لەم رۆژانە، چەند رووداوێکی یەک لەدوای یەک لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا روویاندا:
١. ئیدارەی ترەمپ، سوریای لە لیستی وڵاتانی تیرۆریست دەرهێنا
٢. مەزڵوم کوبانی و ئیلهام ئەحمەد چوونە دیمشق و لەوێ و بەدوای دیدار لەگەڵ ئەحمەد شەرع (جۆلانی)، کۆبانی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دێمۆکراتی راگەیاند
٣. بە فەرمی و لەلایەن جۆلانی یەوە، زمانی کوردی بۆ ناوچە کوردییەکان لەپاڵ زمانی عەرەبی کرا بە زمانی پەروەردە
٤. مەزڵوم کۆبانی بە بڕیارێک کرایە راوێژکاری جۆلانی
٥. وڵاتە زلهێزەکانی ئەمریکا، فەرانسا و بریتانیا و هەروا نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازیان لەم بڕیارە کرد و وا دیاربوو هەموو شتێک لە پێشدا ئامادەکراوبوو و پێویستی بەکات نەبوو بۆ هەڵوێست وەرگرتنیان.
ئەم رووداوانەی رۆژئاوا، کاردانەوەی جیاوازی لەناو کوردەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان لێکەوتەوە.
دەستەیەک، کەوتنەوە بارەقەڵاییکردن و پێهەڵوتنەوە بە بەرپرسانی رۆژئاوا و ئەمانەیان بە دەستەکەوتێکی باش و مێژوویی هەژمارکرد. دەستەیەکی دیکە بە پێچەوانەوە کەوتنە رەخنەگرتن لە بەرپرسانی رۆژئاواو ئەم کارەیان بە نسکۆیەکی گەورەی دیکەی کورد پێناسە کرد. دەستەی سێهەم کە لە ئیسلامییەکان و لایەنگرانی پارتی دێمۆکرات پێکهاتبوون، ئەم رووداوانەیان بەدەرفەتێک زانی تا قینی پەنگخواردووی چەندین ساڵەیان لە رۆژئاوا خاڵی بکەنەوە. کۆمەڵێکی دیکەش و بە رەواڵەت چەپ، کە تا دوێنێ شانازییان بە وێنەگرتن لە رۆژئاواوو رێبەرانی بەڕێوەبەری خۆسەرەوە ئەکرد، کتوپڕ کەوتنە سەرو گوێلاکی رۆژئاوا و ئەم رووداوانەیان وەک ئەنجامی شکستی سیاسەتی ناسیۆنالیستی بەرپرسانی رۆژئاوا لێکدایەوە.
کۆمەڵێکی زۆر کەمیش، هەوڵیان دا کە ئەم رووداوانە لە هەڵسانگاندنی باڵانسی هێزو هاوکێشە سیاسی ناوچەیی و جیهانییەکان لێک بدەنەوە کە ئەم نووسراوەیشە هەوڵێکی دیکەیە بۆ ئەم جۆرە لێکدانەوەیە.
وەک ئەزانین دەسەڵاتی ئێستای سوریا نە دەسەڵاتێکی یاساییە و نە ئەم دەسەڵاتە لە رێگای سندووقەکانی دەنگدانەوە هاتووەتە سەر دەسەڵات بەڵکو ئەمانە تێکەڵەیەکن لە پاشماوەکانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) و بەرەی نوسرەی سەربە ئەلقائیدە و ئیخوانەکان لە شەڕە ناوخۆییەکانی سوریا. ئەمانە کەسانێکن کە هەم لە ئەزموونی شکستی داعش لە ئێراق و سوریا و هەم لە ئەزموونی دووبارە گرنتەوەدەستی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەرسیان وەرگرتووە. بۆیە لە ستایلی پێشتریان بەس ریشەکەیان هێشتووەتەوەو مێزەرو جل و جبەی ئەفغانیان وەلا ناوەو چاکەت و پانتۆڵیان لەبەر کردووە. کەسانێک کە یارمەتییەکی مادی زۆریان لە وڵاتانی کەنداو وەک قەتەر، ئیمارات و عەرەبستان وەرگرتووە و وەریئەگرن و لەهەمان کاتێشدا ساڵانێکی زۆرە کە بوونەتە بەشێک لە دەزگای سەربازی و ئەمنی تورکیا.
ئەمانە کاتی خۆی لە شاری ئیدلیب و تەنیا پارێزگایەک لە سوریا لە گەمارۆدا بوون، لە کێبڕکێی جیهانی وڵاتانی زلهێزی روسیا و رۆژئاوا، گرێی بەختیان کرایەوە و ئەمجارە ئەرکێکی نوێیان لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە (بەتایبەت بریتانیا) پێسپێردرا، ئەویش وەدەرنانی بنەماڵەی ئەسەدی هاوپەیمانی روسیا لە سوریا بوو تا لەم رێگەوە، روسیا بۆ هەتاهەتایە لە سوریا وەدەربنرێت و بەمجۆرە دەستی لە دەریای ناوەڕاست و ئافریقا ببڕدێت. ئەم خواستەی رۆژئاواش لەگەڵ خواستی سوڵتانە نوێیەکەی تورکی عوسمانی واتە ئەردۆگان، بۆ بەگژاچوونەوەی کوردەکان لە رۆژئاوا و لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوتەریب بوو. بۆیە لە پڕێک بوون بە کوڕێک و لە ماوەیەکی کورتدا هەموو شارەکانی سوریا و دیمشق یشان خستە ژێردەست خۆیانەوە و هاتنە سەر دەسەڵات.
دواتر کە ئەمریکا هەوڵەکانی بۆلە لغاودانی ئێران و لایەنگرەکانی لە ئێراق، سوریا و لوبنان چڕتر کردەوە، دەور و پێگەی ئەم چەتانە وەک ئامرازێکی هەرزان بایی، جارێکی دیکە هاتەوە بەرباس و لێکۆڵینەوە. چەتەگەلێک کە ئەتوانرێت کەڵکیان لێوەربگیرێت بۆ بەربەستکردنی چالاکییەکانی حیزبوڵا لە نێوان سوریا و لوبنان لەلایەک و بە بەگژاچوونەوەی حەشدی شەعبی سەربە ئێران لە ئێراق لە لایەکی دیکەوە، خواستێک کە لەگەڵ فیکر و هزری ئیسلامی سیاسی-جیهادی سوونەی دژبە شێعەی ئەم چەتانە گونجاوو لەبار بوو. هەر لەم کاتەوە بەهاری هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا لەگەڵ کوردەکانی رۆژئاواو هەدەسە کۆتایی دێت.
بەڵام بوونی ئەم گروپانە وەک دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا، لە لایەن ئیسراییلەوە لە رۆژی یەکەمەوە بە مەترسی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە لێک درایەوە، بەتایبەت نزیکی و کارکردنی ئەم گروپانە بۆ دەوڵەتی تورک. بۆیە بۆ دڵنیایی دان بە ئیسراییل کۆبوونەوەیەکی سێ لایەنە لە نێوان ئەمریکا و ئیسراییل و پیاوانی جۆلانی لە ٦ی ژانویەی ئەمساڵ واتە ٢٠٢٦ لە شاری پاریس بەسترا و تورکیاش لە دواساتەکاندا بەشداری کۆبوونەوەکەی کرد. ئەنجامی کۆبوونەوەکەش بوو بەوەی کە ئیسراییل لەوە بەدواوە دژایەتی هێرشی سەرکوردەکان نەکات.
ئەمەش خۆی لە دەستپێکی هێرشێکی بەرفراوانی تورک و چەتەکانی سەربە جۆلانی بۆسەر کوردەکان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی شاری حەلەب نیشانداو بە ماوەیەکی کورت هێزە کوردییەکان لە هەموو ناوچە عەربییەکانی رۆژهەڵاتی سوریاش وەدەرنران. سەرەڕای هەموو گفت و بەڵێنەکانی ئەمریکا و دەسەڵاتی نوێی جۆلانی، ئیسراییل هەر متمانەی بەم دەسەڵاتە نوێیە لە سوریا نەبوو بۆیە لەلایەک پێگە و جبەخانە گرنگە سەربازییەکانی سوریای لە رێگای ئاسمانییەوە لەناوبرد و هاوکات هێزەکانی چەندین ناوچەی لە باشوری سوریا لە پارێزگاکانی دەرعاو قونیتررە (تا نزیک شاری دیمشق) داگیرکرد. ئەمەش بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی چالاکییەکانی ئەو گروپە چەکدارانە لە سنوورەکانی ئیسراییل ولەوەش گرنگتر وەستاننەوە بەرانبەربە فراوانخوازی دەوڵەتی تورک لەو وڵاتە.
بەدوای هێرشەکانی بەهاری ٢٠٢٦ بۆسەر رۆژئاوا، کوردەکان بەشی زۆری ناوچەکانی ژێردەسەڵاتیان لەدەست دا و بەمەش بەشی زۆری سەرچاوەکانی وزە وەک کارەباو نەوت و .. یان لەدەست چوو. هاوکات ئەمریکا بە فەرمی هەموو پشتیوانییە مادی و سەربازییەکانی لە هێزەکانی هەدەسە بڕی و بەوجۆرە جێگای کوردو کۆبانی وەک هاوپەیمان لە سوریا درایە ئەحمەد شەرع و جیهادییە ئیسلامییەکان.
هەرچەندە هەدەسە لەژێر رێبەری کوردەکانی رۆژئاوا بوو بەڵام بەشێکی زۆری ئەم هێزە لە چەکدارە عەرەبەکان پێکهاتبوون و ئەو چەکدارانەش هەرلە یەکەم رۆژەکانی شەڕی ئەم بەهارەدا، پشتیان لە کوردەکان کردو چوونە بەرەی دەسەڵاتی نوێی جۆلانی.
داگیرکارییەکانی سوپای تورک و چەکدارە ئیسلامییەکان لە رۆژئاوا لە دە، دوازدە ساڵی رابوردوو بوو بە هۆی ماڵوێرانی و ئاوارەیی سەدان هەزار کوردی ئەو ناوچانە. بوونی ئەو رێژە زۆرە ئاوارە لە شارەکانی عەفرین، سەریکانی، گرێسپی و ناوچەی شەهبا بارگرانییەکی دیکە بوو بۆ سەر کوردەکانی رۆژئاواو بەدەستپێکردنی هێرشی بەهاری ئەمساڵ، ئەو کێشەیە چەند ئەوەندە قورستر بووەوە لەبەر ئەوەی بەرپرسانی رۆژئاوا ناچار بوون ئەو هەمووە ئاوارە بۆ ناوچەیەکی بەرتەسکتر رابگوێزن و بژێوی ژیانیان دابین بکەن.
بێجگە لەو کێشە مەیدانیانەی سەرەوە، کێشەی بنەڕەتی رۆژئاوا و بەڕێوەبەری خۆسەر لە دەستپێکی خەباتی رۆژئاواوە هەتا ئێستا، روانگاو ستراتیژی رێبەرانی رۆژئاوا لەسەر پرسی کورد بە گشتی و رۆژئاوا بەتایبەتی یە. رێبەرانی رۆژئاوا (پارتی یەكێتی دێمۆکراتی) بە پەیڕەوکردنی تیئۆری "کۆمۆنالیزم"، "نەتەوەی دێمۆکراتیک" و "برایەتی گەلان" (هەروەک پ ک ک) چاو لە چارەسەری پرسی کورد لە رۆژئاوا ئەکەن. بۆیە نە پارتەکەیان پێناسەیەکی کوردی هەیە، نە هێزە چەکدارەکانی و نە ئەو ئیدارەیەش کە لەوێ دایان مەزراند. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە خۆیان و هەموو هێزەکانیان هەڵقوڵاوی خەباتێکی نەتەوەیی مان و نەمانی ئەو بەشەن، لە کوردستان و خاوەنی قوربانییەکی زۆرن.
بێبەشی و ژان و ئازاری هاوبەشی کوردەکانی رۆژئاوا لەگەڵ باشور، رۆژهەڵات و باکوری کوردستان هەوێنی هاوخەباتی و هاوخەمی و لە ئەنجامدا خۆبەختکردنی گەنجانێکی زۆری پارچەکانی دیکەی کوردستان لە رۆژئاوا بوو، چ لە شەڕی دژبە داعش، چ لە دژبە دەوڵەتی تورک/چەتەکانی تورک و جۆلانی لەو بەشە لە کوردستان. بەڵام رێبەری رۆژئاوا بەجێی کەڵک وەرگرتن لەم هیزو وزە لەبن نەهاتووە، بەهەڵە درێژەیان دا بە پەیڕەوکردنی "برایەتی گەلان" و چەندین ساڵ بەشی زۆری وزەی خۆیان بۆ پاراستنی ناوچەکانی دێرەزوور، رەققەو پاسەوانی خۆڕایی دەیان هەزار دیلی داعش لە ئەلهول و رەققەو... تەرخان کرد.
دواوتە:
١. هەتا ئێستاش ناوەرۆکی راستەقینەی رێککەوتنەکەی کۆبانی وجۆلانی بۆ خەڵک روون نەکراوەتەوە و ئەمەش لە خۆیدا گەورەترین خاڵی لاوازی ئەم رێککەوتنەیە، چونکو هیچ کەس و لایەنێک لە هیچ کات و ساتێکدا، مافی شاردنەوەی رێککەوتن لەسەرچارەنووسی گەلێک نییە.
٢. وادیارە ئەم رێککەوتنە بە ئاگاداری و بڕیاری وڵاتە زلهێزەکان بەسەر کوردەکان و تەنانەت بەسەر جۆلانی دا سەپێندراوەو کۆبانی و جۆلانی بەس ئەرکی واژۆکردنیان لەسەر بووە.
٣. ئەم رێککەوتنە ئەتوانێت بەشێک لە کێشە هەنووکەییەکانی رێبەرانی رۆژئاوا چارەسەر بکات، لەوانە، پرسی مووچەی هێزە سەربازییەکەی لە رێگای رێکخستنەوەیان لە ناو چەند لیوایەکداو بەستنەوەیان بە سوپای سوریاوە
٤. تورکیا و چەتەکانی ناچار بکرێن لە گرێسپی و سەریکانی بکشێنەوە و ئاوارەکانی ئەو دوو شارە بگەڕێنەوە ئەو شارانە. ئەگەر ئەمە بکرێت زۆر باشە، چوون بە گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، گرێسپی و سەریکانی پلانی پاکتاوی نیژادی دەوڵەتی تورک لەو ناوچانە شکست ئەهێنێت و بارو گوزەرانی ئەو ئاوارانەش باشتر ئەبێت.
٥. تورکیا وەک جاران دەستکراوە نابێت بۆ هێرشی نوێ بۆسەر کورد لە رۆژئاوا.
٦. ئەم رێککەوتنە پرسی گشتی کورد لە رۆژئاوا چارەسەر ناکات و دەقی پەیامەکە لە خۆیدا سوکایەتی بە گەلێکە کە زیاتر لە دەهەزار شەهیدی داوە کاتێک ئەوترێت کە ئەتوانن وانەکانی وێژەیی سەرەتایی و ناوەندی بە زمانی کوردی بخوێنن.
٧. هێشتا پرسی دەسەڵاتی سیاسی لە سوریا بە تەواوی یەکلایی نەبووەتەوە. دەسەڵاتی جۆلانی دەسەڵاتێکی کاتییە و دەستوورێکی ئەوتۆش لە گۆڕدا نییە. جۆلانی و چەتەکانیشی یەکدەست و یەکڕا نین. پرسی دروزەکان، عەلەوییەکان و پێوەندییەکانی سوریا لەگەڵ ئیسراییل یەکلا نەبوونەتەوە. بۆیە هیچ بڕیارێک لە سوریای ئەمڕۆدا، لەسەر بەرد هەڵنەکەندراوەو باڵانسی هێز ئەتوانێت لە کورترین کاتدا ئەو رێککەوتنانە هەڵبوەشێنێتەوە.
٨.هەدەسە وەک هێزێکی سەربازی هەر لە شەڕەکانی رەققە و دێرەزوورەوو بە بەجێهێشتن و پشتکردنی عەربەکان لەو هێزە، هەڵوەشایەوە و بە کردەوە بەس هێزە کوردییەکی "یەکینەکانی پاراستنی گەل" و چەند گروپێکی چکۆلەی سریانی مابوونەوە. بۆیە راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی هەدەسە لەلایەن کۆبانی یەوە بە مانای هەڵوەشانەوەی هێزی سەربازی کورد لە رۆژئاوا نییە بەڵکو ئەو هێزە رێکخراوەتەوەو لە ژێر ناوێکی دیکەدا درێژە بە بوونی خۆی ئەدات.
٩. هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەری خۆسەر لە رۆژئاوا لەژێر ناوی بەستنەوەی ئەم ئیدارەیە بە دیمشقەوە، بە کردەوە بە مانای شکستی جێبەجێکردن و پراکتیزەکردنی تیئۆری "کۆمۆنالیزم" و "نەتەوەی دێمۆکراتیک" لە رۆژئاوا دێت. چونکو نە دەسەڵاتی جۆلانی ئەو دەسەڵاتە دێمۆکراتیکە و نە ئەم مۆدێلی دەسەڵاتە لەلایەن سوریای جۆلانییەوە پەسەند کراوە و نە لە هێچ ناوچەیەکی دیکە لە سوریا (بێجگە لە رۆژئاوا) پەیڕەو ئەکرێت.