روسیاو نهێنی  پەیوەندییەكانی بەچەكدارە بەكرێگیراوەكانی ڤاگنەرەوە!

نەوزادی موهەندیس
  2023-06-11     341

  لەگەڵ سەرهەڵدان و دەستپێكردنی جەنگی ڕووسیا-ئۆكراینا لە 24/2/2022دا،ناوی گروپی ڤاگنەریش سەریهەڵدا كە تائێستاش زانیاری زۆر كەمیان لەبارەوە دەزانرێت، كە ئایا ئەم گروپە كێن و لە چ كەسانێك پێكهاتوون ؟ ئەی ڕۆڵ و كاریگەرییان چیە؟ بۆچی  و بەچ مەبەستێك كاردەكەن و دروستكراون ؟ ئایا ئەم گروپە چەكدارە هێزێكی نیزامی سەربازین؟ یان چەكداری بەكرێگیراون؟ ئەی توانا و سەرچاوە دارایی و سەربازی و چەك و تەقەمەنیەكانیان لەكوێوە وەردەگرن  ؟ ئەی پەیوەندی دەوڵەتی ڕووسیای زلهێز بەم گروپەوە چییە ؟و دەیان پرسیاری تریش..
ئەوەی تائێستا لەسەرچاوە ڕۆژنامەییەكان و هەواڵگرییە ڕۆژئاواییەكانەوە دەسكەوتوون و بڵاوكراونەتەوە دەربارەی گروپی ڤاگنەر بەم شێوەیەیە،بەڵام ئەو زانیاریانەش ڕەنگە سەد دەر سەد ڕاست و وورد نەبن،بەڵام بۆخۆی سەرەداوێكی باشن بۆ ناسین و هەڵسەنگاندنی ئەو گروپە چەكدارە بەكرێگیراوە و ئامانج و كار وكردارەكانیان بەناوی ڤاگنەرەوە.
سەرەتا گروپی ڤاگنەر بریتین لە ڕێكخراوێكی ڕووسی نیمچە سەربازی یان وەك هەندێكی تر دەڵێن بریتین لە كۆمپانیایەكی سەربازی تایبەت و بەڵێندەرەكانی لە زۆرێك لە جەنگەكاندا بەشدارییان كردووە.لەوانە جەنگی ئەهلی سوریا لەبەرەی ڕژێمی بەعسی ئەسەددا، و لەماوەی ساڵانی نێوان 2014-2015شدا لە جەنگی ناوخۆیی ئۆكراینا لەهەرێمی دۆنباسدا بەشداربوون بۆ پشتیوانی هێزە جوداخوازەكانی كۆمارە میللیەكانی دۆنسیك و لۆهساك دژ بە دەوڵەتی ئۆكراینا.
بەڵام هەندێكی تریش دەڵێن،یەكەیەكی سەربەخۆی سەر بە وەزارەتی بەرگری ڕووسیان.یان بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی ڕووسیان و ڕاهێنان و بەرزكردنەوەی ئاستی شەڕكردن و شارەزایشیان لە لایەن دامودەزگاكانی وەزارەتی بەرگری ڕووسیاوە پێدەكرێت.لەم ڕێگەیەشەوە حكومەتی ڕووسیا بەكاریان دەهێنێت لەو جەنگانەدا كە نابێت بوونی هێزی ڕووسیا ئاشكرابن و هیچ كاتێكیش دەوڵەتی ڕووسیا بە ئاشكرا خۆی ناكاتە خاوەنیان و هەموو پەیوەندیەكیشی لەگەڵیاندا ڕەتدەكاتەوە.
دەوترێت خاوەنی ئەم ڕێكخراوە یان گروپ و كۆمپانیایە دەگەڕێتەوە بۆ سەرمایەدارێكی ڕووسی بەناوی یەفگینی بریگۆجین كە پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ سەرۆكی ڕووسیا ڤلادیمیر پۆتیندا هەیە.
ئەم ڕێكخراوە لەساڵی 2014وە  لەلایەن دیمیتری ئۆكتینی تەمەن 51 ساڵەوە دامەزراوە  كە یەكێك بوە لە جەنگاوەرە سەرەتاییەكان لە چیچان و ئەفسەری پێشووتر بووە لە هێزە تایبەتەكانی سوپای ڕووسیاو لەناو ڕیزەكانی موخابەراتی ڕووسیادا. لەناو ڕووسیادا یەكەم كاریشیان بریتیی بوو لە بەشداریكردن لە داگیركردنی دورگەی قرمی سەر بە ئۆكراینا لەلایەن سوپای ڕووسیاوە لەساڵی 2014دا.چەكدارەكانی ئەم گروپە لە سەرباز و ئەفسەرە خانەنشینەكانی سوپای ڕووسیا پێكدێن بۆ دەسكەوتنی پارە و  بۆ دانەوەی قەرزەكانیان و بەڕێكردنی ژیان و گوزەرانی خۆیان و خێزانەكانیان و زۆررینەیان لەناوچە گوندنشینە هەژارەكانەوە هاتوون لەبەر سەختی ژیان وگوزەرانیان وبەرامبەر كرێیەكی مانگانە دەجەنگن. لەدەرەوەی ڕووسیاشدا ژمارەیەك هاوپەیمان و هاوكاریان هەیە لە گروپە چەكدارەكان و سوپای وڵاتان وەك:
سوپای ڕووسیا و میلیشیاكانی دۆنباس و سوپای سوریا و هێزی پاسدارانی ئێران و سوپای ئەفریقای ناوەڕاست و سوپای نیشتیمانی لیبیا بەسەركردایەتی خەلیفە حەفتەر و هێزی بەرگری مۆزەنبیقی چەكدار و سوپای چەكداری مەدەغەشقەر و هێزی پشتیوانی خێرای حەمیدیتی لە سوودان.
لەبەرامبەریشدا نەیار و ناحەز و دوژمنایەتیشی لەگەڵ هەریەكە لەم هێزانەی لای خوارەوەدا هەیە و جەنگی ڕاستەوخۆی لەدژ بەرپاكردوون وەك:
سوپای چەكداری ئۆكراینا و هێزە تیرۆریستیەكانی داعش و جەبهەی نوسرە و دەستەی تەحریری شام و سوپای ئازادی سوریا و سوپای سوریای ئازاد كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێت و هاوپەیمانی نیشتیمانی بۆ گۆڕان و سوپای لیبیا بەڕابەرایەتی حكومەتی ویفاق و ئەنساری سونە لە مۆزەنبیق.
جا لە ماوەی نێوان ساڵانی 2014 تا ئێستا 2023 بەشداریان لەگەلێك جەنگدا كردوە لە ناو ڕووسیا و لەدەرەوەی ڕووسیاشدا لەوانە:جەنگی ڕوسیا و ئۆكراینا و جەنگی ئەهلی سوریا بۆ پاراستنی كێڵگە نەوتیەكان و جەنگی هەرێمی دۆنباس و جەنگی داگیركردنی دورگەی قرم لەلایەن ڕووسیاوە و جەنگی ئەهلی لیبیا لەساڵی 2016 كە پشتیوانیان لە هێزەكانی خەلیفە حەفتەر دەكردو 1000چەكداریان براونەتە لیبیاوە و هێرشیانكردە سەر تەڕابولسی پایتەخت لەساڵی 2019دا و كێشەی سەرۆكایەتی فەنزەوێلا و هەڵگەڕانەوەی ئیسلامیەكان لە مۆزەمبیق و لەكۆماری ئەفریقای ناوەڕاستیش لەساڵی 2017دا پارێزگاریان لەكانە ئەڵماسەكان دەكرد ولە سودانیش پارێزگاریان لەكانە ئاڵتونەكان دەكرد و لە وڵاتی مالیش بۆ شەڕكردن دژی گروپە ئیسلامیە توندڕەوەكان دەجەنگان.
وەك ئاشكراكراوە كە كۆی ژمارەی چەكدارانی ئەم گروپە نزیكەی 5هەزار چەكدارن و لەهەموو جیهاندا بڵاوبونەتەوە و تەنانەت ئەم گروپە چەكدارە بەكرێگیراوە 400چەكداری لە ئەفریقای ناوەڕاستەوە هێناوەتە ناو ئۆكرایناوە بۆ تیرۆركردنی سەرۆكی ئۆكراینا ڤلادیمێر زیلینسكی.و زۆربەی كارەكانیان خۆی دەبینێتەوە لە:بەشداریكردن لە جەنگە ئەهلیەكاندا و ئەنجامدانی تاوانەكانی جەنگ و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و مەدەنیەكان و دەستدرێژیكردنە سەر ژنان و دزیكردن و مینڕێژكردنی  ناوچەكان كە بەلای نەتەوە یەكگرتوەكانەوە هەموو ئەم كارانە دەچنە بواری تاوانی جەنگەوە.
هەرچەندە لە دەستووری ڕوسیادا دامەزراندنی هێزی سەربازی و بوونی میلیشیای چەكداری قەدەغەیە. لەگەڵ ئەوەی دەوڵەتی ڕووسیا یەكێكە لە زلهێزەكانی جیهان و خاوەن هێز و سوپایەكی نیزامی بەهێز و گەورەیە  كە خۆی دەبینێتەوە لە هێزە (( وشكانی و دەریایی و ئاسمانی و هێزی ڕۆكێتی ستراتیژی ڕووسیا و هێزی بۆشایی ئاسمانی ڕووسیا و هێزی دابەزینی ئاسمانی ڕووسیا)) كە بەتێكڕایان بەپێی ئامارێك لەساڵی 2014دا دەگاتە 766هەزار چەكدار كە چوارەم سوپایە لەجیهاندا لەڕووی ژمارەوە و ژمارەی یەدەگیشی دەگاتە 2485000 چەكدار و خەرجی ساڵانەی ئەم سوپایەش ساڵانە بڕی 76,6 ملیار دۆلاری ئەمریكیە كە لەسەر ئاستی جیهان پێنجەم سوپایە لەڕووی خەرجیەكانیەوە.
بەڵام  ڕووسیا سەرەڕای بوونی ئەو سوپا بەهێز و نیزامیە سەربازیەی پشتیوانی لە گروپی ڤاگنەر دەكات كە هێزێكە دەوڵەتی ڕووسیا بۆخۆی بەكاریان دەهێنێت و خۆشی ناكاتە خاوەنیان و هیچ كاتیش بە ئاشكرا ناڵێت پەیوەندیان پێیانەوە هەیە. ئەم گروپە بەجیا لە سوپای ڕوسیا شەڕدەكەن و ئەزموونی زۆریان هەیە لەشەڕدا و خاوەنی فڕۆكە و تۆپ و تانكی خۆیانن.
بەڵام بە ئاشكرا سەرۆكی ئەو گروپە لە جەنگی ئۆكراینادا و لەبەردەم كەناڵەكانی ڕاگەیاندندا ئاشكرایی كرد كە بۆ بەرژەوەندی و وەك هاوپەیمانی سوپای ڕووسیا دژی ئۆكراینا دەجەنگن و لەلایەن دەزگای هەواڵگری سەربازی ڕوسیاوە GRU بەڕێوەدەبرێن بەنهێنی و یارمەتی داراییان بۆ دابیندەكرێت و بنكەی مەشق و ڕاهێنانیان لە ناوچەی مولكیتۆدا هەیە لە باشووری ڕووسیا لە تەنیشت سەربازگەیەكی سوپای ڕووسیاوە. و ڕەخنەی لە وەزیری بەرگری و سوپای ڕووسیا گرت كە لە شەڕەكاندا وەكو پێویست یارمەتیان نادەن لەڕووی دابینكردنی چەك و تەقەمەنی و ...هتد.وە و هەڕەشەی كشانەوەی كرد لەبەرەی جەنگی دژ بە ئۆكراینادا.بەم شێوەیە دەركەوت كە ئەم گروپە لەژێر سایەی و ڕێنمایی و بە پاڵپشتی دارایی و سەربازی و لۆجستی ڕووسیادا دەجەنگن و پەیوەندی توندوتۆڵیان پێكەوە هەیە و ئیدی ڕووسیا ناتوانێت خۆی لێیان بێبەری بكات.
بەم شێوەیە ئەم گروپە چەكدارە بەكرێگیراوە سەر بە هێزەكانی ڕوسیایە و لە گەلێك جەنگی وڵاتاندا بەشداریكردوە و تاوانی جەنگیشیان ئەنجامداوە، هەربۆیە لەلایەن ئەمریكاوە زۆرێك لە كۆمپانیاكانی سەرمایەداری ڕووسی یەڤگینی بریگۆزنیشی گەمارۆی ئابوری خراوەتە سەر وەك یەكێك لە بەڕێوەبەرانی ئەم گروپە.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×