ئێران و تورکیا مووچەو بودجە

هەندرێن شێخ راغب
  2025-11-23     195

چاوەڕێ دەکرا ئەنجامی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، زەبرێکی توند لە ھەژمون و کاریگەری ئێران بدات لە عێراق. بەڵام وەڵامی ئێران زۆر راشکاوانە بوو, دوور لە ھەموو پێوەرێکی سیاسەتی نێودەوڵەتی بە ئاشکرا گوتی: ئەوەندە کورسیەمان لە ھەڵبژاردنی عێراق بردەوە. لێرەدا روونە کە شیعەکان ھێزی یەکەمن و کابینەی حکومەت دروست دەکەن، ئێرانیش نەک پەراوێز ناخرێت، بەڵکو دەستی لەناو کابینەدا ئەستورە. 
ئێمە ماوەی یازدە ساڵە لە دۆخێکی سەختی بێ موچەیی و بێ بودجەیی دەژین، موچەو سەرەموچەو پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و دامەزراندن و پێشینەی ھاوسەرگیری و قەرزی پیشەسازی و دەیان جۆری تر پارە لە کوردستان بڕاوە. پشتمان لەبەغداو تاران کردو ئابوری سەربەخۆمان راگەیاند، رومان کردە تورکیاو بۆڕی نەوتمان بردە تورکیا. بەڵام ماوەی یازدە ساڵە تورکیا ھیچی نەکرد, ئێران و عێراقیش قوتی تۆیان بڕی، دواجار تورکیا شکستی ھێناو بەغداو تاران نەوتەکەیان لێ وەرگرتینەوە. ئێستا نەوتی کوردستان، عێراق لە رێگای تورکیا دەیفرۆشێ. تورکیا ھەمیشە داواکاری لەھەرێمی کوردستان ھەیە، بەڵام ھیچی پێشکەش ناکات، داوای ھاوکاری دژی پەکەکەو رۆژئاوای کوردستان لە ھەرێمی کوردستان دەکات، نەوتی ئێمە دەڕۆیشتە ئەوێ و دەفرۆشراو کەچی قەرزاربووین، ئینجا کوردستان وەک بازاڕی کاڵای خۆی سەیر دەکات و دەبێت ھێلکەشی لێ بکڕین. راست و دروست قسە بکەین لە پێکھێنانی کابینەی ئەمجارەی حکومەتی عێراق پێویستە رەچاوی بەرژەوەندیەکانی ئێران بکەن، ئەوەتا ھەڵبژاردنیش تەواو بوو کەچی بەغدا موچە نانێرێت؟ بۆیە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە لێک تێگەیشتنێکی کۆنکرێتی ھەیە لەگەڵ ئێران. ئەگەر ئێران فەرمان بکات شیعەکانی حوکمڕانی عێراق ناتوانن یەک رۆژ موچە دوابخەن. بۆچونم وایە تورکیا ھیچی پێ نیە بۆ ھەرێمی کوردستان و ناکرێت باجی ئەم دۆخە ھەرێمایەتیە بدەین، مانای ئەوە نیە بڵێم ئێران شتی پێیە بۆ کوردو لە تورکیا باشترە، بەڵکو بابەتەکە ھاوسەنگی ھێزە، ئێران ھێزی عێراق و بەغدایەو شیعەکان دەتوانن گوێ لە تورکیا نەگرن، بەڵام ناتوانن قسەی ئێران پشت گوێبخەن. تورکیاو ئێران دوو دراوسێی ھەمیشەیی ئێمەن و ناتوانین فەرامۆشیان بکەین و راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ کاریگەری گەورەیان لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەیە، بەڵام لە دۆخی موچەو نەوت و بودجەو قوتی خەڵک ئەمڕۆ بەغدا خاوەن بڕیارە، بەغداش گوێ رایەڵی ئێرانە. ھەرێمی کوردستان دەبێت ئەم دۆخەی خۆی زۆر بە وردی بۆ ئەمریکیەکانیش شی بکاتەوە، چونکە ئەمریکا پارێزبەندیەکی گەورەی قەوارەی ھەرێمە، بۆیە لەبەرچاو نەگرتنی ئەمریکا زۆر مەترسیەو ناکرێت، بەڵام دەبێت ھەرێمی کوردستان لە نێوان دووبەرەکی ئەمریکاو ئێران بێتە دەرەوە. بۆ ئەوەی لەوە زیاتر پان نەکرێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×