دەنگدان مافی ھەموو کەس نیە..

هەندرێن شێخ راغب
  2025-11-16     163

با کوردستان بگەڕێتەوە سێ ھەزار ساڵ پێش ئێستا!
زۆربەتان دەزانن دیموکراسی زادەی کولتورو بیرکردنەوەی سێ ھەزار ساڵ پێش ئێستای یۆنانیەکانە، لانیکەم یەکەم شەپۆلی دیموکراسی کۆن بەناوی یۆنانیەکانە. بەڵام دەنگدان و ھەڵبژاردن لای یۆنانیەکان چۆن بوو؟ زۆر کەم خەڵک مافی دەنگدانی ھەبوو، لەوانە:
-کۆیلە بۆی نەبوو دەنگ بدات.
-ژنان بۆیان نەبوو دەنگ بدەن.
-بێگانەکان بۆیان نەبوو دەنگ بدەن.
-خاوەن ماڵ و سەرمایە مافی دەنگدانیان ھەبوو، بەڵام ئەوەش مەرجی قورسی ھەبوو، دەبوو سەرمایەکەی لەم بڕەی دیاریکراوە کەمتر نەبێت, ئینجا کە دەنگ دەدات بزانێت چۆنەو بۆچیەو چی دەوێت؟.
-ئەرستۆقرات و دەسەڵاتدارو کەسایەتی ناسراو بۆیان ھەبوو دەنگ بدەن، بەڵام دەبوو تەواو ھۆشیارو بەرپرس بن ئینجا مافی ئەوەیان ھەبوو دەنگ بدەن.
بۆچونم وایە ئەمە بۆ کوردستان زۆر دروستە، پێم وانیە لە کوردستان ھەموو کەس مافی دەنگدانی ھەبێت، زۆرێک لە ژنان و پیاوان و گەنجان بەڕاستی نابێت مافی دەنگدانیان ھەبێت، زۆرێک دامەزراوەو ناوەندو بنکەو شوێنێک نابێت مافی بەشداری دەنگدانیان ھەبێت. ئاخر گوناح نیە کارتی بایۆمەتری دەنگدان بە پەنجا ھەزار دینار بفرۆشێت و حەقی دەنگدانیشی ھەبێت!. کەسێک نەزانێت دیموکراسی چیە، ھەڵبژاردن چیە، گەشەی سیاسی چیە، پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی چیە، ئاشتی کۆمەڵایەتی چیە، ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات چیە، تاوانە کارتی دەنگدانی ھەبێت.  حەق وایە ئەم پرسە ببێتە بابەتێکی زۆر جددی لایەنە سیاسیەکان و ناوەندە روناکبیری و فکریەکان و دامەزراوەکان و کەسایەتیەکان کە ئیدی لە کوردستان ئەوانەی مافی دەنگدانیان ھەیە شەرت و مەرج و رێکارو رێنمایی و رێسای زۆر باش و دیموکراسی و زانستی و مەدەنیان بۆ دابنرێت، ئەوانەی دەنگ دەدەن خەڵکانێک بن بزانن بەرپرسیاریەتی دەنگ و دەسەڵات و ئاڵوگۆڕی دیموکراسیانە چیە. نەک بە ژەمە خواردنێک و بڕێک پارەو خاتری بەرەباب و عەشیرەت و پیاوماقوڵ و تەکلیفی فڵان کەس و لایەن دەنگ بدات و نەشزانێت دەنگدان چ واتایەکی گەورەی سیاسی و نەتەوەیی و مستەقبەلی ھەیە لەسەر خۆی و نەوەو خێزان و وڵاتەکەی. دەنگدان بە مافی ھەموو کەس رەوا نابینم چونکە ھەڵبژاردنەکانی کوردستان ئەم قەناعەتیان لا دروست کردوم.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×