چەتەگەری بەنزین 

هەندرێن شێخ راغب
  2026-07-12     128

ھەرێمی کوردستان خاوەنی نزیکەی دوو ملیۆن و دوو سەد ھەزار ئۆتۆمبێلە، رۆژانە ھەشت بۆ نۆ ملیۆن لیتر بەنزینی پێویستە. کۆڵانێک نیە تەژی نەبێت لە ئۆتۆمبێل. ھەم قەرەباڵغیەکی بێتام شەقامەکان و فەرمانگەو بازاڕو رێگاکانی گرتۆتەوەو ھەم ژینگەی کوردستانی پیسکردووە. لەم نێوانەدا بەردەوام قەیرانێک بەرۆکی گیرفانی ھاوڵاتیانی کوردستانی گرتووە کە بەرزی نرخی بەنزینە. لە کوردستان کەس لەو مەتەڵە تێناگات بۆچی لە پازدە پارێزگای عێراق نرخی لیترێک بەنزینی باش بە ٤٥٠ چوار سەدو پەنجا دینارە، بەڵام تەنھا لە ھەرێمی کوردستان سەرووی ھەزار دینارە. یەک چارەک لە ھەولێر دووربکەوە لە بەنزیخانەکانی نزیک قوشتەپە سەرە نیەو بەنزینی چوارسەدو پەنجا ھەزاری بکڕە. بەڵام لەناو ھەولێر بەسەرەگرتنێکی زۆرەوە ئینجا دەتوانیت لیترێک بە ٧٥٠ دینار بکڕیت. 
ھەرێمی کوردستان خاوەنی نەوتە، ماددەی خاوی خۆی ھەیەو لەدەرەوە نایکڕێت، خاوەنی چوار پاوڵاگەی ناسراوی گەورەیە (کەورگۆسک، لاناز، کار، بازیان) لە دوکان و ھەولێرو دھۆک و سلێمانی چەندین پاڵاگەوی دیکە ھەن، بەس کەورگۆسک دەتوانێت بەنزینی ھەموو ھەرێمی کوردستان دابین بکات، بەس بازیان دەتوانێت شەش ملیۆن لیتر بەنزین بەرھەمبھێنێت، ئەم پاوڵاگانە دەتوانن بەنزینی ھەموو عێراق دابینبکەن، بە بڕیاری فەرمی عێراقیش رۆژانە ھەرێمی کوردستان ٥٠ پەنجا ھەزار بەرمیل نەوت وەردەگرێت، کەچی نرخی بەنزین گرانەو کاریگەری راستەوخۆی لەتەواوی بازرگانی و کارکردنی ناوخۆیی کردووە. 
باشە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەم ھەموو پاڵاوگەیەو بەم ھەموو بیرەنەوتەو کۆمپانیاو دامودەزگای وزەیە بۆچی ناتوانێت نرخی بەنزین ھاوتای پارێزگاکانی دیکەی عێراق بکات؟ بۆچی رێگا نادرێت سەرمایەدارو خاوەن بەنزینخانەکان ئازادانە بەنزین ھاوردە بکەن و نرخی دابەزێت..ھۆکار چیە دەزگا پەیوەندیدارەکان نرخی بەنزین جێگیر ناکەن وەکو عێراق، خۆ پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا کە دەبێت نرخی لیترێک بەنزین لە کوردستان ھاوتای شارەکانی دیکەی عێراق بێت، بۆچی ئەم بڕیارە جێبەجێ ناکرێت؟. ئەندامانی  کوردی پەرلەمانی عێراق ئێوە بۆچی کارێک ناکەن، تاکەی بەنزین ئاوا گران و قاتی بێت. 
ئەگەر پاوڵاگەکان ناتوانن پێویستی ناوخۆ پڕ بکەنەوە بۆچی داناخرێن و بانگھێشت ناکرێن.. بەڕاستی ئەم بێ سەروبەرییەی لە نرخی بەنزین ھەیە دەچێتە بواری چەتەگەری ئابوری و قازانجی ناشەرعی و قۆرغکردنی بازاڕ بۆ کۆکردنەوەی سەرمایە لەسەر حسابی ھاوڵاتیان. 
ھاوڵاتیانی کوردستانیش نقەیان نیەو تەنھا سێ رۆژ لە سەرانسەری کوردستان بێ جیاوازی و بێ خۆبواردن، وەرن ئۆتۆمبێلەکان بکوژێنینەوەو نەچینە سەرکار، بایکۆتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بکەین بە مەدەنی و شارستانی و بێدەنگ و ھەرا، تەنھا یەک قسە دەکەین یان نرخی بەنزین وەکو شارەکانی دیکەی عێراق دەبێتە ٤٥٠ چوارسەدو پەنجا دینار یان ئۆتۆمبێلەکان لێ ناخوڕین. خەباتی مەدەنی ھیچ دژایەتی حکومەت و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و کەس و لایەنێک نیە، خەباتێکە بۆ بەرژەوەندی گشتی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×