کوڕی شای ئێران راست دەکات

هەندرێن شێخ راغب
  2026-02-27     214

بەوپەڕی قەناعەتمەوە بیرکردنەوەم وایە کە ھیچ سنورو دەوڵەت و بازگەیەک نەبێت لەم رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە، لە ھەولێرەوە بەمیترۆ بچمە تاران و لەوێش بڕۆمە ئەنقەرەو دوایی بە شاری بەغداوە بێمەوە سلێمانی و ھیچ پاسپۆرت و بازگەشی نەوێت. تەنانەت دراوی ھاوبەشیش ھەبێت. بەڵام ئێوە تەماشا بکەن کوڕی شای ئێران ھێشتا ئاوارەیە!! پەنجا ساڵە لە وڵاتەکەی دوورە, لە تەختی دەسەڵات نیەو ھیچی بەدەست نیە, کەچی یەک بست چیە, یەک تاڵە موو چیە لە مەعدەن و زھن و جیناتی نەگۆڕاوەو دەڵێت یەک پارچەیی ئێران لە ھێڵی سور سورترەو کورد ھیچ نین و یەک بست خاکیان نیەو سوپا دەنێرم قەتلوعامیان بکات. رێک و راست ئەوەیە کە شێخ سەعیدی پیران دەفەرموێ: تۆ لەبیرت چۆتەوە کە کوردی، بەڵام داگیرکەران ھەرگیز لەبیری ناکەن کە تۆ کوردی. 
سەیرە تورک و عەرەب و فارس لەم جوگرافیە دەستکردەی دوای جەنگی جیھانی یەکەم، تاڵی و سوێری و خوێنڕشتن و ئاوارەیی نەماوە نەیبینن، برسیەتی و بێکاری و دواکەوتوویی نەما نەیبینن، ھەر ئێستا نزیکەی دراوی ئێرانی ١٦ ملیۆن تمەن بە سەد دۆلارە، ئەوە لیرەی سوری و تورکی و دیناری عێراقیش سەیر بکە. ئینجا ئەم نەتەوانە لەم جوگرافیە بۆگەنە سەری زمان و بنی زمانیان نەتەوەپەرستی و سنورپەرستی و دەوڵەت پەرستی خۆیانە, بۆیە کورد لەدوای شەڕی حەلەب و رۆژئاوای کوردستان, لەدوای ئەم ھەموو روداوانەی لە پەنجا ساڵی رابردووی ناوچەکە روویداوە، لەدوای ئەم ھەموو چەوسانەوەو قوربانی دانە، تاکە گوتارێک دەبێت زۆر پێداگیری لەسەر بکات ناوی (کوردستان)ە, ھەر کوردێک سەربەخۆ خوازو ئینفێالی و جیاخواز نەبێت، خزمەتکاری تورک و فارس و عەرەبە. باشترین گوتارو تێکۆشانی کورد ئەوەیە پێداگیری لەسەر جوگرافیای کوردستان بکات، دەوڵەت و سەربەخۆیی دەرمانی یەکەم و کۆتاییە. تۆ رۆژانە نکۆڵیت لێ دەکرێت، ئەنفال دەکرێیت، خوێنت دەڕژێت، بەردەوام قوربانی دەدەی، کەواتە بۆچی داوای سەربەخۆیی ناکەیت؟ خۆ لەوە زیاتر نابینە قوربانی؟. ئەم ھەموو قوربانی و دەردی سەری و خوێن ڕشتنە ھاوتاکەی جوگرافیای کوردستانە, نەک دابەزین بۆ داواکاری ھەندێک ماف. بۆیە ئەگەر پێداگیری لەسەر سەربەخۆیی بکەین ھەر ئەوەندە دەکوژرێی و لێت دەدەن؟. دەبێت داواکاری کورد زۆر بەرز بن. نابێت بەمجۆرە خۆت لە قاڵب بدەیت. (دەبێت لەدوای شەڕی رۆژئاوای کوردستان تەواوی قوڵایی ستراتیژی کورد لە ھەر چوارپارچە بگۆڕدرێت، دەرکەوت جگە لە گوتاری سەربەخۆیی و ئینفێالی، تەواوی گوتارەکانی تر ھیچ بۆ کورد دەستەبەر ناکەن). 
ئەوەتا پێنج حزبی رۆژھەڵات بە شکۆوە ھاتون گوتارێکی ھاوبەشیان واژۆ کردووە، داوای سەربەخۆیی و جیابونەوەشیان نەکردووە، کەچی کوڕی شای ئێران دێت ئاوا ھەڕەشەی ئەنفال کردنت لێ دەکات, کە قسەکەی راستەو ئەوان ئاوا بیردەکەنەوەو ئەوە قسەی دڵی تورکیاو عێراق و سوریاو ئێرانە, کوڕی شا راستگۆیانە دواو نەھات بەدرۆ باسی مەرسوم دەرکردن و مافی کوردو ئاشتی و چارەسەری بکات و لەولاشەوە خەریکی کوشتنی ژن و منداڵی کوردو سڕینەوەت بێت. ئەگەر کوڕی شا باسی مافی کوردی کردبوایە ئەوا جێگای پرسیار بوو، چونکە ئەوان و مافی سیاسی و جوگرافی کورد کوجا مەرحەبا؟ بەڵکو ھاتووە راست و دروست قسەی خۆی کردوە. ئێمەی کوردیش دەبێت بزانین تاکە چارەسەر بۆ ئێمە جوگرافیایەکە ناوی (کوردستان)ە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×