ئەو ھێزانەی دەرەوەی یەکێتی و پارتی!!

هەندرێن شێخ راغب
  2025-09-23     279

ھەر لەگەڵ دروستبوونی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ناڕەزایەتی و ئۆپۆزسیۆنی خەڵک ھەبووە لە بەرامبەر سیستەمی تازەی حوکمڕانی کوردی. بەڵام ئەم ناڕەزایەتی و ئۆپۆزسیۆنە لەروی سیاسی و رێکخراوەییەوە ھیچ چوارچێوەو رێکخستنێکی بەھێزی نەبوو.ھەندێک حزب و رێکخراو لایەن و گروپ ھەبوون، بەڵام کاریگەر نەبوون.  ھەتاوەکو دوای ساڵی ٢٠٠٩ کە بزوتنەوەی گۆڕان ھات و بە فراوانی و گەورەیی دەنگی ناڕازی و ئۆپۆزسیۆنی لەخۆ گرت و بزووتنەوەیەکی ناڕەزایی گەورەی لە سەرتاسەری کوردستان وەگەڕخست و توانی ببێتە ھێزی دووەم و کورسیەکی زۆر لە پەرلەمان بەدەست بھێنێت. 
لە راستیدا بەھۆی ئەوەی پڕۆژەی گۆڕانکاری بزوتنەوەی گۆڕان شکستی ھێنا، سیستەمی نەگۆڕی و خۆشی ھاتەوە ناو ھەمان سیستەم و ھەموو ئەو پاکێجانەی باسی دەکرد بردی بۆ لای دەسەڵات و کەوتە واژۆ کردنی رێککەوتننامەی  بەشداری لە حکومەت و چوونەوە ناو ھەمان سیستەم، ئیدی پڕۆژەی ئۆپۆزسیۆن و دەنگی ناڕازی ناو کوردستان زەبرێکی زۆر کوشندەی بەرکەوت و خەڵک لە توڕەیی و ناڕازی بەرەو نائومێدی رۆیشت. ئێستاش بە کورتی گرفتە گەورەکە ئەوەیە خەڵک لە پارتی و یەکێتی ناڕازییە بەڵام لە ھێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی نائومێدە. نائومێدی زۆر کوشندەترە لە ناڕەزایی. کێشەکە ئەوەیە دۆخێک لای خەڵک دروست بووە کە لە دەسەڵات توڕەیەو نیگەرانە، بەڵام لە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازی نائومێدو بێ ھیوایە. ئەمەش وایکردوە دۆخی حزبایەتی پارتی و یەکێتی ئاسانترو باشتر بێت لە دۆخی حزبەکانی تر مانای ئەوە نیە قەیرانیان نیە بەڵام سودی گەورەیان وەک حزب لەم نائومێدیە بینیوە. شکستی سیاسەت و پاکێج و بەرنامەی ھێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، وایکردووە ئەم دوو حزبە دەنگی خۆیان بھێننەوە. خەڵک کە دەنگ دەدات بەم دوو حزبە، لەبەرئەوە نیە لێیان رازین و خۆشیان دەوێن و کارو بەرنامەو حوکمڕانیان پەسەندە، بەڵکو لەبەرئەوەیە ئەوانەی داوای گۆڕینی دەسەڵات و سیستەمیان دەکرد شکستیان ھێناو خەڵکیان نائومێد کرد..ئەم دۆخی نائومێدییە وایکردوە ھێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی دووجار بەرامبەر خەڵک ئەرکیان قورسترو سەخت تر بێت. کەواتە خەڵک نائومێدە، ئەم نائومێدیەش سەداسەد لەبەرژەوەندی پارتی و یەکێتیە، ئەم دوو حزبە بەھەموو توانایان کار بۆ ئەوە دەکەن ئەم دۆخی نائومێدیەی خەڵک بەردەوام بێت, چونکە بەمجۆرە ھیچ پڕۆژەیەکی نا ڕازی و ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت بگاتە ئاستێک کە بەدیلی ئەم سیستەمە بێت. ھەتا ھێزەکان بە روونی گوتاری خۆیان بە کردار نەسەلمێنن و ئەم سیستەمە رەت نەکەنەوە و بەدیلی خۆیان نەخەنەڕوو ئەوا خەڵک متمانەیان پێ ناکات. خەڵک وەک خۆی ماوەو ھەر ناڕازی و توڕەیەو داواکاری گۆڕانکاری ھەیەو خاوەن ئیرادەشە، بەڵام بەداخەوە متمانەی نیە بە ھێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، ئەمەش لەخۆوە دروست نەبووەو خەڵک حەقیەتی. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×