سەرەتا خۆزگەم ئەوەیە ئەم نوسینەی من ھەڵە بێت و من بێ ئاگابم, لەپشت پرۆسەی ئاشتیەوە شتی گرنگ ھەبێت.
بەداخەوە ئەوەی ئێستا لە تورکیا دەیبینین شکستی بزوتنەوەی کوردایەتیەو بەتورک کردنێکی خەستی گەلی کوردە, ناتۆو ئەمریکاو ئەوروپا پشتیوانی و ھاوکاری گەلی کورد نین لە تورکیاو تەنانەت وەک دوژمن مامەڵەیان کردووە. پێم سەیرە ناتۆ ئەم ھەموو ھێزە چیە دەیبەخشێتە تورکیا، ھەردەڵێی ناتۆ ھێزێکە تایبەت بۆ تورکیا دروست بووە. بەرامبەر ئەوەش تورکیا بەقەدەر بەردێکی بچوکیش سودی بۆ ناتۆ نەبووە. تەنھا سێ بەڵگە: لەشەڕی ٢٠٠٣ ئازادی عێراق، تورکیا نەک ھەر پشتیوانی ناتۆی نەکرد، بەڵکو بەرەی باکوریشی لێداخستن, لەشەڕی داعشیش تەنھا بەناو لەھاوپەیمانیەتی رووبەڕبونەوەی داعش بوو. لەشەڕی ئێستاش لە گەروی ھورمزیش ھەمان شت، تورکیا دژی ناتۆیەو ھاوکاری نیە, بەڵام ناتۆ رۆژ بە رۆژ خەریکی بەھێزکردنی تورکیایە.
سەیر بکەن تورکیا کارگەی دروستکردنی درۆن و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی پێشکەوتووی ھەیەو ھیچ یاسایەک نایگرێتەوە؟؟ فڕۆکەی ئێف ١٦ی ئەمریکی ھەیەو خەریکی کڕینی فڕۆکەی ئێف ٣٥یشە؟؟. خاوەنی سیستەمی ئێس چوارسەدە (٤٠٠ئێس) کە ھی روسیایە، خاوەنی دەبابەو تانکی لۆمپاردی ئەڵمانیە، دوور لەھەموو یاسایەکی ناتۆ تورکیا ھەم چەک لە ئەمریکاو ئەندامانی ناتۆ وەردەگرێت، ھەمیش لە روسیا. رێک بەرامبەر ئەوە بزوتنەوەیەکی رەوای خاوەن ھەقی وەک کورد لە تورکیا نەک ھەر چەک و دژە فڕۆکەو درۆن و موشەکی پێ نادەن، بەڵکو خستویانەتە لیستی تیرۆریشەوە. بێ ئەوەی کورد زیانێکی بۆ ئەوان ھەبووبێت کە لەسەر پلانە ستراتیژیەکەیان بکەوێت.
تورکیا بە ئازادی رۆژ بەرۆژ لە تەکنەلۆژیای نوێ و پێشکەوتووی سەربازی گەشە دەکات(ئەوانەی شارەزای سەربازین وردەکاری ئەمە باش دەزانن). ھاوکاری دەکرێت و یارمەتی دەدرێت، رێک بەرامبەر ئەوە بەردەوام گوشاری زۆر توندو گەمارۆ دەخرێتە سەر کورد کە تەنانەت چەکی زۆر ئاسایشی نەگاتە دەست؟. بۆیە لەم ھاوکێشەیەدا نابێت گلەیی لە گەریلاکان و قەندیل و ئیمڕاڵی و ئامەد بکرێت، چونکە ئەوان ھیچ جۆرە قوربانی و ئازایەتیەک نەما تاقی نەکەنەوە، ھەتا شەھید بوون سەنگەری خۆیان چۆڵ نەدەکرد، بەڵام بەڕاستی شەڕی غیرەت و ئازایەتی نەماوە، شەڕی درۆن و تەکنەلۆژیاو زانست و ئاسمانە، لەمەشدا کوردی بەش مەینەتیان لێ بێبەش کردووە. بۆیە مانای وا نیە ھیچ خیانەت و پاشەکشەو گومانێک لەسەر بزوتنەوەی کوردایەتی ھەبێت لە تورکیاو باکوری کوردستان، بەڵکو گەشەی سەربازی زۆر ناھاوسەنگە!. ئێوە سەیر بکەن تورکیا خاوەنی ٧٠٠ حەوسەد ھەزار سەربازە، کەچی سودی چڵەپووشێکی بۆ ناتۆو ئەمریکاو ئەوروپا نیە، بەتایبەت لەم شەڕەی بەرۆکی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گرتووە، کەچی لەبری ئەوەی بێن و دەستی رەوای کورد بگرن، ھاتوون دەستی ناڕەوای تورکیا دەگرن!. کەواتە کورد ھیچ تاوانی نیەو لەوە زیاتر ناکرێت بەرامبەر بەم ھەموو ئاگرو ئاسنە پێشکەوتوە شەڕی مان ونەمان بکات؟؟.
لە دیوی دووەمیشدا کورد ھەر پێشەنگی یەکەمینە، لە پرۆسەی ئاشتی و تەبایی و دانانی چەکیش ئەوەتا کورد دەستپێشخەری نەما نەیکات، ئامادەیە دەستبەرداری چەک و سەنگەرو بەرگریکردن بێت، بەڵام تورکیا نەک قبوڵی کوردی نیە، بەڵکو ھاتووە ناوی ئەم پرۆسەیەی ئاشتی ناوە (تورکیای بێ تیرۆر) واتە ھاتوون تورکیا لە تیرۆر پاک دەکەنەوە نەک ھەق و حسابی نەتەوەیەک بدەن، ئەوەی ھەیە باسێکە ناوی تورکیایەو کوردو کوردستان لە کولەکەی تەڕیش نیە، لەم پرۆسەیەدا شتێک بەناوی حوکمی زاتی، فیدڕاڵی، کۆنفیدڕاڵی، مافی چارەنوس ھەر بوونی نیە، گەلێک بەناوی کورد بوونی نیەو ئەوەی ھەیە تورکیای بێ تیرۆرە!. تەنانەت ئامادەنین ژوری رێبەر ئۆجەلان دەستکاری بکەن چ جای ئازادی بکەن، نە ێەلاحەدین دەمیرتاش، نە زیندانیانی سیاسی ئازاد دەکەن، تەنانەت ئامادەنین قەیوم لا بدەن لەسەر سەرۆک شارەوانیە کوردەکان کە بە کۆمسیۆن و یاسای ھەڵبژاردنی تورک دەرچون و بە یاساو شەرعیەت بوونەتە سەرۆک شارەوانی، ئیدی باسێک نیە بەناوی سەلماندنی مافی گەلی کورد، ئەوەی ھەیە تورکیای بێ تیرۆرەو کورد دەبێت چەک دابنێت و بێتەوە ناو تورکیاو وەک ھاوڵاتیەکی دڵسۆزی کۆمار ملی خۆی کەچ بکات، نابێت ئاڵاو زمان و جوگرافیاو کیان و ئیدارەیەکی کوردی وجودی ھەبێت، بەڵکو لەنوێترین لێدوانی سەرۆکی تورکیا دەڵێت ئێمە بەم پرۆسەیە قەڵای ناوخۆی تورکیا بەھێز دەکەین. ئامانجی یەکەم بەھێزکردنی تورکیایەو ھیچی تر.
کاتێکیش باسی پڕۆژەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک دەکرێت، تورکیا حەرفێکی قبوڵ نەکردووە. ئەو پڕۆژەیەی ناوی کوردستانی تێدانیەو باسکردنە لەبەھێزکردنی تورکیا، نەک دروستکردنی ھەرێمێکی کوردی! کەچی ئەویشیان قبوڵ نیە.
ئێمە ئەم قۆناغەی کوردایەتیەمان تێپەڕاند، بۆ داھاتوو پلانی چیمان ھەبێت و کورد چی بکات، گفتوگۆو مشتومڕو دانیشتن و راگۆڕینەوەی زۆر زۆری دەوێت.
راشکاوانە بەھێزبوونی تورکیاو سەقامگیری تورکیا واتای زەبرلێدانی زۆر توند لە بزوتنەوەی کوردایەتی لەھەر چوارپارچە بۆ نمونە ھێشتا ئێران ھیچی لێ نەھاتووە، تورکیا ھەڕەشە لە رۆژھەڵاتی کوردستان دەکات؟ ئامۆژگاری کوردی عێراقیش دەکەن نابێت بچنە ناو شەڕەوەو دەبێت جوڵەیەک نەکەن کە بەرژەوەندی کوردی ئێرانی تێدابێت.. ئەوەی لە رۆژئاوای کوردستانیش بینیمان رۆشنە لەرێگای ھاک کردنی تۆم باراک و ئەمریکا کیانی رۆژئاوای کوردستانیان لەبار برد، تورکیا پەلاماردەری یەکەمی کیانی رۆژئاوای کوردستان بوو نەک ھێزەکانی ئەحمد شەرع. ئەگەر پلان و بەرنامەو ھێزی تورکیا نەبوایە بەمجۆرە کیانی رۆژئاوای کوردستان لەبار نەدەبرا.
ئێمەی کورد چۆن ھەنگاو بۆ داھاتوو دەنێین؟ بۆچونی من وایە کورد دەبێت دەستی بگاتە تەکنەلۆژیای نوێی سەربازی و ھەموو ھەوڵێک بدات، شتێکە نابێت بەھیچ شێوەیەک پشتگوێ بخرێت. سەردەمی ھێزی مۆدێرن و پارەیە، چیمان پێ دەکرێت بۆ ئەم مەبەستە دەبێت درێغی نەکەین، ئەگینا خراپ شکست دەھێنین.