ئەو گوتارە توند و هەڕەشەئامێزەی سەرۆکی ئەمریکا کە لە دووشەممەی ڕابردووەوە دەستی پێکرد، کاتێک ڕایگەیاند: "ئەگەر ئێران ڕێکنەکەوێت، ئەمشەو شارستانیەتێک بە تەواوەتی لەناو دەچێت". ئەم هەڕەشەیە تەنیا دوو ڕۆژ دوای هۆشدارییەکی تری هات کە تێیدا بە ئاشکرا باسی لە وێرانکردنی تەواوی ژێرخانە ئابوورییەکانی ئێرانی دەکرد و دەیگوت: "ئێران دەگەڕێنینەوە بۆ چاخی بەردین". توندوتیژیی زمانەوانیی سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە ئاستی بەکارهێنانی دەربڕینی نەشیاو و زمانی سەرجادە سەبارەت بە پرسی گەرووی هورمز.
هەرچەندە ئەم هەڕەشانە بەتەواوی وەک خۆیان جێبەجێ نەکران، بەڵام کۆشکی سپی وا وێنای دەکات کە ئەم گوتارە شەڕئامێزە ئامانجی خۆی پێکاوە و ئێرانی ناچار کردووە بێتە سەر مێزی گفتوگۆ. بەڵام لە ڕاستیدا، ئامانجە سەرەکییەکانی پشت ئەم گرژییانە ڕەهەندێکی تریان هەیە؛ ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سەرچاوە سروشتییەکانی وەک غاز، پترۆڵ، ماددە کیمیاییەکان و ئاسن، هەربۆیە ململانێکان زیاتر لەسەر کۆنترۆڵکردنی ئەم سەرچاوە ستراتیژییانەیەو ئەوهەژمونەیە کە ئێران دەیەوێت لە ناوچەکەدا بەدەستی بهێنێت، لەم پێناوەدا، سەرۆکی ئەمریکا پڕەنسیپەکانی جەنگی پێشێل کردووە؛ وەک چۆن بینیمان بۆردومانکردنی پردی B1 لە کەرەج و فرۆکەخانەو هێڵی شەمەندەفەر و دامەزراوەی پترۆکیمیایی، ئامانج لێی پەکخستنی ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتەیە، کە ئەمانە موڵکی گشتیی خەڵکن نەک تەنیا دەسەڵاتداران.
هەڕەشەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی ئەمریکا، بەزاندنی ئاشکرای سەرجەم بنەما و نەریتەکانی جەنگ بوو. لە کاتێکدا دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم و ئەو وێرانکارییە گەورەیەی بەرۆکی مرۆڤایەتی گرت، ئەمریکا و وڵاتانی جیهان لە ساڵی ١٩٤٩دا کۆک بوون لەسەر ئیمزاکردنی "ڕێککەوتننامەکانی جنێف" ئامانجی سەرەکی ئەم پەیماننامانە ڕێگریکردن بوو لە دووبارەبوونەوەی ئەو وەحشیەتگەرییانەی کە لە جەنگدا ڕوویان دابوو. بەتایبەتی "کۆنڤێنشنی چوارەمی جنێف" کە جەخت دەکاتەوە لەسەر پاراستنی خەڵکی سڤیل و دوورخستنەوەیان لە هەر جۆرە پێکدادان و هێرشێکی سەربازی.
بەڵام ئەوەی لەم ڕۆژانەدا دەیبینین، خستنە مەترسیی تەواوی ئەو یاسا و ڕێچکانەیە کە دەیان ساڵە جیهان کاریان پێ دەکات. وەک چۆن ڕووسیا لە ئۆکرانیا پەنای بردە بەر تێکشکاندنی ژێرخانی وزە و ناوەندە ستراتیژییەکان بۆ چۆکپێدادانی گەلی ئۆکرانیا، ئیسرائیلیش لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە، هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە گەیاندە ئاستێک کە لە لایەن زۆرێک لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانەوە وەک "کۆمەڵکوژی وەسف دەکرێت. ئەم دۆخە گەیشتە ئەوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) داوای فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ناتانیاهۆ دەربکات و وەک "تاوانباری جەنگ" مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. هاوکات، شەڕی ناوخۆی سوودان لە نێوان سوپای سوودان و "هێزەکانی پشتیوانی خێرا" (RSF)، لاپەڕەیەکی تری ئەم داڕمانە ئەخلاقییەی جیهانە؛ جەنگێک کە تێیدا دەیان قەسابخانەی مرۆیی و تاوانی گەورە دەرهەق بە مەدەنییەکان ئەنجام دران. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە سیستەمی یاسایی جیهان لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە و پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان چیتر لە ئەولەویەتی هێزە باڵادەستەکاندا نەماوە. هەرچەندە ئیدارەی ئەمریکا هەوڵی دا یاساکانی جەنگ توندتر بکات، بەتایبەتی دوای ئەو ڕووداوەی ساڵی ٢٠٢١ لە ئەفغانستان ڕوویدا، کە تێیدا لە هێرشێکی درۆنیدا ١٠ کەسی مەدەنی (کە زۆربەیان منداڵ بوون) بە هەڵە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکاوە کوژران. ئەو کات ئیدارەی بایدن پلانێکی نوێی بۆ "کەمکردنەوەی زیانە گیانییەکانی مەدەنی" ڕاگەیاند، بە مەبەستی دوورخستنەوەی خەڵکی بێتاوان لە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان.
هەرچەندە وتووێژ لە نێوان واشنتۆن و تاران بەبێ ڕێککەوتن کۆتایی هات، بەڵام هێشتا ناتوانرێت بوترێت دەرگای دیبلۆماسی بە یەکجاری داخراوە؛ چونکە هێشتا ئومێدێکی کەم بە هەوڵەکانی پاکستان ماوە بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک پێش کۆتایی هاتنی وادەی ئاگربەستەکە. بەڵام مەترسییە گەورەکە لێرەدایە کە ئەم ئەنجامە بێبەرهەمە، ئەمریکا بەرەو ئەوە پاڵ دەنێت کە سوورتر بێت لەسەر بەکارهێنانی هێزی ڕەها، بەشێوەیەک وانەیەکی ئێران بدات کە هەرگیز لەبیری نەکات. لەم چرکەساتەدا، جیهان سەیری کێبڕکێیەکی دەکات لە نێوان "مۆڕاڵی سەرکردایەتی" و "پابەندیی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەگەر ئەمریکا بڕیاری وێرانکاریی گشتگیر بدات وەک ئەو هەڕەشەیەی کە دەڵێت شارستانیەتێک لەناو دەچێت، ئەوا دەکەوێتە ناو قەیرانێکی ئەخلاقییەوە؛ چونکە لێدان لە ژێرخانی ئابووری وێرانکردنی کایە مەدەنییەکان، بەزاندنی ئەو سنوورە یاساییانەیە کە جیهان دوای جەنگی جیهانی دووەم بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی دایڕشتوون. لێرەدا سەرکردایەتیی ئەمریکا لە نێوان دوو بژاردەدایە: یان پاراستنی مۆڕاڵی جەنگ وەک زلهێزێکی بەرپرسیار، یان پەنابردنە بەر هێرشی وێرانکەر کە تێیدا جیاوازی نێوان ئامانجی سەربازی و موڵکی گشتیی گەلان نامێنێت.