لەناو سندوقی ھەڵبژاردن جۆبار بکە

هەندرێن شێخ راغب
  2025-10-04     213

ئەوەی جوتیار بێت و لە لادێکان ژیا بێت، ئەزانێت کاری (جۆبار)کردنی روبارو جۆگاو رێڕەوی ئاو چەندە کردەیەکی سەخت و پاک وخاوێنە، جۆبار بە ھەرەوەزی دەکرێت، بەھاران و پایزان ئەنجام دەدرێت، جۆگاو رێرەوو روبارەکان پڕ دەبن لە بەردو قەوزەو گیاو رەگی دارو پیسی و خرت و خۆڵ و بەربەست، ئەمەش وا دەکات ئاو نەگاتە ناو زەویەکان، بەمجۆرە جوتیارەکان ناتوانن زەویەکانیان بەراو بکەن، بۆیە دەبێت بەھاران پاک بکرێتەوە بۆ ئەوەی وەک بلور بە سافی ئاو بە ناو جۆگاکەدا بڕوات و راستەوخۆ بگاتە ناو زەویەکان.  
ھەڵبژاردنیش ھەمان کاری جۆبارکردنە، کارێکی ھەرەوەزییە، سەختە، دەبێت بزانیت چۆن وڵاتەکەو سیستەم  و حوکمڕانیت نوێ دەکەیتەوە، کێ ھەڵدەبژێری و دەنگ دەدەیت بەکام لایەن و کەس و کاندید. بۆ ئەوەی وڵات لە گەندەڵی و فەسادو نا دیموکراتیەت و نا دادپەروەری و نا سیستەمی پاک بکەیتەوە دەبێت لەناو ێندوقی ھەڵبژاردن جۆبار بکەیت, دەنگت با رێڕەوی حوکمڕانی نیشتمان پاک بکاتەوە. با فێر بین بزانین چۆن دەنگ دەدەین، کێ ھەڵدەبژێرین، چونکە ئەگەر جۆگای ئاوەکە باش پاک نەکەیتەوە، ئەوا دڵنیابە ئاوەکە ناگاتە ناو زەویەکان و کشتوکاڵەکەت بەرھەمی نابێت و دواجار زیان دەکەیت. بۆیە باش بیربکەوەو دەنگت با گۆڕانکاری دروست بکات، دەنگت با وڵات پاک بکاتەوە، دەنگت با ئازادی بەژن زراڤ بکات، دەنگت با بەرسڤی نەھامەتیەکانت بێت. دەنگت با دەرکەوتنی ئاسۆی تازەی ئومێدو ھیوا بێت بۆ ئەوەی گەلەکەمان تەوقی ئەم قەیرانانە بشکێنێت و بیسەلمێنێت دەتوانێت گۆڕانکاری بکات. ،  گرنگە جۆگاکە بە پیسی جێ نەھێڵیت.  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×