١٠ تانک و ٤٢ هەزار چەکدار و تۆپخانەی مەودا درێژ بوو، و لە ئاسمانیشەوە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکییەوە (بەیرەقدار) و ژووری ئۆپەراسیۆنی ئەفسەرانی تورکەوە سەرپەرشتی و ئاڕاستە دەکران.

   لە بەرامبەر ئەو سوپا پڕچەک و ژمارە زۆرەدا، کە بە پارەی قەتەرو سعودییەو دوبەی کڕاوە، هێزە کوردییەکان (شەڕڤانان و ئاسایش) لە دۆخێکی یەکجار سەختدا بوون. بەپێی زانیارییەکان، ژمارەیان تەنها نزیکەی ٣٠ شەڕڤان بووە و بە کۆی گشتی لەگەڵ خۆبەخشانی گەڕەکەکە نەگەیشتوونەتە ٣٠٠ کەس. لە ڕووی جوگرافییەوە وەک "دوورگەیەکی دابڕاو" گەمارۆدرابوون و هیچ ڕێگایەکی گەیاندنی کۆمەکیان نەبوو. ئەو چەکانەشی کە توانیویانە شەڕی پێبکەن تەنها چەکی سوک و مامناوەند بوو، لێرەدا پێویستە پرسیاریێک ئاراستەی "هێزەکانی سوریای دیموکرات" (هەسەدە) بکرێت. چۆن دەکرێت هێزێکی "ئاسایش" کە ئەرکی پاراستنی ناوخۆیە، بخرێتە بەردەم هێزێکی سەربازیی توندڕەوی خاوەن تانک و فڕۆکە؟

   یەکێک لە هەڵە ستراتیژییەکانی هەسەدە لاوازیی هەواڵگریی و نەخوێندنەوەی جوڵەی نەیارەکان بوو. دەزگا هەواڵگرییەکانی نەیانتوانیبوو خوێندنەوە بۆ جوڵەکانی 'ئەحمەد شەرع' بکەن کە ناوبراو بوە بە داردەستی هەواڵگری بەڕیتانیا و لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتیدا کاری لەسەر دەکرێت و لەلایەن دیپلۆماتکاری بەڕیتانی جۆناسان پاوڵ ـەوە سەرپەرشتیی پڕۆژەی گۆڕینی وێنەی جۆلانێ کراوە بۆ ئەوەی وەک ئەمری واقیع بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنرێت. شەش مانگ لەمەوبەریش، کاتێک جموجۆڵە نهێنییەکان و هاتوچۆی کەسایەتیی وەک 'تۆم باراک' لە نێوان تورکیا و سوریادا دەستی پێکرد، هەسەدە وەک ڕووداوێکی ئاسایی سەیری دەکرد و ئامادەکارییەکی بۆ لێکەوتەکانی نەکرد. ئەو جموجۆڵانە زەنگی مەترسی بوون، بەڵام بەهۆی لاوازیی زانیاری و نەبوونی شرۆڤەی پێشوەختە، هەسەدە نەیتوانی ئەو پلان و ستراتیژییە نێودەوڵەتی و هەرێمییانەی دوژمن ببینێت کە زۆر بە فێڵبازانە مامەڵە لەگەڵ دەکەن بە ڕادەیەک دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) دەست بۆ شکست و برینە مێژووییەکان دەبات بۆ شکاندنی ئیرادەی کورد. وەک چۆن هەوڵیاندا لە ئەشکەوتی جاسەنەدا چەک بە گەریلاکانی پەکەکە دابنێن. ئەو ئەشکەوتەی کە شاهیدی ڕۆژە سەختەکانی شێخ مەحمودی نەمر بوو، دوژمن دەیویست بە نمایشکردنی چەکدانان لەوێ، ئەو پەیامە بدات کە لەم ئەشکەوتەدا شۆڕشەکانی پێشووش گەمارۆدراون، ئێوەش مەحکومن بە هەمان چارەنووس. لە ئێستاشدا ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و ئەحمەد شەرع لە مانگی ئازاردا، کە ئەم مانگە  لە مێژووی ئێمەدا بیرهێنەرەوەی ڕێککەوتنە شومەکان و نسکۆی ١٩٧٥ـە، دوژمن دەوێت لە ڕێگەی ئەم لێکچواندنە مێژووییەوە پێمان بڵێت: هەر ڕێککەوتنێک لەم مانگەدا بکرێت، سەرەتایەکە بۆ کۆتاییهاتن و شکست، نەک سەرکەوتن، هەڵبژاردنی ئەم کاتە، بەشێکە لە جەنگێکی دەروونیی.

   بێگومان هیچ کەسێک ناتوانێت نکۆڵی لە قارەمانێتی و چاونەترسیی ئەو شەڕڤانانە بکات کە بە چەکێکی کەم و ورەیەکی بەرزەوە ڕووبەڕووی تانک و سوپایەکی زەبەلاح بوونەوە. بەڵام لە زانستی جەنگ و سیاسەتدا، خۆبەختکردن دەبێت لە پێناو ئامانجێکی ڕوون و دەستکەوتێکی ستراتیژیی گەورەدا بێت. سیاسەت تەنها حەماسەت و سۆز نییە، بەڵکو هونەری دانانی پلانی وردبینانە و خوێندنەوەی دەرەنجامەکانە. نابێت ئازایەتیی بێوێنەی شەڕڤانان ببێتە پاساو بۆ کەموکورتی لە پلاندانانی سەربازیدا، چونکە پاراستنی هێز و مانەوە بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان، هونەرێکە هیچی کەمتر نییە لە شەڕکردن تا دوا فیشەک.

   داگیرکردنی دوو گەڕەک ناتوانێ گەورەیی دۆزی کورد لە ئێستادا بەلاڕێدا بەرێت، بەڵام لەدەستدانی سەرکردە و فەرماندەی بە ئەزموونی وەک زیاد حەلەب و هاوڕێکانی زیانێکی گەورەیە کە جێگەیان بە ئاسانی پڕ نابێتەوە. بینینی مەراسیمی بەخاکسپاردن و ماڵئاوایی لە ڕۆحی پاکی گیانبەختکردوان ئازاربەخشە و پێویستە وانەی لێوەربگیرێت، لێرەدا دەبێت لە دەرەوەی سۆز و بە هاوکێشەی قازانج و زەرەر سەیری دۆخەکە بکەین. ئایا مانەوە و شەڕکردن تا دوا فیشەک لە دۆخێکی گەمارۆدراوی بێ دەرچەدا تا چەند ئەقڵانییە؟ لە کاتێکدا کە دوو گەڕەکەکە وەک "دوورگەیەکی دابڕاو" گەمارۆدرابوو و ڕێگاکانی وەک "کاستێلۆ" لەژێر دەستی دوژمندا بوون، کە ناردنی هێز ئەستەم بوو، بۆچی هەسەدە بڕیاری "پاشەکشەی تاکتیکی"یان نەدا؟ کاتێک ئەگەری گەیشتنی کۆمەک نییە و هێزی بەرامبەر چەندین هێندە گەورەترە، پاشەکشەکردن بۆ پاراستنی گیانی شەڕڤانان و سەرکردەکان بڕیارێکی ژیرانەیە، ڕاستە هەموومان بە جۆش و خرۆشین بۆ بەرگریی، بەڵام خوێندنەوەی ورد بۆ هاوکێشەکان و بۆ هێزی بەرامبەر مەرجی سەرەکی سەرکەوتنە. دووبارەبوونەوەی سیناریۆی کوشتن و بەهەدەردانی ڕۆحی ڕۆڵەی کورد، لە پێناو دەستکەوتێکی زۆر کەم جێگەی نیگەرانییە.

    ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی خەباتی باشووری کوردستان بدەینەوە، دەبینین چۆن بە هەمان شێوە لەدەستدانی سەرکردەیەکی بلیمەتی وەک "شاسوار جەلال" (شەهید ئارام)، ئەندازیاری شۆڕش "سەڵاحی موهەندیس" و فەرماندەی چاونەترس "حەمە ئەمین پۆڵا" و دەیانی تر کەلێنێکی گەورەی دروستکرد کە  پڕ نابێتەوە. ئەگەر ئەو سەرکردە پاک و بە ئەمەکانە بمانایە، بۆ ئەمڕۆی کوردستان دەستکەوتێکی مەزن دەبوو، چونکە ئەوان خاوەن دیدگا و پرەنسیپ بوون و بوونیان دەبووە مایەی گۆڕانکاریی، ڕۆیشتنیان گورزێک بوو کە قەرەبوو نەکرایەوە. کەواتە دەبێت تێبگەین کە فەرماندەی بلیمەت و سەرکردەی خاوەن ئەزموون سامانی نەتەوەیین، دروستبوونیان دەیان ساڵ ئەزموون و ماندووبوونی دەوێت، بەڵام بە بڕیارێکی خێرا و هەڵە لە چرکەساتێکدا لەدەست دەچن، پاراستنی ژیانیان ئەرکێکی ستراتیژییە. خوێنی ئەوان زۆر لەوە بەنرخترە لە هاوکێشەیەکی سەربازیی نابەرامبەر بەهەدەر بدرێت. بۆیە پێویستە هەسەدە وەڵامی دادگای گەل و ڕای گشتی بداتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×