ئەوەی ئەو تورکیاو دوژمنانە لەگەڵ کوردی دەکەن، لە مێژوودا وێنەی نیە.. ئێوە سەیر بکەن کە ئەحمد شەرع لەسەر کورسیەکەی ئەسەد دانیشت و بووە سەرۆک کۆمار، دەستورێکی گوایە تازەی داناو یەکەم بڕگەی ئەوەبوو کە : سوریا دەوڵەتێکی عەرەبی مەرکەزی یەکگرتووەو تەنھا زمانی عەرەبی فەرمییە(یەک موو لەگەڵ بەعس جیاواز نیە). کوردیش رایگەیاند: سوریا پارچە پارچە ناکەین، دەوڵەتمان ناوێت، تەنانەت فیدڕاڵی نەتەوەیشمان ناوێت، دەبینە سەربازی سوریا. سنورەکانمان لەگەڵ تورکیاو ھەموو لایەک بە ئاشتی و یەکپارچەیی و برایەتی دەپارێزین.
کەچی ھێشتا تورکیاو سوریا ناڕازین, تورکیا بانگەشەی ئاشتی و چارەسەری دەکات، یەک سەرباز چیە لە عەفرین و سەرێ کانی ورۆژئاوای کوردستانی نەکشاندۆتەوە، یەک سەربازی لە ھەرێمی کوردستان نەکشاندۆتەوە، زیندانیەکانی ئازاد نەکردوە، ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە، کۆمسیۆنێکی دروست کردووە کەچی زمانی کوردی قەدەغەیە، لە ئیمڕاڵی بانگەشەی چەک دانان کراو جێبەجێ کرا، ئۆجەلان بڕیاری ھەڵوەشانەوەی پەکەکەی داو جێبەجێکرا، ھەموو چالاکیە سەربازیەکان وەستان وکەچی تورکیا ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە.
مەزڵوم عەبدی و ئیدارەی کوردی رۆژئاوا بەفەرمی داوای ئاشتی و برایەتی دەکەن، داوای دانوسان دەکەن، داوای پەیوەندی سیاسی دەکەن لەگەڵ تورکیا، یەک فیشەکی دەمانچەی ئاویش نانێن بە تورکیا، سنورەکانی تورکیا بە ئارامی و پارێزراوی ماون. کورد ھیچ ھەنگاوێک نەما بۆ برایەتی و ئاسایش و تەبایی نەنێت لەگەڵ تورکیا. سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بەیاننامەی فەرمی بڵاوکردەوە پشتیوانی ئاشتی و چارەسەری سیاسی کرد, لە دنیایەک پانێڵ و کۆڕو سیمینار لە ھەرێمی کوردستان بە روونی باسی ئەوە کرا کە کورد سوریاو تورکیا پارچە پارچە ناکات و تەنھا داوای مافە یاسایی و سروشتی و کولتوریەکانی خۆی دەکات, ئەرێ کورد چی تر ماوە بیکات پێم بڵێن؟؟.
کەچی تورکیا نایەڵێت دیمەشق و ئەحمد شەرع ھیچ بدەن بە کورد، نایەوێت چەک لە دەستی کورد بێت لەسوریاو بە تیرۆریستیان دەزانێت، نایەوێت فیدڕاڵی و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ھەبێت، نایەوێت ئاڵاو قەوارەو لامەرکەزی و ھیچ شتێک بەناوی کورد ھەبێت، دەڵێت دەبێت کورد چەک بکرێت و ببێتە سەربازی ئەحمد شەرع و تەواو. دوژمنی وا سەیرو سەمەرەو دڵڕەق و بێ ویژدان و دڕندەم لە مێژوودا نەدیوە، لەھەموو گۆشەیەک پەلامارت بدات و تەنانەت ناوو ناسنامەو وجودی تۆی بە ھیچ شێوەیەک قبوڵ نەبێت. تورکیا بە چ حەقێک واز لە سوریا ناھێنێت؟ بە چ حەقێک بە نوێژی نیوەڕۆ دەست دەخاتە ناو کاروباری سوریا؟ بە چ حەقێک بەناوی سوریا قسە دەکات؟ بە چ حەقێک بڕیار لەسەر سوریا دەدات؟ ئەی وجودی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوەیەکگرتوەکان چی؟ ناکرێت پابەندی ھیچ رێساو یاسایەکی نێودەوڵەتی نەبیت.. ھەر بۆیەشە رۆژ بە رۆژ دنیای عەرەب پاشەکشە دەکات و لاواز دەبێت، عەرەب تەنھا نەوت و غازەکەی بەدەست ماوە، ئەوە نەمێنێت دەبێت ببنەوە حوشترەوانی سوڵتانە نوێیەکانی عوسمانی!. شەرمە بۆ عەرەب و دەوڵەتانی عەرەب بەمجۆرە مامەحەمەیی بۆ تورکیایەک دەکەن کە ھیچ پڕۆژەیەکی برایەتی و ئاسایش و سەرکەوتوی بۆ عەرەب پێ نیە، باشترین بەڵگە کەرتی (غەززە)یە، تورکیا یەک فیشەک چیە نەیناوە بە سەربازێکی ئیسرائیلی؟ کەچی سەیرە ھێشتا عەرەب ئومێدی بە تورکیا ھەیەو گەلی کورد لەناوخۆی سوریا لەبەر خاتری تورکیا دەکاتە دوژمنی خۆی. نە سوریاو نە تورکیا ھیچیان نەداوەتە کورد, کەچی ھێشتا ئەوان توڕەن و ئارامیان نەماوە؟. لەسەر مەسەلەی کورد حەق وایە تورکیا وەک عاجباتی ھەشتەمی دنیا بناسێنرێت!.
بەدڵ پشتیوانی ئاشتیم لە تورکیاو چارەسەری سیاسی کورد، نەفرەت لە شەڕو کوشتن دەکەم، بەڵێ با دایکی تورک و کورد چی تر جەرگیان نەسوتێ. لەوپەڕی قەناعەتەوە باوەڕمان بە نەمانی شەڕەو ئاواتمان سەرکەوتنی ئاشتییە, بۆیە تورکیا دەبێت لەم دڕندەییە دابەزێت و کورد قبوڵ بکات لە سوریاو تورکیاو ئێران و عێراق. سەردەمی سڕینەوەو پەراوێزخستن و عاتیفەجوڵاندن و کڵاو دوورین بەسەرچوو!!. ھێزە کوردییەکان, کوردی پەنجا ساڵ پێش ئێستا نین؟؟..