من دەزانم چەکەکان لای کێن 

هەندرێن شێخ راغب
  2026-05-11     184

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ھێرشی تووندی کردە سەر کورد و گوتی: "نائومێدیان" کردووە و ئەو چەکانەی بۆیان نێردرا بۆ ئەوەی بیگەیێننە دەست خۆپیشاندەرانی ئێران، لای خۆیان ھێشتوویانەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١١ / ٥ 
/ ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی سەبارەت بەبابەتی  ناردنی چەک بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران قسەی کردو گوتی خەڵک دەیانەوێت بڕژێنە سەر شەقامەکان، بەڵام ھیچ چەکێکیان لا نییە. پێیانوابوو کوردەکان چەکیان پێدەدەن: "بەڵام ئەوان نائومێدیان کردین. کوردەکان تەنیا دەبەن، دەبەن و دەبەن."
ترەمپ رەخنەی لەو ھاوسۆزیی و متمانەیە گرت کە لە نێو کۆنگرێسی ئەمریکادا بۆ کورد بوونی ھەیە و گوتی، کورد ناوبانگێکی زۆرباشیان لە کۆنگرێس ھەیە و لەوێ دەڵێن ئەوان زۆر بە تووندی شەڕ دەکەن، "بەڵام نەخێر؛ تەنیا کاتێک پارەیان دەدرێتێ بە باشی شەڕ دەکەن. بۆیە من زۆر لە کورد بێھیوام."
ئەمەی سەرەوە پوختەی قسەکانی سەرۆکی ئەمریکابوون لەسەر کوردو شەڕی ئێران و بارودۆخی ئێستا. بەڵام سەرۆک تڕەمپ پێویستە راشکاوانە راستیەکە بزانیت، کورد بۆچی بەشداریت لەگەڵ ناکەن؟. ماوەی چل ساڵە کوردو ئەمریکا خەریکی دروستکردنی متمانەو پەیوەندیەکی زۆر پتەون، تەواوی ھەنگاوەکانیان بڕی و بێ ئەندازە شتی دەگمەن و راست و سەرکەوتوویان ئەنجام دا. پێکەوە وێستگەی ھێجگار سەختیان بڕی. دنیایەک قارەمانیەتی و گۆڕانکاری و ئاڵنگاریان پێکەوە تێپەڕاند. بەڵام دوای ئەوەی تۆ لە خولی دووەم بوویتەوە سەرۆک، تۆم باراکی بە رەگەز عەرەبت کردە باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیاو نوێنەرت لە سوریا. ئەوەبوو دواجار تورکەکان تۆم باراکیان ھاک کرد، لەسەردەستی ئەوو بە موبارەکەو خیانەتی تۆم باراک، کیانی رۆژئاوای کوردستان لەباربرا. ئەوەی چل ساڵ بوو پێکەوە دروستمان کرد ھەمووی روخاند. بۆیە کورد ھەڵوەستەیەکی زۆر جدی و گەورەی کرد دوای لەباربردنی کیانی رۆژئاوا.
 ئەزانیت سەرۆک تڕەمپ، عەلی لاریجانی پیاوی یەکەمی ئێران دوای رابەر لە دیمانەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاوا وەڵامی دایەوەو گوتی: کوردەکان ھاوکاری ئەمریکا ناکەن و پەلاماری رژێمی ئێران نادەن، چونکە لە سوریا کوردی فرۆشت و خیانەتی لێکردن. بۆیە کوردی عێراق و ئێران و سوریاو تورکیا دژی ئێران ناجەنگن لەپێناو ئەمریکاو خیانەتیان لێکرا. جەنابی سەرۆک تڕەمپ ئەگەر ئەو چاوپێکەوتنەی لاریجانیت تەماشاکردبێت ھەرگیز باسی نائومێدیت بەرامبەر کورد نەدەکردو بێ ھیوا نەدەبوویت. لەبری ئەوە بانگی نوێنەرەکەت بکەو لێی بپرسە بۆچی وا وێنەو حەقیقەتی ئەمریکای لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان وێران کرد؟. 
من راشکاوانە پێت دەڵێم کورد لە ئێران ناترسێ، بەڵکو لە خیانەتی دوای روخانی رژێم دەترسێت وەک ئەوەی لە حەلەب کردتان و لە رۆژھەڵاتی فوڕات کردتان. کورد لە موشەک و درۆنی ئێرانی ناترسێ بەڵکو لە خەنجەری خیانەتی تۆم باراک دەترسێت؟؟. ئێستاش داوای ھیواو ئومێدو چەک مەکە لە کورد، بەڵکو چەکەکان لای تۆم باراکن و سەد لەسەد لای ئەون، لەو بپرسەو بانگی بکە بزانە ئەو چەکانەی چی لێکردوون؟. ئەگەر دەریشکەوت تۆم باراک ئاگاداری چەکەکان نیە، ئەوا زۆر خراپترو وێران تر، چونکە ئەوە چ جۆرە نوێنەرێکی ئەمریکایە لەم ناوچەیە کە ئاگاداری ھاتن و شوێنی چەکی ئەمریکی نەبێت؟؟. سەرۆک تڕەمپ، تۆم باراک ستراتیژو پێگەی راستەقینەی ئەمریکای لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست وێران کرد. ئیدی چۆن راستی دەکەنەوە ئەوا لای خۆتانەو کاری ئێوەیەو ئێمە نازانین. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×