ئەو ترسەم لە تورکیا ھەیە!؟

هەندرێن شێخ راغب
  2025-11-30     286

تازە چەند مانگێک بوو سەرکردەی گەلەکەمان (ئۆجەلان) دەستگیرکرابوو، بابەتی دادگاییکردنەکەی و زیندانیەکەی نەک کوردستان وتورکیا بەڵکو جیھانی تەنی بوو. گەلی کورد لەتەواوی پارچەکان و رەوەندی دەرەوە خۆپیشاندان و چالاکی بۆ ئیدانەکردنی دەستگیرکردنی ئۆجەلان ئەنجام دەدا. لەشاری رانیە سەرکردەیەکی پەکەکەمان بینی، زۆر بە دڵگەرمی ئەم پرسیارەم لێکرد: ئایا پەکەکەش بە دەستگیرکردنی ئۆجەلان توشی شکست و کۆتایی شۆڕش نایەت؟ گوتم بە نەمانی شێخ مەحمودو قازی محمدو شێخ سەعیدی پیران و ئەم سەرکردانە راستەوخۆش شۆڕشەکەش نەماوە. باشم بیرە ئەویش زۆر بە دڵگەرمی ستایشی کردم و گوتی خۆشحاڵم گەنجێکی ھەرزەکاری وەک تۆ ئاوا دەزانێت پرسیار بکەیت و زۆر ھانی دام و کەسایەتی بۆ دروستکردم. ئینجا ئاوا وەڵامی دامەوە: ھەڤاڵ ھەندرێن ھیچ خەمی دەستگیرکردنی رێبەر ئاپۆت نەبێت و ھیچ شکستێک و کۆتاییەک لە گۆڕێ نیە، بەڵکو تازە سەردەمێکی بەھێزی کوردایەتی لە تورکیاو ناو پەکەکە دەستپێدەکات، ھەڤاڵ ھەندرێن ئێمە ئۆجەلان دەکەین بە ئێسکێکی ئەستور لەناو قوڕگی تورکیا، فڕێی بدات دەخنکێت، قوتی بدات دەخنکێت، واتە ئەگەر ئازادی بکات ئاوا کورد سەردەکەوێت، ئەگەر لە سێدارەشی بدات ئەوا تورکیا بەجۆرێک توشی کێشە دەبێت سەری دەخوات. 
من ئەوکات گرنگی ئەم وەڵامەم نەدەزانی ھەتا ساڵانی داھاتوو. بەڵام ئێستا ترسێکم بۆ دروست بووە، تورکەکان دەیانەوێت کیانی رۆژئاوای کوردستان لەناو ببەن، دەیانەوێت گۆڕانکاریەکانی دوای شەڕی حەماس و ئیسرائیل کە لە ٧ی ئۆکتۆبەر دەستیپێکردووە بەری لێبگرن و بەناوی ئاشتی لەباری ببەن. دەترسم ھەمان تاکتیک لە دژی کورد بکەن، چونکە میت چرکە بەچرکە چاودێری ئۆجەلان دەکات و لەبەردەستی خۆیانە، دەترسم بەناوی ئاشتی بەڕێز ئۆجەلان توشی دۆخێک بکەن کە بڕیار بدات ھەر شکست بێت، بڕیاریش نەدات ھەر شکست بێت، بەتایبەت لە دۆخی رۆژئاوای کوردستان؟.چونکە میتی تورکی زۆرجار ئەم قسەیان دەگوتەوە کە پەکەکە دەیگوت ئۆجەلان لە قوڕگی تورکیا گیردەکەین. بۆیە ترسم لە یاریەکانی پشت پەردەی سیاسەتی تورک ھەیە؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×