ئاشتی مرۆڤایەتی كۆدەكاتەوەو جەنگیش پەرتیان دەكات!

نەوزادی موهەندیس
  2023-11-15     482

   وەك دەوترێت پارێزگاریكردن لە ئاشتی سەختترە لە دروستكردنی،هەربۆیە چەسپاندنی ئاشتی و بەرقەراركردنی لەنێوان یەك كۆمەڵگا و وڵاتدا یان لەنێوان دەوروجیراندا و دواتریش تەواوی جیهاندا هەمیشە خواست و ویستی تاك و خێزان و كۆمەڵگە مرۆڤایەتیەكان بوە و هەمیشەش سەركردە كاریزما و بەتوانا و خەمخۆر و دادپەروەرەكان لەهەوڵی بەرقەراركردنی ئەو ئاشتیە كۆمەڵایەتیەدا بوون لە نێوان چین و توێژە جیاوازەكان و هەوڵیانداوە كە جیاوازیە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی و ناوچەییەكان نەبنە هۆكاری جیاوازی و دڕدۆنگی و لێكترازانی ڕیزەكان وهەڵایسانی جەنگ و ململانێ‌ خوێناوییەكان و براكان و مرۆڤەكان دەستیان نەچێتە خوێنی برا مرۆڤەكانیانەوە و هەمیشە كاریان كردوە كە بنەبڕی چەوساندنەوەی مرۆڤەكان بۆ مرۆڤەكانی تر بكەن .چونكە ئەو سەركردە و دەسەڵاتدارە ئاشتیخوازانە زۆرباش لە مانا و چەمكی ئاشتی گەیشتوون و زۆر باش زانیویانە تەنها لەسایەی ئاشتی و برایەتی و تەبایی و پێكەوەییدا دەتوانرێت گەشە و پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی و دادپەروەریش وەدیبێت و بچەسپێنرێت  لە وڵات و كۆمەڵگاكانداو بە پێچەوانەشەوە لەسایەی جەنگ و ململانێ‌ خوێناویەكانیشدا هەمیشە كاولكاری و وێرانی و هەژاری و بێكاری و برسێتی و تاوانەكان زیادەبن و كۆمەڵگا و چین وتوێژەكان و پەیوەندییەكانیان لە گرێژەنە دەچن.
   لەگەڵ ئەم هەموو ڕاستیانەشدا بەڵام جیهان و مرۆڤایەتی و شارستانێتیە جیاوازەكان و قۆناغە جیاوازەكانی ژیان و گوزەران لەسەر ئەم گۆی زەویە دوورنەبوون لە جەنگ و كاولكاری و ململانێ‌ خوێناویەكان و داگیركاری و كوشتن و بڕینی مرۆڤەكان لەلایەن مرۆڤەكانی ترەوە،هەموو پاڵنەرەكانیش بۆ ئەو جەنگە ناڕەواو و ماڵوێرانەكەرانەش بەدرێژایی مێژوو خواست و ویستە نەرجسیەتەكانی سەركردە و تاكڕەو و پادشاو و دیكتاتۆرەكان بوە بۆ فراوانبوونی دەسەڵاتەكانیان و  تێركردنی غەریزە خۆویست و خود پەسەندەكانیان و دەستگەیشتنیان بەهەموو خۆشی و پێویستیەكانی ژیانی دونیایان بێئاگا لەوەی كە خۆشی دەروون و ئارامی دڵەكان زۆر گەورەترن لەو خۆشیە كاتیەی كە لەدەستكەوتنی سەروەت و سامان و دەسەڵات وكەڵەكردنیانەوە وەدەستدێن.بەهەمان شێوە بێئاگا لەو ڕاستیەی كە سەركەوتنە ڕاستەقین و هەمیشەییەكان ئەوانەن كە لە ئاشتیەوە دێن نەك سەركەوتن لە جەنگەكاندا.
    خۆشبەختانە لەم قۆناغ و سەردەمە پێشكەوتوەی جیهان و تەكنەلۆجیا و هۆكارەكانی پەیوەندی و ڕاگەیاندنەكان و سۆشیال میدیادا و جیهانی سەردەمی بەجیهانبووندا مرۆڤایەتی و كۆمەڵگە مرۆڤایەتیەكان پێكەوە كاردەكەن بۆ سەقامگیركردن و بەرقەراركردنی ئاشتیەكی ڕاستەقینە لە هەموو كونج و ناوچەیەكی جیهاندا، بەهەمان شێوە ئیڕادە و ویستی كۆمەڵگە مرۆڤایەتیە پێشكەوتوو و دواكەوتوەكانیش لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی جیهان  لەباشوور و باكوری گۆی زەویشدا ویست و خواستی ئاشتی و ئاشتەوایی و پێكەوە ژیانی مرۆڤەكان بەهێزترن لە هێز و ویستی شەڕەنگێزی و دەنگی تۆپ و فڕۆكە و بۆمب و تانك و كڵاشینكۆفەكان.
  مرۆڤایەتی لە ئێستادا پێكەوە دژی جەنگە خوێنازیەكانن و هەموان داوای پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و منداڵان و پیر و پەكەوتەكان و دیل و ئاوارەكانی جەنگەكان دەكەن.بۆیە دڵنیام كە هەمیشە ئیڕادەی چەسپاندن و بەرقەراكردنی ئاشتی لەجیهاندا بەسەر خواست و ویستە ناڕەواكانی جەنگ و كوشت و كوشتاردا سەردەكەوێت.
   زیندووترین نموونەش هەمئاهەنگی و یەكویستی و یەك ئیڕادەیی گەلانی جیهانە بۆ سەپاندنی ئاشتی و ڕاگرتنی جەنگی خوێناویە لە نێوان فەلەستین و ئیسڕائلیدا كە ماوەی نزیكەی 40 ڕۆژی ڕێكە بەردەوامە بەوپەڕی توندوتیژی و بەخوێناویترین شێواز كە زۆرینەی قوربانیانی لە منداڵان و ژنان و بێتاوانەكانی هەردوولایە.
   خۆپیشاندانە جەماوەرییە پانوپۆڕ و فراوانەكان لە وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیسپانیا و ئیتالیا و ئەڵمانیا و تەنانەت ئەمریكا و لەناوخودی كۆمەڵگە جولەكەكانیشدا و لەوڵاتانی ئەندەنوسیا و مالیزیا و ئوستوڕالیا و....هتد.مانا و ئاماژەیەكی گرنگن بۆ زیندوو مانەوەی ویژدانی مرۆڤەكان و دەرخەری ئەو ڕاستیەن كە مرۆڤایەتی لەتەواوی جیهاندا پێكەوە گرێدراون و هەمووان لە ئازار و نەهامەتیەكاندا یەكن و بۆ ئەم سەردەم و قۆناغەش جەنگ و ململانێكان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ كاریگەری گەورە دەكەنە سەر سیاسەت و ئابوری و كۆمەڵایەتی و ئەمنیەتی هەمووان.بۆیە پێكەوە لەهەوڵی چەسپاندنی ئاشتیەكی هەمیشەیی و ڕاستەقینەدان بۆئەوەی چیدی جەنگ و كاولكاریەكان باڵنەكێشن بەسەر جیهاندا و هەمووان پێكەوە دروشمەكانی سەركەوێت ئاشتی و نەفرەت لەجەنگ بەدەنگی بەرزدەڵێنەوە.
  وەك دەوترێت هەمیشە ئاشتی لەلایەن كەسە ئازاكانەوە دروستدەكرێت و دەشچەسپێنرێت و پارێزگاریشی لێدەكرێت و بەپێچەوانەشەوە كەسە ترسنۆك و بەرژەوەندخواز ونەرجسیەكان پەنا دەبەنە بەر هەڵایسانی جەنگ و كاولكاری بۆ خۆپارێزی و خۆشاردنەوە لە پەنای دیوارە ڕووخاو و لەرزۆك و خەونە زڕەكانیان بە دەستبەسەراگرتنی هەمواندا.خۆشبەختانە لە ئێستاداو لەجیهانی سەردەمدا دەنگی ئاشتی بوێر و فراوانتر و بەهێزترە  لەدەنگی شەڕخوازان و شەڕەنگێزەكانیش بۆ هەمیشە ڕسوا و ترسنۆك و نەفرەتلێكراون. 
هەر بۆیە گەرەكە لە پێناو پاراستنی مرۆڤایەتی و ئەم شارستانێتیە پێشكەوتوەدا ئاشتیەكی ڕاستەقینە بەرقەراربێت و هەموان پێكەوە ببینە قەڵاو و شورای پارێزگاری لە ئاشتی جیهانی بەبێ‌ گوێدانە جیاوازیە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەكانی نێوان مرۆڤەكان.
بەڵێ‌ بۆ ئاشتی و نەفرەت لە جەنگ و شەڕ و شەرخوازان لەجیهاندا.جا بۆ چەسپاندنی ئاشتی گەرەكە هەموان ئامادەبین بۆ جەنگ لەو پێناوەدا.چونكە هەمیشە ئاشتی دایكی خۆشگەوزەرانی و پێشكەوتن و گەشەكردن و برایەتی و تەبایی و پێكەوەیی و دادپەروەری كۆمەڵایەتیە لەنێوان مرۆڤەكاندا.هەمیشەش ئایندەی ژیان  و مرۆڤایەتی لەسایەی ئاشتیدا ڕووناكتر و گەشاوەترە و لە سایەی جەنگ و كاولكاریەكاندا تاریك و توون و شەوەزەنگە.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×