کاتێک بەشار ئەسەد روخاو ئەحمد شەرع بووە دەسەڵاتدار، وتارێکم نوسی بەناونیشانی :(بەخێربێن بۆ سەردەمی تورکیا). چونکە تەواوی فیلمەکەو سیناریۆکە لە دەرھێنانی تورکیابوو. ئەوکات رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران ھێرشێکی زۆر توندی کردە سەر تورکیاو بە خائین و ناپاک بەرامبەر ئێران و رێککەوتنەکان وەسفی کرد. زۆری نەبرد دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا چاوی کەوت بە ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاو راستەوخۆ سوپاسی کرد کە گوتی تورکیا سەرئێشەکەی سوریای لەکۆڵ کردینەوە. تا ئێرە روداوەکان ئاسایی ھاتن. بەڵام ئەوەی بۆ کورد لەپشتی پەردەوە ھەبوو پیلانێکی ھێجگار مەترسیداربوو. تورکیا رێکوراست دەستی داوەتە لەناوبردنی کوردو شەڕی راستەوخۆی لەگەڵ کورد ھەڵگیرساندوە. تاوەکو ئێستاش براوەی یەکەمە، ھەرچەندە من لەگەڵ بۆچونەکانی پێشووی خۆمم کاتێک وتارێکم نوسی بەناوی(تورکیای نەزان). بەڵام تورکیا مەستی دەستکەوتەکانی بووە بەرامبەر کوردو چاوی کوێرە. ھەرچەندە بۆچونم وایە دەستکەوتەکانی کاتین. بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم دەستکەوتانەی ھەیە:
-بەناوی پرۆسەی ئاشتی خەباتی چەکداری باکوری لە قاڵبدا. فشاری کوردی لەناو تورکیا خاو کردەوە، کوردی باکوری مەشغول کرد.
-ھەرێمی رۆژئاوای کوردستانی لەباربرد, سوریاو جڕوجانەوەری ئەم وڵاتەی ھەمووی بەرداوەتە گیانی کورد.
-لەیەک کردن و درز تێخستنی نێوان ئەمریکاو کورد، نوێنەرەکەی ئەمریکای کردە نۆکەری خۆی. درزی خستە پەیوەندی پتەوی کوردو ئەمریکا.
-دروستکردنی دوژمنایەتی عەرەب و کورد لە سوریا. ھەڵگەڕانەوەی عەشیرەتەکان و ھاندانیان بۆ تاوان دژی کورد تاوەکو ھەرگیز کورد نەبێتە ھێزێکی کاریگەرو رووی لەتورکیا بێت، ئەوەتا عەشایەری عەرەبی لە ھاوپەیمانی ھەسەدەوە کردە دوژمنی ھەسەدەو کورد. راستە ئەم عەرەبانە ھەرگیز جێگای متمانە نین، بەڵام راستیەکەی تورکیا زۆر زیرەکانە خوێنی خستە نێوان عەرەب و کورد.
-رازیکردنی سعودیەو قەتەر کە پارەی زەبەلاح و چەکی پێشکەوتوو بدەنە سوریاو دژایەتی کوردیان پێ بکات.
-فەشەلی بەتیۆرەکانی ئۆجەلان ھێنا سەبارەت بە برایەتی گەلان و پێکەوەژیان، رێک ھەڵیگێرایەوە کردیە خوێن رشتنی گەلان.
-بردن وتاڵانکردنی نەوت و غازی سوریا. ئێستا تورکیا لە وزەی سوریا خەریکی دزی کردنە.
-تێکدانی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتدارانی دیمەشق و کورد، چونکە باس لەوە دەکرا ئەوەندە بەرامبەر کورد توند نەبوون، بەڵام تورکیا راستەوخۆ ھەڕەشەی لێدەکردن کە نابێت ھیچ بدەنە کورد.
-داگیرکردنی خاکێکی زۆری رۆژئاوای کوردستان و بچوک کردنەوەی نیشتمان و قەوارەی کوردی کە وەک ئەوە وایە لەناو بیر بژیت.
بەمجۆرە تورکیا پیلانە مەترسیدارەکەی بەرامبەر لەناوبردنی کورد خستۆتە گەڕ، کە ئامانجی داھاتووی :شەنگال، مەخمور، کفری، دوزخورماتوو، مەحمودیە، سنونێ و شێخان و ئەم خەتەیە کە بەردەوام دەڵێ لە شەنگالەوە ھەتاوەکو خانەقین موڵک و ماڵی تورکمانەکانە. بەکورتی وێرانکردنی ھەرێمی کوردستان پیلانی دووەمیەتی. ئەحمد شەرعیش داردەستی راستەوخۆی تورکیایە.
-لەھەمووشی مەترسیدارتر تورکیا سەرکەوتوو بووە لە دروستکردنی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و سوریاو سێ پارێزگای داوەتە ئیسرائیل، ئەمەش وا دەکات کورد بکەوێتە ژێرەوەی فایلەکانی ئیسرائیل، کە ھەموان دەزانین ئێستا حاکمی گۆڕانکاریەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەوڵەتی ئیسرائیلە.
کاتی ئەوەیە کورد بەوردی و جددی و یەکلاکەرەوە خۆی بۆ تێکشکاندنی ئەم پڕۆژەیەی تورکیا ئامادە بکات و بە کورتی شەڕەکە ھێشتا بۆ کورد لە سەرەتایە. ئەو رۆژانەی ماون زیاترن لەوەی لە کیس چوون. ھەرچەندە بۆچونم وایە تورکیا لە دوورمەودوا زیان دەکات و دەستکەوتی نیە، بەڵام ناکرێت بەرامبەر لەناوبردنی کورد دانیشین. دەبێت بەھەموو توانامان رووبەڕوی پڕۆژەکەی تورکیا ببینەوە.