عەلی لاریجانی سەرکردەی ناسراوی ئێستای ئێران گوتی: کوردی ئێران و عێراق بەقسەی ئەمریکا ناکەن، چونکە لە سوریا فرۆشتنی و خیانەتی لێکردن، بۆیە کورد ناچنە بەرەی ئەمریکا.
ئەگەر بگەڕێینەوە رابردوو پەیوەندی نێوان ئێران و کورد ھێجگار خراپ بوو، ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت لە داگیرکردنەوەی کەرکوک و قەیرانی موچەو بودجەو لێدان لە ھەرێمی کوردستان ھەمووی ئێران سەرپەرشتی دەکردو عێراق جێبەجێکارە. بەڵام ئەوەی تەواوی ھاوکێشەکانی گۆڕی ھاتنی (تۆم باراک ) بوو بۆ نوێنەرایەتی ئەمریکا لە ناوچەکە، ئەم پیاوە عەرەبی لوبنانە، باڵیۆزی ئەمریکایە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا. تۆم باراک کەوتە بەردەستی میتی تورکی و ھەرچی مەبەستیان بوو لە سوریا بەرامبەر کورد پێیان کردو درزی گەورەیان خستە پەیوەندی و متمانەی نێوان کوردو ئەمریکا( لەوتاری دەستکەوتەکانی تورکیا بە وردی ئەمەم روونکردۆتەوە). خیانەتی تۆم باراک و رێککەوتنی پاریس کوردی زۆر توشی دڵەڕاوکێ و بێ متمانەیی کردووە بەرامبەر رۆژئاواو ئەمریکا. لەھەڵوێست و قسەو رەفتاری کورد بە زەقی دیارە, بۆ نمونە جاران ئەگەر ئەمریکا داواکاریەکی ھەبوایە لەرێگای باڵیۆزەکەی یان وەزیرێک پەیامی دەنارد، بەڵام ئەمجارە خودی دۆناڵد تڕەمپ خۆی تەلەفۆنی کرد، تڕەمپێک کە وەڵامی زۆر سەرۆکی گەورە ناداتەوە؟ کەچی خۆی تەلەفۆن بۆ سەرکردە کوردەکان دەکات.
وەک چۆن پێشوتر گوتم ئێران پاڵی بە ئەمریکاوە نا بۆ ئەوەی بچێتە بەرەی سونەو تورکیاو داعش و بەرەی نوێڕەو ئەحمد شەرع و بەعسیەکان، ئاواش ئەمریکا پاڵی بە کوردەوە نا کە ھەوڵی نزیک بوونەوە لە ئێران بدات. ئەوەتا کوردی ئێرانیش دەیان پرسیاریان لەسەر ئەمریکاو پلان و بەرنامەی ئەمریکا ھەیە؟. کوردی عێراقیش بە ئاشکرا باسی دوای روخانی ئێران دەکەن و دەڵێن کێ دەڵێت وەک رۆژئاوای کوردستان دوایی پێمان ناگوترێت کارمان بە ئێوە نەما؟.
لێرەدا بە ڕاشکاوی دەڵێم کورد نابێت ھیچ جۆرە متمانەو پەیوەندیەکی لەگەڵ تورکیاو ئێران و عێراق و سوریا ھەبێت، بە دیلی ئەمریکا ئەوانە نین و تەنھا ئەمریکا بە دیلی ئەمریکایە. داگیرکەران بە قەدەر نوکە دەرزیەک نەگۆڕاون لە پەلاماردانی رۆژئاوای کوردستانیش بینیمان. بۆیە دەبێت لە دۆسیەی ئێران خۆش باوەڕ نەبین, ئەم چوار دەوڵەتە ھیچ پڕۆژەیەکیان بۆ کوردو مافەکانی نیە, بەڵام ئەمریکاش خیانەتی لێکردوین و پێویستە ئەمە قەرەبووبکرێتەوە. بۆ کورد گرنگە تۆم باراک نەمێنێت، کەسێکی وەک برێت مەکگۆرک بێتەوە. پێویستە کورد گفتوگۆیەکی زۆر جدی و راشکاوو تازە لەگەڵ ئەمریکا بکات. دەبێت بزانین تورکیاو ئێران و عێراق و سوریا خاوەنی ھیچ پەیمان و بەڵێنێک نین. خاوەنی ھیچ پڕۆژەو چارەسەریەک نین، لە بچوکترین دەرفەت بۆیان ھەڵکەوێت ھەرچی ھەمانە تەفروتونای دەکەن. بۆیە خۆش باوەڕ مەبن، دەوڵەتی ئێران تازە بەتازە کوردی ھاتۆتەوە بیر، ھەرئەوان بوون سەرپەرشتی ١٦ی ئۆکتۆبەریان دەکردو بەردەوام حەشدی شەعبیان لە کورد بەردەدا. ھەرچەندە بۆ کوردی عێراق ھاوکێشەکە سەد لەسەد پێچەوانەیە، چونکە داعش وبەعسی و محمد جۆلانی و تورکیاو سونەکان لەسەر سنورن و چاوەڕێی دەرفەت دەکەن پەلاماری عێراق بدەن، کە زۆر دوژمنی کوردن. بۆیە لەعێراق شیعەو کورد ئێستا ھاوچارەنوسن، ئەگەری زۆرە بەھۆی نزیک بوونەوەی شیعەو کورد ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکوک، ئینجا موچەو بودجەش لەبەردەستی شیعەی عێڕاقە کە ئەوە دۆسیەکی زۆر قورسە بۆ ھەرێمی کوردستان. بەڵام دواجار نابێت نزیک بونەوەی کوردی عێراق لە شیعەی عێراق لەسەر بچوکترین مافی کوردانی رۆژھەڵات بێت. بۆ کوردی عێراق دوو ئێران ھەیە، یەکەم شیعەی عێراق کە وەلائیان بۆ ئێرانەو فەرمانی لێوەردەگرن. دووەم دەوڵەتی ئێران خۆی کە دژی ئەمریکایەو لەگەڵی لەشەڕدایە. لەم ھاوکێشەیەدا یەک ئەمریکامان ھەیە کە دژی ھەردوو ئێرانەکەیەو تەنانەت رێگا نادات لەبەر ئێران نوری مالکی ببێتەوە سەرۆک وەزیران. کەواتە کورد بە دوو ئاراستە سیاسەت بکات ئاراستەی عێراقی و ئاراستەی ئێرانی. بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کوردی رۆژھەڵات بچوکترین دەرفەت لە کیس نەدەن.
ھەرچەندە کوردی عێراق زۆر خۆی لەم شەڕە پاراستووە، بەڵام شەوو رۆژ ھەرێمی کوردستان بەر موشەک و درۆن دەدرێت، ئەگەر بەشداریشی بکردایە ھەر ئەوەندە موشەک و درۆنی تێدەگیرا؟. لەبەرئەوە کورد لەعێراق نابێت سڵ لە ھیچ یارمەتیەک بکاتەوە بۆ سەرکەوتنی کوردانی رۆژھەڵات.