عێراق بە جامانەی کوردییەوە!

هەندرێن شێخ راغب
  2026-02-04     159

ئەگەر دەوڵەتی عێراق دەیەوێت وەک ئێستا بمێنێتەوە، دەبێت جەمەدانی کوردی لەسەر بکات, دوو ساڵ پێش ئێستا روداوەکان سەد لە سەد پێچەوانە بوون، ئەوکات عێراق وەک دێوێک دەیەویست ھەرێمی کوردستان قوت بدات، بەڵام ئێستا بۆ مانەوەی پێویستی بە جەمەدانی کوردیە. 
روخانی بەشار ئەسەدو ھاتنە سەر حوکمی پێکھاتەی مەزھەبی سوننە لەسوریا، تەواوی ھاوکێشەکانی گۆڕی. سوریا زیاتر لە ٥٠% دانیشتوانی لە مەزھەبی سونەیە، ئەم دەوڵەتە بەھۆی رێککەوتنی پاریس تەواو ھاربووە، پەلاماری کوردی دا، لە حەلەبەوە دەستیکرد بەجێبەجێکردنی پیلانە ھەرە مەترسیدارەکەی خۆی. ئەم شەپۆلە سونیە رادیکاڵە بە ئاشکرا باوەڕی بەیەک جوگرافیا ھەیە، یەک زمان، یەک ئاڵا، یەک دەوڵەت و مەرکەزیەتی توند، کە شوناسەکەی تەنھا عەرەبی بێت، رێکوڕاست کۆپی کردنی دەستوری دەوڵەتی تورکیایە. ئێستا لەسوریا سەرکەوت، دەیەوێت بەھەمان نەفەس بۆ عێراقیش بێت، دەسەڵاتدارانی ئێستای سوریا باوەڕیان بە فیدڕاڵی، دیموکراسی، ئۆتۆنۆمی، فرە نەتەوەیی  نیەو زۆر ناوەندی و عروبەیین، ئەم پڕۆژەیەش ھێزە کاریگەرەکانی ناوچەکە وەک تورکیاو سعودیەو قەتەر زۆر پشتیوانی دەکەن، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەی ئێستا لەروی ماددی و سەربازی و نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی پشتیوانی زۆر گەورەی ھەیە، ئەمەش بە ئاشکرا لە رێککەوتننامەی پاریس دەرکەوت. ئەمریکاو فەڕەنساو ئیسرائیل نقەیان لێوەنایەو تەنھا دروشم و بەیاننامەو ئیدانەکردنێک دەخەنەڕوو بۆ ئەوەی لە بەرپرسیاریەتی رابکەن، ئێمە بینیمان ئەوکاتەی ھەزاران سەرباز دوور لە ھەموو رەوشتێکی جەنگ پەلاماری دوو گەڕەکی کوردی دەدا لە حەلەب، ئاگربارانی مەدەنی کورد دەکرا، وەفدی یەکێتی ئەوروپا ھاتە دیمەشق و سەدان ملیۆن دۆلاری دایە دەسەڵاتدارانی ئێستای سوننەی سوریا. کەواتە ئێمە دەبێت بزانین پیلانێکی گەورەی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی ھەیە بۆ گەڕانەوەی توندترین و داخراوترین و مەرکەزیترین دەسەڵاتگەری ناوەندی بەسەرۆکایەتی مەزھەبی سوننەی عروبەیی. ئەمەش مەترسییە ھەرە گەورەکەی بەردەم دەوڵەتی ئێستای عێراقە. لەعێراق شیعە حوکم دەکات، زیاتر لە ٥٠% دانیشتوانی عێراق پێکدەھێنن، کورد ھەرێمێکی فیدڕاڵی ھەیە. ئەمڕۆ ئەم بەرە سوننە داخراوە خوێنڕێژە بەخۆی و چەقۆکەیەوە ھاتۆتە سەر سنوری عێراق و ھەڕەشە لە سەری شیعەو کورد دەکات، بە ئاشکراو بێ پەردە دەڵێن سوریاو عێراق دوو دەوڵەتی عەرەبین کە سوننە حاکمی یەکەم و کۆتایی بێت. پارەو ھێزو پشتگیریەکی توندی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتیشی ڕەگەڵ کەوتووە. شیعەکان پشتێکی بەھێزیان ھەبوو کە دەوڵەتی ئێرانە، بەڵام ئێران لە زلھێزی و ھێرش بردنەوە چووەتە قۆناغی بەرگریکردن و ناتوانێت ئەوە بۆ عێراق بکات کە بیپارێزێت لەم شەپۆلە توندە تێکەڵەی بەعس و داعش وعروبەیی بە سەرۆکایەتی بەرەیەکی گەورەی دەوڵەتە سوننەکان. ئەوەی زیاتریش ماڵی شیعەی عێراقی ھەژاندو ئەم ترسەی کردە واقعێکی زۆر بەرجەستە، ئەم ھەڕەشەیەی تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا بوو کە گوتی نابێت نوری مالیکی ببێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق. بە روونی دیارە لە دوو بەرەوە مەترسیەکی گەورە روبەڕووی شیعەکان بۆتەوە، یەکەم مەترسیەکی ھەرێمایەتیە کە تورکیاو سعودیەو قەتەر سەرۆکایەتی دەکەن، دووەم مەترسیەکی نێودەوڵەتیە کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات. ئەمەش وا دەکات لەناوخۆی عێراق بکەونە بەردەم ئاڵنگاری زۆر سەخت، لێرەدا کورد یەکێک لە پارسەنگە زۆر گرنگەکانی پاراستنی عێراقە، چونکە شیعەکان بۆ ئەوەی نەجەف و کەربەلاو بەغدادو بەێرە بپارێزن، ئەوا دەبێت دەستبەرداری کەرکوک بن. چونکە ئەگەر بێت و ئەم بەرە دڕندەو خوێن ڕێژە پەلاماری عێراق بدات ئەوا فاتیحە بۆ شیعە بخوێنە، لێرەدا شیعەکان زۆر پێویستیان بەگەلی کوردە، لەروی دەستوری و مانەوەی ئەم دەستورەی ئێستای عێراق کورد زۆر گرنگە بۆ شیعەکان، ئەگەر ھاتوو کورد دژی دەستوری ئێستا بوو، ئەوا سوننەکان بەدڵنیاییەوە فشاری گەورەی ھەموارکردنەوەی دەستپێدەکەن، لەروی سەربازیەوە شیعەکان زۆر پێویستیان بە کوردە کە ھێزی پێشمەرگە بەرەیەکی توند دژی ئەم مەترسیە گەورەیە بکاتەوە، لەروی شەرعیەت و پارسەنگی دەسەڵاتەوە لە بەغداو نوێنەرایەتی کردنی پۆستە سیادیەکان زۆر پێویستیان بە کوردە، لەروی دروست نەبونی کەلێنی حوکمڕانی گرنگە کورد لە بەغداد لەگەڵیان بێت، بۆیە شیعە ئەگەر بیەوێت لە دەسەڵاتی عێراق بمێنێتەوە، زۆر گرنگە بۆ بەرژەوەندی خۆی زەویەکانی سنوری ماددەی ١٤٠ بداتەوە کوردو سەنگەرەکانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە بکاتە یەک, گرنگە بابەتی موچەو بودجە لەگەڵ کورد بنەبڕ بکات و کۆتایی بەم قەیرانە بێت، پێویستە کورد بگەڕێتەوە کەرکوک و شەنگال و حەمرین و خانەقین و مەندەلی و ھەموو ناوچە کوردستانیەکان، چونکە ئەمە بەرەی سوننە دەخاتە ژێر فشارەوەو پاڵپشتی گەورەیە بۆ شیعەکان. لەروی ھاوسەنگی دەسەڵات و دەوڵەتدارییەوە شیعەکان دەرگای حکومەتی عێراق بۆ کورد بکەنەوە، ئێستا چارەنوسێکی ھاوبەش لە عێراق کۆیان دەکاتەوە، بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە شیعەو کورد دەبێت باشتر خوێندنەوەی بۆ بکەن، بەتایبەت شیعەکان لەسەر عەقڵیەتی ناوەندیەتی بەغدا بێنە خوارەوە، بۆ ئەم دۆخە سەختەی ئێستا رووی لە عێراق و ئێران کردوە یان بڵێم لە پێگەی شیعە کردوە، ھەرێمێکی کوردستانی بەھێز زۆر پێویستیە بۆ مانەوەیان، کوردستانێکی بەھێز مانای بوونی بەربەستی ھەرە گەورەی گەڕانەوەی سوننەی عێراق و بەرەی سوننە، ئەمەش خزمەتی ستراتیژی گەورەی شیعەکان دەکات، ئەگەر شیعەکان بیانەوێت لە دەسەڵات بمێننەوە دەبێت لەبەغدا جامانەی کوردی قبوڵ بکەن. یان ھەمووی یان ھیچ مانای نەمانی شیعەیە، راستیەکە ئەوەیە بەشێکی ببەخشن بۆ ئەوەی بەشە سەرەکیەکە بپارێزن. بۆ ئەوەی بەغداو بەێرەو نەجەف و کەربەلا لەدەستیان بمێنێتەوە، دەبێت بەرەی باکور زۆر پتەو بکەن، کە لە حەمرینەوە دەستپێدەکات!. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×