عێراق...ئەمما!!

هەندرێن شێخ راغب
  2026-03-16     138

ھەر لەگەڵ ھاتنە سەرکاری ئەحمد شەرع لەسوریاو ھەڕەشەکانیان بۆ سەر عێراق، وتارێکم نوسی بەناوی (عێراق بەجامانەی کوردیەوە)، واتە تادوێنێ بەغدا ناوەندی ستراتیژی بوو بۆ کورد، بەڵام ھاتنەوە سەرکاری سونەو شەڕی ئێران، ھەولێری کردە ناوەندی ستراتیژی عێراق و بەغدا. ئەم ناوەندی بوونەی ھەولێر لەگەڵ داخستنی گەرووی ھورمز گەیشتە لوتکەو ئێستا عێراق داوای بۆڕی نەوتی کوردستان دەکات بۆ ھەناردەکردنی نەوتەکەی. بەڵام ئەم جەمەدانیەی سەری عێراق زۆر درێژخایەن نیەو دەبێت کورد زوو دەرفەتەکان بەکاربێنێت و داھاتوو ھاوکێشەکە دەگۆڕێت.
لەم روانگەوە دەبێت زۆر شت ھەیە روونی بکەینەوە:
-ھەرێمی کوردستان لە ئابوری سەربەخۆ شکستی ھێنا.
-ھەرێمی کوردستان لەدۆسیەی نەوت شکستی ھێناو لە دادگای پاریس دۆڕاوە. 
-بابەتی نەوت فرۆشتن کاری ھەرێم نیەو پرسێکی نێودەوڵەتی گەورەیەو لە ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی پشتیوانی بەغدان نەوەکو ھەولێر.
-ھەرێم مانگانە لە بەغداوە نزیکەی تریلیۆنێک دیناری بۆ دێت و ئەمەش زۆر گرنگە. راستە موچەو بودجە ماف و شایستەی راستەقینەی خۆمانەو نەوتمان تەسلیم کردووە، بەڵام واقع بینی گرنگە نەوەکو حەماسی ئێمە.
-ئەم شەڕەی ئێران و داخستنی گەروی ھورمز زۆر ناخایەنێت و دەوڵەتانی دنیا ئەمە قبوڵ ناکەن، بۆیە بەھانە مەدەنە دەست عێراق دوایی تۆڵەیەکی سەختی دارایی لە ھەرێمی کوردستان بکاتەوە.
-لەگەڵ مەرجەکانی ھەرێمی کوردستانم، لەھەموو رووەکانەوە گرنگە مەرجی خۆمان لەسەر بەغدا بسەپێنین، بەڵام داواکاری بەغداش جێبەجێ بکەن و با نەوتەکە بڕوات بەناو بۆڕی کوردستان.
-وێڕای پێداگیری لەسەر مەرجەکان و داواکارییە رەواکانی ھەرێمی کوردستان، بەڵام نیەتی پێکھاتنی کورد لەگەڵ عێراق لەرێگای کردنەوەی بۆڕی کوردستان بکەنە کردار. 
-دەکرێت دوو مانگ بۆڕی کوردستان بکەنەوەو نەوتی عێراقی پێدا بڕوات، دوای ئەوە ئەگەر بەغدا مەرجەکان و داواکاریەکانی ھەرێمی کوردستانی جێبەجێ نەکرد، ئەوا دەشێ بۆڕیەکە بگرینەوە.
-لەبەرئەوەی نەوتی عێراق بە فرۆشتن و پارەکەیەوە لەبەردەستی ئەمریکایە، وە بڕیاری ئابوری و دارایی عێراق لەبەردەستی ئەمریکایە، بۆیە تکایە ئەمجارە لە پرسی بۆڕی نەوتی کوردستان و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، راوێژ بە ئەمریکیەکان بکەن.
-دەبێت ھەرێمی کوردستان بێ راوێژکردن لەگەڵ ئەمریکیەکان، بۆڕی کوردستان بۆ بەغدا نەکاتەوە، ھەرچەندە لەگەڵ ئەوەم گرفت دروست نەکەین و وەزارەتی نەوتی عێراق با چەندی دەوێت نەوت بفرۆشێت. 
-کردنەوەی بۆڕی نەوتی کوردستان بۆ بەغدا، پرسێکی میدیایی و سیاسی زۆر گەورە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست دەکات، بەتایبەت لەناو رای گشتی عەرەبی عێراقی، کە کورد ھۆکاری زیان گەیاندن نیە بە عێراق و بەڵکو وەک ھەمیشە پەنای تەنگانەی عەرەبە لەم ناوچەیە. ئێمە دەتوانین ئەم بابەتە بەجۆرێک ئاراستە بکەین کە مەرجی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکان لەناو ئەم پاکێجە جێگای بکەینەوە. 
لەگەڵ داواکاری ومەرجەکانی ھەرێمی کوردستانم، بەڵام دۆسیەی نەوت لە ئێمە گەورەترەو موچەو بودجەو نەوتمان لەبەردەست بەغدایە، ئەمڕۆ بەغدا لە بەردەرگای ئێمەیە، بەیانی گەرووی ھورمز بکرێتەوە، دەبێت وەفدی ئێمە بچێتەوە بەر دەرگای ئەوان لە بەغدا. بۆیە کورد دەبێت سوود لەکات وەربگرێت، تکایە کات و دۆخی ئێستا زۆر گرنگە، راستە عێراق ھاتۆتەوە ھەولێر، ئەمما!!.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×