سوتاندنی كتێبە پیرۆزەكان بەمەرامی چی‌و بۆچی؟

نەوزادی موهەندیس
  2023-06-30     369

لەماوەی یەك مانگدا دوو ڕووداوی قێزەون و ناشیرن و دوور لە ڕێزگرتنی مافە تاكەكەسی و كۆمەڵگاییەكانی جیهان  ڕوویانداوە كە سووتاندن و بێڕێزكردن بووە بە قورئانی پیرۆز یەكێكیان لەلایەن گەنجێكی سریانی مەسیحی عێراقی 37ساڵەوە((سەلوان مۆمیكا)) و لەناو جەرگەی ئەوروپای ئازادی و بەناو ڕێزگرتن لەهەموو مافە مرۆڤی و كەسیەكان كە سویدی لانكەی دیموكراتیەتەوە.ڕەنگە هاندەری دەزگا و ڕێكخراوی دەوڵەتی و مەسیحیە توندڕەوەكانی لە پشتەوە بێت،دووەمیشیان لە وڵاتی ڕووسیا و لە شاری فۆڵگۆگراد و لەڕێگەی گەنجێكی ئەرسۆدەكسی مەسیحیەوە(( نیكیتا گورافیل))وە بوە،ئەمیان وەك ڕاگەیەنرا بە دەست و هاندنی دەزگای جاسوسی ئۆكراین و ڕۆژئاوابوە بەرامبەر بە 10هەزار ڕۆبڵی ڕووسی.مەرامیش نانەوەی ئاژاوە بووە لە نێوان مسوڵمان و مەسیحیەكانی ڕووسیا و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە بووە.
   پرسیار لێرەدا ئەوەیە، كە ئەم ڕووداوانە كە ناوبەناو دووبارەدەبنەوە هەرلەخۆڕایە ؟یان بەدەست و هاندانی دەزگا جاسوسی و دەوڵەتەكانە؟ئەی بەمەرامی چی ئەم كارانە دەكەن؟
  هەردوو ڕووداوەكە لەلایەن كەسانێكی گەنجی بێ بیروباوەڕەوە بەخودا كراون كە لەتەمەنی پێگەیشتودان و لەوڵاتێكدا  بوون كە هیچ سانسۆرێكیش نیە لە سەر ئازادیەكان.ئەی بۆچی ئەمە دەكەن؟ڕەنگە ئەو گەنجانە هەست بەكەمی بكەن یان زۆر دەمارگیر و توندڕەون بۆ ئاین و مەزهەبەكانیان یان ئەوەتا نەخۆشی دەروونیان هەیە و گەرەكیانە بەم كارانە ناویان بچێتە ناو ناوان و خۆیان لێببێتە پاڵەوانی كارتۆنی!
  ئەوەی تێبینی دەكرێت ئەم كارانە بەزۆری تەنها بەرامبەر قورئانی پیرۆز دەكرێت،جیا لە كتێبە پیرۆزەكانی ئینجیل  عەهدی كۆن و نوێ‌(كە هەردووكیان دەستكاری كراون))،ئەمە بۆچی؟
  بەكورتی ئاشكرایە ئاینی پیرۆزی ئیسلام كە دەستورەكەی قورئانە و كۆكەرەوەی هەمووانە دوو هۆكاری سەرەكین بۆ یەكویەكگرتووی و بەهێزی ئاینەكە لەسەر ئاستی جیهان و ساڵ بەساڵ گەشە و گەورە و فراوانتریش دەبێت.هەرئەمەیە كەترسی خستۆتە نێو دڵ و دەروونی وڵاتانی نائیسلامیەوە بە حكومەت و دامودەزگا و كۆمپانیا و ڕێكخراوەكان و تاكەكانیانەوە و لەهەوڵی بچووكردنەوە و ڕبَگری و بەرتەسككردنەوەیدان  بە جۆرەها مەرام و شێواز.
   بەدڵنیای ئەم جۆرە كارانە ئامانجی خۆیان ناپێكن لە بچووككردنەوە و ناشیرنكردنی ڕووی ڕاستەقینەی نەرمونیانی و سنگفراوانی  و مرۆڤ دۆستی ئیسلام و ڕچە و ڕێبازەكەی و یەك مسوڵمانیش پاشگەزنابێتەوە لە بیروباوەڕ و بڕوای بەخودا و ئاینی ئیسلام و قورئان و پەیامبەرەكەشی.
   بەڵام ئامانج لەم كردارانە :
•    نانەوەی پشێوی و ئاژاوەیە لەنێو كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكان و تاكەكاندا.
•    چاندنی تۆوی ڕق و قینی سەردەمی جاهلیەتی خاچپەرستەكان و ئیسلامەكانە.
•    قوڵكردنەوەی گیانی دژایەتی و دەمارگیری و توندڕەویە لە جیهاندا.
•    تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگا و خێزان و تاكەكانە بەنەمانی ئەم پیرۆزیانە.
•    كردنەوەی دەرگای سیاسی و مەرامە چەپەڵەكانی ڕۆژئاوای سەرمایەداریە بە بەسەر هاوڕەگەزبازی و نەهێشتنی هەموو پیرۆزییەكان و جێبەجێكردنی بەرنامە نامرۆڤانەكانیانە لە ڕووی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەوە.بۆ دەستبەسەراگرتنی تەواوی ئەم كۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیانەدا.
   بۆیە هەق وایە هەمووان بەتایبەتیش ئیسلامەكان وریاتر و وشیارتربن و بە عەقڵانیەت وەڵامی ئەو كردارانە بدەنەوە و بزانن كە پیلانەكان زۆر لەو دووگەنجە گەورەترن و ئامانجی پیس و قێزەونیان لە پشتەوەیەو گەرەكە كاربكەن بۆ:
•    نەهێشتن و ڕێگەگرتن لە توندوتیژی زیاتر.
•    وشیاركردنەوە و چاندنی تۆوی برایەتی و تەبایی و كاری پێكەوەیی.
•    دووركەوتنەوە لە جیاوازی و دڕدۆنگی و ململانێی ناڕەوای حیزبایەتی  و ئاینی و مەزهەبی كە ئیسلامیان لەبەردەم هەمواندا بە تیرۆیست و تیرۆر لەقەڵەمداوە.و هەڵەی حیزب و سەركردە عیلمانیەكانی دووبارەنەكەنەوە.
•    دەستگرتنی توند بە قورئانی پیرۆزەوە دوور لەهەموو وودەكاریەكانی تری فقهی و حەدیس وژیاننامەی هەندێك هاوەڵان و پیاوچاكانی تر.
   هەربەم هەنگاوانە دەتوانرێت كە بەر بەو لێشاو وپیلانە جاسوسی و تاكەكەسی و نێودەوڵەتیانە بگیرێت بۆ تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگا ئیسلامیەكان وهەقیش وایە لە كوردستاندا بەهیچ جۆرێك درزنەكەوێتە نێوان هیچ لایەنێكی ئیسلامی و یەك ئەویتر تۆمەتبار بكات بە توندڕەوی و داعشیسزم و تەكفیركردنی ئەویتر و جۆرەها ڕچە و ڕێبازی تر زیندووبكەنەوە كە مێژوو و ڕابووردوو هەموانی وەلاناوە،چونكە تەنها یەك خودا و یەك پەیامبەر و یەك قورئان هەیە كە هەموان لەسەری كۆكن،ئیدی بۆچی لێك جیاوازن.
  بۆیە گەرەكە هەموان ئیسلامێكی كوردانەی دڵسۆزانەی نیشتیمانپەروەرانەی میانڕەوانە پیادەبكەن و لەسەری كۆك و تەبا بن نەك وەكو ئیسلامیەكان دەڵێن عیلمانیەكان بەپیلانی دوژمنان و داگیركارانی كوردستان دەسەڵاتداری دەكەن و لەدەرەوەی كوردستانەوە بیروباوەڕەكانیان دەهێنن و پیادەی دەكەن.دەی ئێوەش وازبێنن لەدواكەوتنی ئەو بەناو بیرمەند و فەقیه و زانای عەرەب و فارس و توركانەی كە تەنها بەرژەوەندی گەل و میلەتەكانی خۆیان مەبەستە نەك ئیسلامی پاك و بێگەرد.كۆمەڵگای كوردەواری بۆخۆی كێشەی كەمی نیە تا كێشەی ئاینی و مەزهەبی وڕچەو ڕێبازە كۆنەكانی ئیسلامیشی بێتە سەر و هێندەی تر كۆمەڵگاكەمان لێكهەڵوەشێت و پەرتەوازە ببێت.باهەمووان دەستبەو ئایەتە پیرۆزەوە بگرین كە دەفەرموێت (( وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا ۚ وَاذْكُرُوا نِعْمَتَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ كُنتُمْ أَعْدَاءً فَأَلَّفَ بَيْنَ قُلُوبِكُمْ فَأَصْبَحْتُم بِنِعْمَتِهِ إِخْوَانًا وَكُنتُمْ عَلَىٰ شَفَا حُفْرَةٍ مِّنَ النَّارِ فَأَنقَذَكُم مِّنْهَا ۗ كَذَٰلِكَ يُبَيِّنُ اللَّهُ لَكُمْ آيَاتِهِ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ )).

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×