وەھمی ئیسرائیل!!

هەندرێن شێخ راغب
  2026-02-10     206

لە پشتیوانیەکی عەزیم بۆ گەلی کورد لە تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل لە گردبوونەوەیەکدا بە زمانی کوردی گۆرانی( لۆرکێ لۆرکێ)گوترایەوە, بەڕاستی ئەم پشتیوانیە عەزیمەی ئیسرائیل بۆ گەلی کورد مێژوییە!!. 
دەوڵەتانی عەرەبی و تورک و فارس و ناوچەکە، زۆر بە زیرەکانەو بە بەرنامە ناوی کوردیان بەستۆتەوە بە ئیسرائیل، بۆ ئەوەی لەروی دەرونی و سیاسی و دەستە جەمعی و ئامادەسازییەوە ھەمیشە گەلەکانیان بۆ پەلاماردنی کورد لەسەر پێ بن و دەنگی پشتیوانی کورد لەناو خەڵکەکەیان سفر بکەنەوە. لەکاتێکدا زمان، دین، کولتور، کێشە، جوگرافیا، بیرکردنەوە، ھەموو شتێکی گەلی کوردو گەلی جوو لەیەکتر جیاوازە, ھەر ھیچ نەبێت کورد ئیسلامەو ئەوان موساین. لە خەیاڵی ھەموو عەرەبێک و ئیسلامێک ێەلاحەدینی ئەیوبی رەمزو کاریزمایەو رزگارکەری قودسە، بەڵام ئەوەندە زیرەکانە ناوی کوردیان بەستۆتەوە بە ئیسرائیل لەجیاتی ئەوەی ھاوڵاتیانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و موسوڵمانەکان سۆزیان بۆ کوردی نەوەی ێەلاحەددین ھەبێت، جنێوو نەفرەتی بۆ بنێرن و بە ئیسرائیلی دووەم وەسفی بکەن. بیرمە لەکاتی ریفراندۆم رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران کە باڵاترین گوتاری دەوڵەتەکەیە بە ئاشکرا گوتی: رێگا نادەین ئیسرائیلی دووەم دروست ببێت. باشە بۆ ئێمە ئیسرائیلی دووەمین؟ پرسیارێکە وەڵامێکی دورو درێژی دەوێت.
ھەر جوڵەو خەبات و تێکۆشانێکی کورد دەبەستنەوە بە ئیسرائیل لەھەر چوارپارچە، دەیانجار کۆماری ئیسلامی ئێران بزوتنەوەی کوردی لە رۆژھەڵات بە گرێدراوی ئیسرائیل وەسف کردووە، باشوری کوردستان بە ئیسرائیلی دووەم وەسف کردووە, ئێستاش بەردەوام رۆژئاوای کوردستان بە گرێدراوی ئیسرائیل دەزانن, باکوریش ھەروا. لەکاتێکدا کورد خەباتی نەتەوەیی و سیاسی رەوای خۆی دەکات و ھیچ سنورێکی ھاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل نیە. بەردەوامیش بە فەرمی کورد پشتیوانی خۆی بۆ فەلەستین و گەلەکەی و کێشەکەی دووپات کردۆتەوە. 
تاوەکو ئێستا ئیسرائیل ھیچی بۆ کورد نەکردوە، بە کردەوە لەسەر زەوی ھیچی دیار نیە، ئەوەتا بەھۆی (رێککەوتنی پاریس) کیانی رۆژئاوای کوردستان لەبارچوو، تەنھا پارێزگارێکی حەسەکەمان بۆ ماوەتەوە کە ئەگەر دوو ریش سپی کاتی خۆی چووبان بۆ لای بەشار ئەسەد ھەر بەدیاری پۆستەکەی دەدایە کوردێک!!. کە ھۆکارەکەی رێککەوتنی ئیسرائیل و سوریایە. سێ پارێزگای لە سوریا وەرگرت و نقەی نەما, ئەگەر ئیسرائیل لە پشتی کوردە رۆژ ھەیە لەوە تەنگانەتر بۆ کورد ئەوەی لە رۆژئاوای کوردستان ھەیە؟ بۆ ئیسرائیل ناتوانێت چەکی زۆر پێشکەوتوو دابین بکات؟ ناتوانێت کۆمەکی گەورەی دارایی بکات؟ ناتوانێت ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەمریکاو ئەوروپا بھەژێنێت؟ کوا یەک کردەوەی ئیسرائیلم پێ بڵێن بۆ کورد؟. ئینجا لەباشوری کوردستان لەکاتی داگیرکردنەوەی کەرکوک و شەنگال و ناوچە کوردستانیەکان چی کرد؟ کوا رۆژێک یەک پشتیوانی بە کردەوەی ئیسرائیلم پێ بڵێن بۆ کوردی باشور؟ بۆ رۆژھەڵات؟ ئەگەر چەند پارچە چەک و فیشەک و یەک دوو لێدوانی ھاوسۆزییە ئەوا ھەر یەک دوو دوکانداری چەک فرۆشی لە ھەولێر بەتەنیا دەتوانن دوو ھێندەی ئیسرائیل چەک بۆ کورد دابین بکەن؟ من نازانم لەروی سەربازی، جوگرافی، ئابوری، دبلۆماسی، مەیدانی، نەتەوەیی، سیاسی... ئیسرائیل چی بۆ کورد کردووە؟ حەزەکەم بزانم. 
بەڵام ئەو راستیەش ئەزانم، کورد ھیچ کات پشتیوانی ئیسرائیل نەبووە، تەنانەت کورد ھەیە لێرەوە چۆتە فەلەستین و لەوێ کوژراوە، لەروی زمان، کولتور، فەرھەنگ، سیاسی، دینی، ھەموو لایەنەکان کورد زۆر دژی ئیسرائیل بووە. تەنانەت کورد جنێوی دنیای ھەیە لەسەر گەلی جوو, راشکاوانە ئێمەش ھیچمان بۆ نەکردون. بەڵام ئەمڕۆ ئەوان ھێزن، دەوڵەتن، پشتیوانی گەورەیان ھەیە، ئێمەش چاومان لە ھاوکاری ئەوانە، بۆ ئەوەی ئێمەش لەدەست ھەژمونی تەعریب و داعش و تیرۆریستان و تورکە دڕندەکان و فارسە مەزھەبیەکان پارێزراوبین و بەھاکانمان بپارێزین، کە دەکرێت لەروی بەھاکانەوە پێکەوە کار بکەین. 
بابەتێکی تر ھەیە دەمەوێت بزانم سەرکردایەتی سیاسی کورد بۆچی ئەوەندە خۆی دەپارێزێت لە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل؟ دەوڵەت نەما نەچێتە ناو رێککەوتنی ئیبراھیمی و باڵیۆزخانەو کونسڵخانەی ئیسرائیل لە وڵاتەکانیان نەکەنەوە. کورد پێویستە روون و راشکاو لەسەر ئەم گوتارە کاری جددی بکات. بەتایبەت پێویستە کورد دوو گوتارو دوو بەرنامەو دوو سیاسەتی راشکاوی ھەبێت، یەکێکیان بۆ دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی و ئەوەی تریان بۆ کۆمەڵگەی ئیسرائیل. ناکرێت ئێمە لە ھەردووکیان بێبەشین و بەناوی ھەردووکیان باجی قورس دەدەین. ناکرێت تۆمەتی دنیامان بۆ دروست بکرێت بەناوی ئیسرائیل کەچی کاری لەسەر نەکەین بەتایبەت دەزگا فەرمیەکان و نوێنەرانی کورد لەناو دەوڵەتانی ناوچەکەو ھێزە سیاسیەکان. 
بە بۆچونی من ئیسرائیل تەنھا کار بۆ خۆی دەکات، ھیچی بۆ کورد نەکردووە، ئەگەر لە پشتی پەردەش شتێکی ھەیە ھیچ نیەو لە سەر زەمین و خاکی کوردستان بچوکترین سودی نەبووە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×