شەھید بوونی "غەزال مەولان" چەند ڕاستیەکی زۆر روونی دەرخست کە دانە دانە باسیان دەکەین:
یەکەم: لەکاتی ئاگربەست و وەستانی جەنگ و دەستپێکردنی گفتوگۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکاو دواجار ئیسرائیل، کەچی ئێران درۆن باران و موشەک بارانی ھەرێمی کوردستان دەکات، بۆیە ھەموو کەس باسی ئەخلاق و داب و نەریت و نیەتی باش بکات، نابێت ئێران باسی بکات. سمکۆی شکاک لەکاتی دەعوەت شەھیدتان کرد. قاسملۆ لەکاتی گفتوگۆ شەھیدتان کرد. لەوە زیاتر رون کردنەوەی ناوێت.
دووەم: لەکاتی خۆپیشاندان و ھاتنە سەرشەقام بۆ رۆژئاوای کوردستان بەس لەم شارەی سلێمانی خۆپیشاندانی ملیۆنی کرا؟. دەرکەوت خەڵک و گەلی کوردستان مەردو کوردپەروەرو ھۆشیارن, بەڵام لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا دەرکەوت یەخە سپی و ئەکادیمی و نوخبەو بۆینباخ لەبەرو قات لەبەری زۆر، خۆفرۆش و نۆکەری ئێرانن و دەیان بەڵگەی ژەھراوی وپیس لە بەرگی ھەنگویندا ئەھێننەوە بۆ بەرگریکردن لە داگیرکەرانی کوردستان.
سێیەم: چیرۆکی بردنە نەخۆشخانەی شەھید غەزال لە سلێمانی، ئەو راستیەی دەرخست کە ھەڕەشەیەکی ئیقلیمی لەلایەن ھەر چوار داگیرکەرانی کوردستانەوە لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەیە، دەرکەوت مەترسی زۆر گەورە لەبەردەم دەرگای ھەرێمی کوردستانەو لەپشت پەردەوە شتی زۆر مەترسیدار بە دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستانەوە گوتراوەو لە ئێستادا باسی ناکەن، بەڵام ساڵانی داھاتوو دەردەکەوێت جۆری ھەڕەشە زۆر مەترسیدارەکانی ئێران و تورکیاو عێراق و سوریا چی بوونە دەرھەق بە ھەرێمی کوردستان, ئەوەی لەبردنە نەخۆشخانەی شەھید غەزال ھەیە زۆر لەوە گەورەترو سەختترە کە دەیبینین!!. دەرکەوت ئەم ھەموو دوپاتکردنەوەی بێ لایەنیەی ھەرێمی کوردستان لە ترسێکی گەورەوەیە!!.
چوارەم: ئەوەی بۆ بڕینی کەزی شەڕڤانە شەھیدەکە کردمان، بۆچی بۆ شەھیدبوونی غەزال نەمانکرد؟. لێرەوە دەمەوێت جارێکی تر بیڵێمەوە کە کوردانی رۆژھەڵات بەھەموو لایەن و پارت و رێکخراوەکانیانەوە زۆر لاوازن لە راگەیاندن، پڕوپاگەندە، گوتار، خوێندنەوەی روداوەکان لە باشوری کوردستان, کوردانی رۆژھەڵات زۆر دابڕاون لە رای گشتی باشوری کوردستان، زۆر دابڕاون لە تێکەڵ بوونیان بە جفاتی باشور، بەڵام باکورو رۆژئاوا وانین، بەدەیان چالاکی و سەردان و گروپ و بیانووی جۆراوجۆر بەردەوام خەریکی تێکەڵ بوونن لەگەڵ کوردانی باشور, کوردانی رۆژھەڵات تەنھا لەگەڵ نوخبەی سیاسی و حزبی و چەند لایەنێک پەیوەندیان ھەیەو لەمەشدا دابەش بوون. بۆیە کوردی باشور ئاگاداری وردەکاری ناو خەباتی رۆژھەڵات نیە وەک پێویست. دەبێت کوردانی رۆژھەڵات وردترو فراوانترو بەپلان لەگەڵ رای گشتی باشوری کوردستان تێکەڵ ببن. دابڕانێکی زۆریان ھەیەو ئەمەش زیانی گەورەی لێداون. دەبێت چالاکی جۆراوجۆری زۆر ئەنجام بدەن بەتایبەتی لەروی ھونەری، فەرھەنگی، نەتەوەیی، بۆنەکان، یادەکان، سەردان و بەسەرکردنەوەکان، بەھێزکردنی راگەیاندنەکانیان. دروستکردنی سۆسیال میدیایەکی بەھێز. ئەمڕۆ ھەرێمی کوردستان قوڵایی پارچەکانی ترە. بینیتان باشوری کوردستان چۆن بووە پاڵپشتێکی مەزنی رۆژئاوا, کوردانی رۆژھەڵات لەم گوتارە پێویستیان بە پێداچوونەوەی زۆر ھەیە.
پێنجەم: لەم شەڕەدا ئێران سەرکەوتووە بەسەر کورددا لەروی پڕوپاگەندە، راگەیاندن، گوتار، زاڵ بوون بەسەر رای گشتی، کەشوھەوایەکی وای دروستکردووە کە خەڵک حەز بە روخانی نەکات، تەنانەت ھەیە بە ئاشکرا جنێو بە ئەمریکاو ئیسرائیل دەدات، ئەمە بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر مەترسیدارەو لەداھاتوو کورد لە عێراق زیانی زۆر گەورەی لێ دەکات, پێویستە ئاراستەی گوتاری رەوای مافی گەلەکەمان و نەتەوەکەمان رونترو وردترو فراوانتر کاری لەسەر بکرێت، ھەرگیز نابێت گوتاری چوار دەوڵەتەکە (ئێران، تورکیا، عێراق، سوریا) بەسەر گوتاری کوردیدا زاڵ بێت. ئەمە شەڕی مان و نەمانی کوردەو دەبێت بزانین شەھید غەزال شەھیدی ھەرچوارپارچەی کوردستان و ھەموو ماڵێکی کوردە، داواکارم گەورەترین مەراسیم و تەعزیەو یادەوەری بۆ رێکبخرێت، داواکارم وەک وەڵامێک بۆ مەترسیەکانی داگیرکەران لەو شوێنەی سلێمانی کە گیانی پاکی سپارد پەیکەرێکی بۆ دروست بکرێت. یان نەخۆشخانەیەک لە سلێمانی بەناوی شەھید غەزال بکرێت و لەبەردەم دەرگای نەخۆشخانەکەش پەیکەری پیرۆزی دروست بکرێت.
شەھید کردنی موسا ئەنوەرو موژدەخانی ھاوسەری لە ھەولێر، ھەمان ئازاری شەھید غەزالەو بۆ ئەوانیش ھیچمان نەکرد، بۆیە داواکارم ئەو شەقام و گەڕەکەی بارەگای قونسوڵخانەی ئێرانی لێیە، شارەوانی بەناوی شەھیدموساو شەھید موژدەی بکات.