لەپەراوێزی  ڕوودانی کارەساتی لافاو و تۆفانەکەی نیپاڵدا، چۆن سروشت ھەراسان نەکەین تا کارەساتمان بەسەردا نەیەت؟

نەوزادی موهەندیس
  2026-08-31     37

        تەواوی گۆی زەوی بە ئاو و خاک و ھەواوە موڵکی تاک بەتاکی مرۆڤەکانن و ماڵ و لانکەی گوزەرانی ھەموانن و ھەرواش ھەمووان بەرپرسیارن لە پاراستن و خاوێن ڕگراتنی و تەنانەت توڕەنەکردن و ھەراسان نەکردنیشی،چونکە کاتێک سروشت و ژینگەی دەوروبەرمان ھەراسان دەکەین بەھۆی کار و کردەوە و بەرژەوەندخوازی و پاوانخوازی و  دەستدرێژیکردنە سەر ھەموو پیرۆزیەکانی لە سەرزەیدا ھەر لە دارستان و ڕەز و باخەکان و لەوەڕگا و کێو و دۆڵ و شاخ و پێدەشتەکان و زۆنگاو و ڕووبار و دەریا و دەریاچە و زەریاکانی و دواتریش بۆ ژێر زەوی و ھەڵکەندن و چۆڕبرکردنی سەروەت و سامانەکانی ناوی لە نەوت و غازی سروشتی و بەرد و کانزا بە بەھاکانی و سەروەتی ئاژەڵی و ڕووەکی و ...ھتد. بەھەمان شێوە کاتێک ئاوە سازگارەکانی و دەریا و زەریاکانیش سروشتەکەیان تێکدەدەین بە پیسکردنیان و ڕشتنی پاشەڕۆ ئەندامی و ژەھراوی و پلاستیکی و تیشکدەرەکان ...ھتد. بۆناویان ئەوا ژینگەی ئاوی و خاکمان پیس کردوە. کاتێکیش بەھۆی بێڕێزکردنی ئەو ھەوا پاک و خاوێنەی کە سەرچاوەی ژیان و مانی ھەموو زیندەوارانە و ڕێزنەگرتنی سنورەکانی بە فڕێدانی ھەموو گازە ژەھراویەکان لە یەکەم و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و کبریت و...ھتد. لە ڕێگەی کارگە پیشەسازیەکان و پاڵاوگە و کێڵگە نەوتیەکان و ...ھتد. ئەوا ژینگە و سروشتی ھەواکەشمان پیسکرد.
   کاتێکیش دەکەوینە وێزەی ڕەز و باخ و سەوزایی و دارستانەکان و دەیانبڕینەوە و چاوچنۆکیمان ئەوپەڕی سنورەکانی تێپەڕاندوە و یانیش بەھۆی ئاگرتێبەردان و وشککردنیان.ئەوا دەبینە ھۆکاری بڕین و وشککردنی سیەکانی گۆی زەوی و لەناوبردنیان.
   ئیدی بەم شێوەیە سروشت و ژینگەکەمان بەدەستی خۆمان یان لە نەزانینەوە یانیش لەبەر چاوچنۆکی و بەرژەوەندخوازی و دەسکەوتی مادیەوە ھەموان خۆمان فریودەدەین و بەدەستی خۆمان گۆی زەوی و ژینگە و سروشتەکەی ھەراسان  و بێزار دەکەین.ئاشکراشە سروشتیش ھۆکار و پاڵنەر و بیانووی خۆی ھەیە کە زۆرجاران لەو ھەڵسوکەوت و مامەڵە بێبەزەییەی مرۆڤەکان بێزار و توڕە دەبێت و بەڕوویاندا ھەڵدەشاخێت و ڕق و قینی پەنگخواردووی خۆی بەسەریاندا ھەڵدەڕێژێت وەک ئاماژەیەک بۆ تۆڵەسەندنەوە و خۆپارێزی و پاراستنی گۆی زەوی لە زیاتر پیسبوون و وێرانکردن.
   ئەویش لە ڕێگای ، دیاردە سروشتیەکانەوە لە ھەریەکە لە: داڕمانی زەوی و ڕووتانەوەی، دەڕمانی بەفر و لافاو و گێژەڵوکە و گڕکانەکان وبەبیابانبوون و وشکەساڵی و کەم بارانی و دیاردەی پەنگخواردنەوەی گەرمای بۆشای ئاسمان و ئاگرگرتنی دارستانەکان و دیاردەی تسونامی و ....ھتد.کەھەموو ئەم دیاردە سروشتیانە ھێندە بەھێز و وێرانکەرن کە دەبنە مایەی کارەساتی دڵتەزێن و گەیاندنی زەرەر و زیانی گەورەی گیانی و ماڵی و وێرانکردنی ئاوەدانی و نیشتەجێبوون و پڕۆژە ئەندازیاری و دامەزراو و کارگەی پیشەسازیەکان و کشتوکاڵ و گەشتیاری و....ھتد. کە زیانەکان زۆر جاران بە ملیۆنان دۆلار دەقەبڵێنرێت.بۆیە توڕەکردن و ھەراسانکردنی سروشت و ژینگەی دەورەوبەرمان لەلایەن مرۆڤ و کۆمپانیاکانەوە،وەڵامی توندیان دەبێت و بەچەندین ھێندە تۆڵەی خۆی دەکاتەوە.
   لەلایەکی تریشەوە ئەم دیاردە سروشتیانە،بۆخۆیان سروشتی لە وەرز و کاتەجیوازەکانی ساڵدا ڕوودەدان و مرۆڤ ھیچ پەیوەندی و دەستێوەردانێکی تیایاندا نیە،بەڵکو وەکو دیاردەیەکی سروشتی ڕوودەدان و بەھەمان شێوەش بەزیان و وێرانکەر و کارەساتباردەبن.بەڵام ڕەنگە بۆ ھاوسەنگی ڕاگرتنی فشارەکانی ناو ناخی زەوی و سەر زەوی بن و وەک ھەناسەدان و پژمینێکی گۆی زەوی بێت و گەر ڕوونەدەن ڕەنگە کارەساتی گەورەتریان لە دواوە بێت.
   لەو کاتەوەی گۆی زەوی ژیان و گوزەران و بوونی ھەیە بە ھەزاران  لەو کارەساتە سروشتیانە ڕوویانداوە و لە ئێستاشدا و بۆ ئایندەش بەردەوامیان دەبێت.
   نموونەیەکی زیندوو لەو کارەساتانە،بریتیە لەڕوودانی کارەساتی درزبردنی ڕووبارێکی بەفرین و ئەمەش بۆتە ھۆکاری داڕمانی بەفر و خاکی چەندین ساڵەی سەر شاخە بەرزەکانی نێوان ھەردوو وڵاتی چین و نیپاڵە کە لە ڕێکەوتی ٢٦/٨/٢٠٢٦دا ڕوویداو بوە ھۆکاری ھەڵسانی لافاو و تۆفانێکی گەورەی تۆقێنەر و کاولکەر لەماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا. ئەوەی جێگەی سەرنجە لەو ڕۆژەدا ئاسمان ساماڵ و بێ ھەور بوە و ھیچ سیمای بارانبارین و لافاو بوونی نەبوە. بەڵام کارەساتەکە لەناو سنوری وڵاتی چین و لەناوچەی تبتی چیندا ڕوویداوە لە ئەنجامی داڕووخانی بەفر و خاکی زنجیرە شاخە بەرزەکانەوە و سەرەتا وازانراوە کە بومەلەرزەیە و ھێزەکەی بریتی بوە لە ٤,٤ پلەی ڕێختەر ،بەڵام دواتر دەرکەوتوە کە بریتیە لەڕاماڵینی زەوی و بەفر و ھێندە گەورە و بەگوڕ و کاریگەر بوە بۆتە ھەڵایسانی لافاو و تواندنەوەی بەفر و گوازراوەتەوە بۆ ناو بەنداوێکی سروشتی بچوک و ئەمەش بۆتە ھۆی تەقینی ئەو بەنداوە و ئیدی لافاوەکە ڕووی کردۆتە شیو و دۆڵەکانی وڵاتی نیپاڵ و لە چاوتروکاندنێکدا ئەوەی لەبەردەمیدا بوە ڕایماڵیوە و تائێستاش ئەوە ماوەی  ٥ ڕۆژە بەردەوامی ھەیە و کۆتا ئاماری قوربانیەکانی لە ھەردوو وڵاتدا گەیشتونەتە ٧٥٠ مردوو و زیاد لە ٣٠٤٤ ونبوو. کە ژمارەکان بە بەردەوامیش لەبەرزبونەوەدان.
 لەلایەکی تریشەوە ئەم لافا و تۆفانە زیانی گەورەی گەیاندوە بە چەندین گوند و شار و شارۆچکەی نزیک ڕووبارەکە و ھەروا دامەزراوە و کارگەی پیشەسازی و بەرھەمھێنان و ھێڵی کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ و تەلەفۆن و پرد و ڕێگاوبانەکان و شوێنە گەشتیاری و کشتوکاڵیەکانیش و وەزیری دارایی نیپاڵی کە بۆخۆی زڵاتێکی ھەژاری ٣٠ ملیۆن کەسیە،دەڵێت پێویستیان بە ٤-٥ ملیار دۆلار ھەیە بۆ بوژاندنەوەی ئەو جێگایانەی کە زیانیان بەرکەوتوە. 
   ئاشکرایە کارەساتی سروشتی بەو ڕووداوە سەخت و کاولکەرانە دەوترێت کە بەھۆی پرۆسە سروشتییەکانی زەوییەوە ڕوودەدەن و زیانی گەورەی گیانی و مادی دەگەیەنن.
•     ھۆکارەکانی ڕوودانی کارەساتی سروشتی
١.        جووڵەی پلێتەکانی زەوی (Tectonic Movement): شوێنگۆڕکێ و بەریەککەوتنی توێکڵی زەوی دەبێتە ھۆی بوومەلەرزە، گڕکان، و سونامی.
٢.       گۆڕانی کەشوھەوا (Climate Change): بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و تێکچوونی ھاوسەنگیی کەشوھەوا دەبێتە ھۆی وشکەساڵی، زریان، و بەرزبوونی ئاستی دەریاکان.
٣.        تێکچوونی تەوازی ئیکۆلۆجی: بڕینەوەی دارستانەکان و وێرانکردنی ژینگە دەبێتە ھۆی داڕمانی خاک و زادبوونی لافاو.
٤.       کاریگەرییەکانی فەزا: وەک کەوتنی بەردی ئاسمانی (میتۆر) یان گۆڕانکاری لە تیشکی خۆردا (ھەرچەندە کەمڕووداوترن).

•    جۆرەکانی کارەساتی سروشتی:
 کارەساتە سروشتیەکان گەلێک جۆری جیاوازیان ھەیە کەھەریەکەیان سروشت و ڕێژەی کاولکاری و زیانەکانیان جیاوازن وەکو:
•        کارەساتی جیۆلۆجی:
•            بوومەلەرزە
•          گڕکان
•           داڕمانی خاک (زەویخلیسکان)

•    کارەساتی کەشوھەوایی و بەرگەھەوا:
•            زریان و گەردەلوول
•            وشکەساڵی و شەپۆلی گەرمای بەرز
•            شەپۆلی سەرما و بەفروباران

•       کارەساتی ئاوی (ھایدرۆلۆجی):
•            لافاو
•          سونامی (شەپۆلی گەورەی دەریا بەھۆی بوومەلەرزەوە)
•        کارەساتی ژینگەیی:
•           ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان


•    ڕێگاکانی بەرگری و خۆپارێزی:
    دەکرێت پێش ڕوودانی کارەساتە سروشتیەکان کۆمەڵێک ڕێوشوێن بگیرێنە بەر بۆ خۆپیارێزی و کەمکردنەوەی زیانەکان لەڕێگەی:
١.        پێشخستنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت: بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای ھاوچەرخ بۆ پێشبینیکردنی زریان، لافاو، و سونامی تا ھاووڵاتییان کاتی چۆڵکردنیان ھەبێت.
٢.       پابەندبوون بە ستانداردەکانی دروستکردنی خانوو: بەکارھێنانی نەخشە و کەرەستەی ئەندازیاریی بەرگەگر لە بەرامبەر بوومەلەرزە و لافاودا.
٣.       پاراستن و چاندنی دارستانەکان: ڕێگریکردن لە بڕینەوەی دارەکان و چاندنی درەختی نوێ بۆ بەرگرتن لە داڕمانی خاک و ڕاگرتنی ڕەوتی لافاو.
٤.       بەڕێوەبردنی دروستی سەرچاوەکانی ئاو: دروستکردنی بەنداو، پۆند، و کەناڵی ڕێکخراو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاوی زۆری باران و بەرگرتن لە لافاو.
٥.     پەروەردە و ھۆشیاریی گشتی: ڕاھێنانی ھاووڵاتییان لەسەر ڕەفتاری دروست لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزە یان لافاو (وەک خۆحەشاردان لە شوێنی ئارام و دوورکەوتنەوە لە پەنجەرە و ھێڵەکانی کارەبا).
      لەکۆتایدا، بمانەوێت یان نەمانەوێت،کارەساتە سروشتیەکان ھەر ڕوودەدەن، کە ھەندێکیان دەسکردی مرۆڤن و ھەندێکیشیان سروشتین و مرۆڤ ھیچ دەستتێوەردانێکی لە ڕوودانیاندا نیە، ھەربۆیە ئەوەی لەسەر مرۆڤ و وڵاتان و دامودەزگاکانی دەوڵەتن خۆپارێزی و گرتنەبەری ڕێزشوێنەکانە بۆ پاراستنی ناوچە کارەساتبارەکانە و تابتوانرێت ڕێژە و ڕادەی زیانەکان کەمبکرێنەوە.
   بەوھیوای وڵاتەکەمان و سەرجەم مرۆڤایەتی و گۆی زەوی خوادی گەورە بیپارێزێت لەو کارەساتانە و ئاو و ئاوەدانیەکەمان لێ تێکنەدات.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×