لەوەتەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ پەلاماری ئیسرائیلی دا، شەڕێکی ھەرێمایەتی سەخت رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە. رژێمی سوریا کەوت، لوبنان و تورکیاو عێراق و یەمەن و فەلەستین و کۆی ناوچەکە لەبەردەم ئەگەری زۆردان. یەکێک لەم ناوچانە بێ ئەوەی بەرچاوی روون بێت و گوێی قوڵاغ کردووە بۆ ئەوەی گۆڕانکاریەک رووبدات و بەرچنەیەکی لێ دەستکەوێت ھەرێمی کوردستانە. گرەوەکە ئەوەیە ئیسرائیل ئابوری و نەوت و سەرکردەو گروپەکانی ناو دەسەڵاتی عێراق بە ئامانج بگرێت و پەشێوی بکەوێتە ناو بەغداوە، لەم کاتەدا قسەکە ئەوەیە کورد ھەنگاوی کردەیی بنێت و نەوت و غازو بەرھەمەکانی خۆی دەستکەوێت، بۆچونم وایە گۆڕانکاریەکان و جەنگەکان ئاسان ھێور نابنەوە، ئەم درەنگە بەم زووەی کورد ڕا ناگات کە مانگ بە مانگ چاوەڕێی موچەیە. بۆیە کورد نابێت ھیچ کاتی خۆی و ھەوڵی خۆی لەسەر ھیچ پڕۆژەو گۆڕانکاریەک پەک بخات، بەڵکو کارو رێککەوتن و بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بپارێزێت و جێگیر بکات. سەرکەوتن بۆ ھەرێمی کوردستان ئەوە نیە رژێمی بەغدا بکەوێت و دەسەڵاتی عێراق بگۆڕێت، بەڵکو سەرکەوتن ئەوەیە ئەگەر رژێمیش گۆڕا بنەمای رێککەوتن و جێگیری بەرژەوەندیەکان و دەسەڵاتی نەشڵەژێ و تێک نەچێت, ئەگەر گۆڕانکاریەکان دەستکەوتی تازەو زیاتر نەداتە ھەرێمی کوردستان و کێشە بنەڕەتیەکانی چارەسەرنەکات، ئەوا نەک نابێت گرەوی لەسەر بکات، بەڵکو دەبێت دژیشی بێت، بۆ ئەوەی خەڵک ناچار بکات بێنە سەر مێزی گفتوگۆو رێککەوتنی کورد، نەک دوای گۆڕانکاریەکان خێرێکی پێ بکەن.
رۆژانە گوێمان لە قسەی زۆر دەبێت گوایە لە عێراق دەدرێت و ئەم دەسەڵاتەی عێراق نامێنێت و ئەگەری گۆڕانکاری زۆر ھەیە, سەیر ئەوەیە کورد بەتەمایە چاوەڕێی ئەم جۆرە پڕوپاگەندانە بێت، ھەر دوێنێ ئەمریکاو عێراق رێککەوتنێکی تازەی نەوتیان ئەنجام دا. ئینگلیزو فەڕەنساو چین و روسیا باسیان لەوە کردووە کە سەروەری عێراق پارێزراو بێت. نازانم ئیدی کورد چاوەڕێی کام رەشەبایە.
خۆم یەک داواکاریم ھەیە ئەگەر ھاتوو ھەتا کۆتایی ئەمساڵ عێراق نەڕووخا، ھەڵنەوەشاوە, تێک نەچوو. کورد نەبووە دەوڵەت.. ئەوا ئەگەر بۆ یەکجاریش بێت وەرن داوای لێبوردن لەم گەلە بکەن و بڵێن ببورن ئێمە لە سیاسەت نازانین و دەکشێینەوە. ئەگەر ئەم پڕوپاگەندانەی ئێوەش راست بوو، من یەکەم کەسم داوای لێبوردن دەکەم و دانی پێدا دەنێم کە لە سیاسەت نازانین و ئاگاداری گۆڕانکاریەکان نین.