دوو ئەمریكا لێرەیە!

هەندرێن شێخ راغب
  2024-01-04   

دەبێت راشكاو بین مانەوەی بەشێكی بنەڕەتی قەوارەی هەرێمی كوردستان پەیوەستە بە پشتیوانی نێودەوڵەتی و لەسەرووی هەموشیانەوە ئەمریكا. تەنها بەرخودان و ئیرادەی كوردی بەس نیە بۆ ئەوەی بەرگەی گەلەكۆمەی عروبەو تورك و فارس و شەپۆلی دژە كوردی ناوچەكە بگرین.

بەڵام ئێمە لەبەردەم دوو ئەمریكا وەستاوین، لێرە یەك دەوڵەتی ئەمریكا نیە. ئەمریكای ئەفغانستان و ئەمریكای ئێستای ئیسرائیل و شەڕی غەززە هەیە. ئەمریكا ئەفغانستانی بەجێهێشت، كە نزیكەی بیست ساڵ، بیست تریلیۆن دۆلاری لەم دەوڵەتە خەرج كرد، ئەفغانستان بۆ ئەمریكا زۆر گرنگە، لەروی جیۆسیاسی و جیۆپەلەتیك، هاوسنورو نزیكی ئێران و چین و روسیاو پاكستانە. كە بۆ پێگەو ستراتیژو ململانێی ئەمریكا هێجگار گرنگە. بەڵام بۆچی جێی هێشت؟ چونكە ماوەی بیست ساڵ داوای دەوڵەتێكی دیموكراسی، مەدەنی، نیشتمانی لە سیاسی و خەڵكی ئەفغانستان كرد. داوای كرد گەندەڵ نەبن، دامەزراوەو بونیادی دەوڵەتێكی مۆدێرن و سەركەوتوو بونیاد بنێن( بێگومان ئەمریكا بەرژەوەندی و سیاسەت و ئەجێندای خۆی هەیە ئەوەیان باسێكی دیكەیە)، واز لەم كولتورە دژایەتی و ناكۆكیە ناوخۆییە بێنن. رێز لە مافی مرۆڤ و ئازادی راگەیاندن و جیاوازی سیاسی ناوخۆیی بگرن. بەردەوام لەسەر گەندەڵی و قۆرغكردنی دەسەڵات و تەزویر كردنی هەڵبژاردن و دووركەوتنەوە لە دیموكراسی، هۆشیاری دەدایە ئەفغانیەكان. كە گوێیان نەگرت. كتوپڕ لەشەوو رۆژێك جێی هێشتن. سەرسەخت ترین دوژمنی خۆی كە بزوتنەوەی تاڵیبان بوو لە دەوحەی پایتەختی قەتەر چەندین گفتوگۆو دانیشتنی لەگەڵ ئەنجام دان و تەواوی ئەفغانستانی لە شەوو رۆژێكدا تەسلیم كردن. چونكە ئەمریكا تێگەیشت بزوتنەوەی تاڵیبان لەگەڵ بیروباوەڕو پرەنسیپەكانی خۆی راستگۆیەو خەباتیان بۆ دەكات، ئەمەش خاڵی بەهێزی تاڵیبانە نەك كشتوبڕو تەقینەوەو ریشی درێژیان؟.

ئەمریكای دووەم، هەر لێرە بەهەموو توانای سەربازی و دبلۆماسی و سیاسی خۆیەوە لەپشتی ئیسرائیلە. بینیمان لەشەڕی غەززە لە رێكەوتی 7/10/2023 چۆن لەبەرزترین ئاست ئەمریكا گەیشتە ئیسرائیل و هەموو هاوكاری و كۆمەكێكی بۆ دەستەبەركردووە، تەنانەت ڤیتۆی بۆ بەكارهێنا، كەشتیگەلی جەنگی بۆ هێناوە. بۆچی ئەم پشتیوانیيە؟ بەشێكی هەرە بنەڕەتی هۆكارەكەی ئەوەیە كە ئیسرائیل دەوڵەتێكی دامەزراوەییە، هێزی سەربازی نیشتمانییە، هەڵبژاردن و دیموكراسی هەیە، ئازادی را دەربڕین و راگەیاندن هەیە، كەس لەسەر بیرورای سیاسی توشی زیندان نابێتەوە، گەندەڵی نەفرەت لێكراوە، تەنانەت لەسەر گەندەڵی سەرۆكی وڵات روبەڕوی دادگا دەكەنەوە. ئەوە دامەزراوەیی و ئازادی و دیموكراسی ناوخۆی ئیسرائیلە ئەمریكاو ئەوروپای هێناوەتە سەرخەت و هەموو پشتیوانیەكی لێ دەكەن. ئەگەر ئیسرائیل نمونەیەكی خراپی بەڕێوەبردن بوایە زۆر دەمێك بوو ئەم پشتیوانیە بەمجۆرە نەبوو، زۆریش لاواز دەبوو.

لەوانەیە بگوترێت نمونەی ئیسرائیل و ئەفغانستان دوو شتی تەواو جیاوازن. راستە.. بەڵام باسەكەی ئێمە ئەمریكایە نەك جیاوازی و رەگ و ریشەی دروست بوونی ئەم دوو دەوڵەتەو شوێن و جێگایان لە ناوچەكەو سیاسەتی نێودەوڵەتی. ئەگەر ئیسرائیل وەك ئەزمونی ئەفغانستان بوایە دڵنیابن ئێستا هەڵوێستی ئەمریكاو ئەوروپا جۆرێكی تر بوو، ئەگەر سەد جاریش خاوەنی هۆلۆكۆست و كۆمەڵكوژی بونایە.

ئامانجەكەی من ئەوەیە، ئێمەی كورد كام ئەمریكایە هەڵدەبژێرین؟ ئەمریكای ئەفغانستان؟ یان ئەمریكای ئیسرائیل؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×