ئەمڕۆ لە بی بی سی نیوز، گردبونەوەیەکی سیاسی و جەماوەریم بینی لە بەریتانیا، سیاسەتمەدارێکی ئینگلیز خراپ حەماس و نەڕە نەڕ گرتبووی، ھاواری دەکرد کۆچبەران وڵاتەکەیان داگیرکردووین، دەبێت دەریان بکەین و واو وایان لێ بکەین. ئەم حەماسە گەرمەی کابرای ئینگلیز خەیاڵی بردم بۆ لای بابەتێک، ئەویش: پرسی کەسایەتی کوردە؟.. لەبەرئەوەی کەسایەتی کورد دروست نەکراوە، سەرکردەو حزبەکان و سیاسیەکان ھەر کردوویانە بە کۆیلەو مێشکیان پڕ کردون لە ئینتمای بچوک و سەرکردە پەرست و حیزب پەرست و شەخس پەرست، لەبەرئەوەی کەسایەتی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ تاکی کورد دروست نەکراوە، داگیرکەران بە کۆمەکی ھێزەکانی ناو ھەناوی کورد خۆی، بەردەوام وایان کردووە کەسێتی کورد لاواز بێت. ئاخر سەیری جوو بکەن، شەق لەھەموو دنیاو یاساو دەستورو سنورێک ھەڵدەدەن، چونکە توشی ھۆڵۆکۆست بوونە، دەبێت ھەموو دنیا خۆی بە قەرزاریان بزانێت و ھیچ شتێک لە ھیچ کەسێک قبوڵ ناکەن. بەڵام کورد چی؟ ئاخر دەبوو مرۆڤی کورد کە دەچووە بەریتانیا، ئینگلترا، لەگەڵ فەڕەنسا. واتە ئینگلیزو فەڕەنسی، کاتێک داوای پاسپۆرت و ئیقامەو ناسنامەیان لێ دەکرد، یەکسەر تاکە پێڵاوەکەی بۆ ناو دەموچاویان بردبوایە، دەبوو کورد لەناو لەندەن و پاریس زیاتر لە خاوەن ماڵ ھەڵسوکەوتی کردبوایە، دەبوو کورد ھەر بە جنێوو ئیھانە بانگی ئینگلیزو فەڕەنسی کردبوایە، نەدەبوو ھەر کارو ئیش بکەن و لەسەر ورگ و نانی ئەوان بژین، تەنانەت بلیتی ناو یاریگاش و کورسی دانیشتنی مرۆڤی کوردیش تایبەت بوایە..ئەزانن بۆچی؟ لەبەرچی؟ لەبەرئەوەی دەبوو سەری زمان و بنی زمانی مرۆڤی کورد ئەوە بوایە کە لە جەنگی جیھانی یەکەم ئینگلیزو فەڕەنسی کوردستانیان کردە چوار پارچەو نەیانھێشت ببینە خاوەن دەوڵەت! دەبوو مرۆڤی کورد ئەوەندە ئەو بابەتەی رۆژانە بە دەموچاویان کێشا بوایە، فەڕەنسی و ئینگلیزی خوای خوای ئەوەیان بوایە بەس قسە نەکەین؟.
سەیر ئەوەیە ئامادەش نین کورد رزگاری بێت، ببێتە خاوەن کیانێکی نیشتمانی و دیموکراسی و مەدەنی، بۆ ئەوەی ھەزاران کورد بێنەوە نیشتمان و چی دی کۆچ نەکەن بۆ وڵاتی ئەوان، ئاخر ئەمریکاو ئینگلیزو فەڕەنسا دەتوانن ھەرێمی کوردستان بکەنە مەرھەم، بیکەنە کیانێک کەس نەوێرێ دەمانچەی ئاویش ھەڵبگرێت؟ مەبەستیان بێت کوردستان وا لێ دەکەن ھەرچی کلکی جوڵاند لەبنەوە بیبڕن. ئەوان لە پشتی مانەوەی بێ سیستەمین، راستە لایەنی باش و ھاوکاری وپاراستنی کوردیان ھەبووە، ئەمە دیوێکی دیکەیەو دەکرێت لە شوێنی تر قسەی لەسەر بکەین، بەڵام بۆ ئێستا تاکە تۆمەتبارن و ھاوکار نین لەوەی کورد کیانێکی نیشتمانی و دیموکراسی دروست بکات. پاڵ پێوەنانێکی نێودەوڵەتی دەوێت تاوەکو کورد گۆڕانکاریەکی جەوھەری بکات، خۆ تێمدەگەن دەڵێم چی؟.