ڕێكەوتنی ئێران و سعودیەو كاریگەرییەكانی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان!

نەوزادی موهەندیس
  2023-04-02     432

•    بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو و لەماوەی كورتی نێوان 6-10/3/2023دا و لە ئەنجامی گفتوگۆو و كۆبونەوەی چڕوپڕی نهێنی نێوان ئێران و سعودیەدا لە شاری پەكینی پایتەختی كۆماری چینی میللیدا، لە 10 ئازاردا ڕێكەوتنی نێوان ئێران و سعودیە ڕاگەیەنرا كە لەیەك كاتدا هەبوو پێی دڵخۆش و پشتگیریان لێكرد و هەشبوو دژی وەستانەوە و بەمەترسیان لەقەڵەمدا.
ئاشكرایە ئەم ڕێكەوتنە هەرلەخۆڕا و بێ پپَشەكی و ڕێگەخۆشكردن نەهاتۆتە دی و لەئەنجامی هەوڵی بێووچانی وڵاتانێك بوە و بەتایبەتیش هەردووك وڵاتانی عومان و عێراق كە زیاد لە 5 گەڕی گفتوگۆی نێوان سعودیە و ئێرانیان میوانداری كردوە و ڕێكیانخستبوو.بەڵام نەتوانرا بگەنە ڕێكەوتن ئەویش هۆكاری زۆری هەبوو.
•    ئاشكرایە كێشەكانی نێوان سعودیە و ئێران وەكو دوو وڵاتی تازەی ئەم قۆناغە مێژوویەكی دووردرێژ و ڕەگ و ڕیشەی قوڵی هەیە كە دەگەڕێتەوە بۆ پێش هاتنی ئاینی ئیسلام كاتێك ئیمپراتۆریەتی فارسی زۆرێك لەناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داگیركردبوو و وە سەركاری خۆی تیادا دانابوون و سەر بە تاجی ئیمپراتۆریەتی فارسی بوون.دواتر كاتێك ئاینی ئیسلام هات و ڕێك لەسەردەمی خەلیفەی دووەمی ئیسلامدا عومەری كوڕی خەتاب و لەساڵی 636 زاینیدا و لە جەنگێكی گەورە و مێژووی بەناوی قادسیەوە توانرا ئیمپراتۆریەتی  ساسانی فارسی بڕوخێنرێت كە لەوكاتەدا پاشا یەزدجرد لەسەر تەختی شاهانشای فارسدا بوو. ئیدی لەوكاتەوە تاكو ئێستا كە زیاد لە 1400ساڵە ململانێی نێوان عەرەب لەلایەك و فارس لەلایەكی ترەوە و لەهەردوو بەری  ئاوی كەنداوی ((فارسی-عەرەبی))بەردەوامە و لەگەڵ قۆناغە جیاوازەكاندا توندوتیژی زۆری بەخۆیەوە بینیوە ،لەكاتێكیشدا و لەساڵی 1501دا دەوڵەتی سەفەوییەكان مەزهەبی شیعەیان كردە مەزهەبی ڕەسمی و زۆرینەی خەڵكی لە ئێراندا و شیعەی دوازدە ئیمامیان سەرخست بەسەر شیعەی زەیدی و ئیسماعیلیدا.ئیدی هێندەی تر ململانێ‌ و كێشەكانی نێوان وڵاتانی سونە مەزهەبی ئەوكاتە و ئێران پەرەیان سەند بەتایبەتیش لەنێوان دەوڵەتی عوسمانی سونە مەزهەبدا.
•    بەم شێوەیە ئەم ململانێ‌ ئاینی و مەزهەبیە بونە سەرباری ململانێ‌ سیاسی و ئابوری و ئەمنیەكانی نێوانیان و چەندین جەنگی گەورە و مێژوویی ڕوویانداوە. هەمیشە بەبێ‌ جیاوازی دەسەڵاتدارانی ئێرانی فارسی هەوڵی گێڕانەوەی شكۆ و دەسەڵاتی خۆیان داوە لەناوچەكەدا و لەمبەری ئاوەكانی كەنداوەوە.كە زۆرینەی عەرەب و سونە مەزهەب بوون.و هەركات و ساتێك بەهێزبوبن وتوانیبێتیان دورگەیەك یان پارچەیەكیان لەخاكی عەرەبەكان پچڕیوە و خستویانەتەوە سەر دەسەڵات و قەڵەم ڕەوەكانی خۆیان .ئەوەتا لەساڵی 1971 وە سێ‌ دورگەی تونبی گەورە و و تونبی بچووك و ئەبوموسای ئیماراتی داگیر كردوە و لە ڕێكەوتنی 6ئازاری 1975ی جەزائیریشدا شای ئێران بەڕێكەوتن نیوەی شەتولعەرەبی لە عێراق وەرگرتەوە.
•    ئیدی بەم شێوەیە هیچ دەیە ساڵێك تێنەپەڕیوە كە ململانێكانی ئێران و عەرەبەكان بەگشتی و دواتریش بەتایبەتی سعودیە گەرمنەبووبن و هەڕەشەی جەنگ و داگیركاریان لەیەكتر كردوە و نمونەی زیندووش جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران بوو لەدوای هاتنە سەر حوكمی ئێران لەلایەن ئیمام خومەینی و دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی ئێرانیەوە و هەڵگرتنی دروشمی مەرگ بەر ئەمریكا و ئیسڕائیل و ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی بۆ ناوچەكە و دونیاش.
•    سعودیە وەك گەورەترین وڵاتی ئیسلامی سونە مەزهەب و سەرچاوەی ئاینی ئیسلام لەجیهان و ئێرانیش وەكو وڵاتێكی گەورەی ئیسلامی شیعە مەزهەب،كەوتنە ململانێیەكی توندی نەبڕواوە و تا لە ساڵی 2016دا بەتەواوەتی پەیوەندی دیپلۆماسیەكانیان پچڕاند لەئەنجامی لەسێدارەدانی سعودیە بۆ پیاوی دیاری شیعە مەزهەبی سعودیە نەمر باقر نەمر و لەبەرامبەریشدا ئێرانیەكان سەفارەت و كونسوڵخانەی سعودییەیان گڕتێبەردا و ئیدی حوسیەكانی یەمەنیش بە پاڵپشتی ئێران بونە هەڕەشەی جدی بۆ سەر ئەمن و ئاسایش و ئابوری سعودیە.
بەهۆی ئەم كێشە و ململانێیانەوە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە وەكو كوانویەكی پڕ ژیلەمۆ وابوە و هەمیشە چاوەڕوانی كڵپەكردنی لێكراوە. ئیدی هەردوولاش كەوتونەتە خۆ بۆ پڕچەككردنی خۆیان و هەرلایە پشتی بە زلهێزێكی جیهانی بەستوە.ئاشكرایە لەساڵی 1945وە بەپێی ڕێكەوتنێكی ئەمنی نێوان ئەمریكا و سعودیە ئەمریكا و ڕۆژئاوا بەگشتی سعودیە و كەنداوی عەرەبیان بەبەشێك لە ئەمن و ئاسایشی خۆیان داناوە و بەهەموو شێوەیەك پشتگیری و پشتیوانیان لێكردوە لەبەرامبەر ئێران ویەكێتی سۆڤێت وچین و...هتد. لەولاشەوە ئێران بە پاڵپشتی ڕوسیا و چین و كۆریای باكور و ...هتد.توانیویەتی پشتیوانیەكی بەهێز بۆخۆی پەیدا بكات و بتوانێت درێژە بە مان و هێزی خۆی بدات.
•    كێشەی سەرەكی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە مەسەلەی فەلەستین و ئیسرائیل بوو،پاشەكشەی كردووە لە بەرامبەر ئەم ململانێ‌ نەبڕاوەیەی نێوان ئێران و سعودیەدا و هەر بەم هۆیەشەوە ئارامی و ئاسایشی ئەم ناوچەیە هەمیشە لەبەردەم مەترسی گەورەدا بووە.
•    ئاشكراشە ململانێكانی سعودیە و ئێران سەرجەم بوارەكانی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و ئاینی و مەزهەبی دەگرێتەوە و بەتەنهاش نەوەستاونەتە سەر سنووری هەردوو وڵاتەكەیان،بەڵكو گۆڕەپانی ململانێكانیان تەواوی ناوچەكەی گرتۆتەوە هەر لە عێراق و سوریا و لوبنان و فەلەستین و میسر و عومان و یەمەن و وڵاتانی تری كەنداو و ...هتد.هەربۆیە ئەم ململانێیە ببوە خاڵی سەرەكی تەواوی كێشە و ململانێكانی ناوچەكە و بەتەواوەتی ناوچەكە و زلهێزەكانیشی دابەشكردبوە سەر دووبەرەوە.
•    ئاشكراشە بەهۆی ململانێكانی ئێران لەگەڵ ئەمریكادا نەدەتوانرا كە ئەمریكا ڕۆڵی ناوبژیوانی ببینێت چونكە بێ‌ لایەن نەبوو،بەهەمان شێوە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری و ئەمنی ئەمریكاش لەوەدا بوو كە ئەم ململانێیانە درێژەیان هەبێت لەلایەك بۆ مانەوەی زیاتری لەناوچەكەدا و دەستگرتنی بەسەر ئاوە گەرمەكاندا و سەرچاوەكانی وزەی نەوت و غازی سروشتی زۆر و زەوەندی وڵاتانی كەنداو و دواتریش فرۆشتنی چەك و چۆڵی زۆر و زەوەند بە عەرەبەكان.
بەڵام ئەم هەوڵ و ناوبژیوانیەی چین و لەم كات و قۆناغەدا،بەڕاستی جێگەی تێڕامان و هەڵوێستەكردنە بۆ ئەمریكا و ئیسڕائیل و دەكرێت وەكو تەحەدایەكی هەژموون و دەسەڵاتی ئەمریكا لێیڕوانرێت.چونكە چین لە ئێستادا بۆتە ڕكابەری سیاسی و ئابوری و ئەمنی پلە یەك بۆ ئەمریكا و بە جدی بۆتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر هەژموون و ڕابەرایەتی ئەمریكا لە جیهاندا،بەهۆی پێشكەوتنە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و سەربازی و كەلتوریەكانیەوە لەبەرامبەر ئەمریكادا.ئەم هەوڵەی چین ڕێك مانای كانسڵكردنەوە و سڕینەوەی ڕۆڵی تۆخی ئەمریكایە لەناوچەكەدا و بەتایبەتیش لای هاوپەیمانە مێژووییەكانی لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداویە عەرەبەكاندا و دەبێتە هەنگاوی یەكەم بۆ جێپێ لێژكردنی ئەمریكا لەناوچەكەدا و ئاشكراكردنی ململانێكانی  و ڕاوەستانی ڕاستەوخۆیەتی بەرامبەر ئەمریكا.بەم هەنگاوەی چین بە ئەمریكا دەڵێت چیدی بەتەنها جیهان و ناوچەكە بۆتۆ بەجێناهێڵم و ئیدی منیش هەم وگەرەكمە ڕۆڵی زیاتری نێودەوڵەتی ببینم و سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی خۆم پەرە پێبدەم.
خاڵی ئەرێنی بۆ سەركەوتنی چین لەم نێوەندگیریەدا ئەوەیە كە لەیەك كاتدا دۆستی ئێران و سعودیەشە و لەگەڵ هەردوولایاندا پەیوەندی دیبلۆماسی و ئابوری و ئەمنی و كەلتوری گەورەی هەیە و لەهەردوو وڵاتەوە بەیەك ماوە و وەكو یەك ڕاوەستاوە و بێ‌ لایەنە و وەكو ئەمریكا نیە.
•    پرسیار لێرەدا ئەوەیە، كە ئایا ئەمریكا لێدەگەڕێت ڕێكەوتنەكە وەكو ئەوەی ڕێكەوتنی لەسەركراوە بەئەنجام بگات؟ ئایا تەگەرە و بەربەستی بۆ دروست ناكات؟ ئایا بێدەنگی هەڵدەبژێرێت لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستەی سعودیە بە ڕووكردنە چین و پشتكردنە ئەمریكا؟ یان ئایا ڕێگە دەدات بە چین كە بەهێواشی و نەرمی ببێتە جێگرەوەی ئەمریكا لەناوچەكەدا؟ ئایا هیچ پیلانێكی لێدانی ئێرانی لەبەردەمدایە؟ ئەی هەڵوێستی ئیسڕائیل چیە و چی دەبێت لە ئایندەدا؟ و ئەی ئەم ڕێكەوتنە چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان؟
كورت و پوخت ئەمریكا ڕەنگە هەڵوێستی توندی سیاسی و ئابوری و ئەمنی هەبێت بەرامبەر سعودیە و بكەوێتە جوڵاندنی كارتەكانی مافی مرۆڤ و هەڵدانەوەی كوشتنی ڕۆژنامەنوسەكەی سعودیە لەلایەن محمد بن سەلمان و لێگەڕانی لە حوسیەكانی یەمەن بۆ فشار خستنە سەر سعودیە وتەنانەت گەمارۆی ئابوری و فرۆشتنی چەك و چۆڵ و ...هتد.یان فشار و گوشاری هەمەجۆر بەكاردێنێت بۆ سەر سعودیە بۆ پاشگەزبونەوە یان دروستكردنی ڕێگری زۆر بۆ ڕێكەوتنەكە و مراندنی.بەهەمانشێوە لێناگەڕێت چین ئاوها تاكلایەنە ببێتە پاڵەوانی گۆڕەپانەكە و دەیان كێشەی لە جیهاندا بۆ دروستدەكات و لە پێش هەموانیشیانەوە مەسەلەی تایوانی گرێ‌ كوێرەكەی سەر دڵی چینە ودەیان كێشەی سیاسی و ئەمنی و ئابوری تر لە جیهاندا. ئاشكراشە لەگەڵ ئێراندا ئەمریكا ناڕێكە لە مەسەلەی  چەكە ئەتۆمیەكەی و دەكرێت مێزەكە بەیەكجار قڵپبكاتەوە بەسەر هەمواندا بەكەمێك نەرمی نواندنی بەرامبەر ئێران و بادانەوەی ئێران بەلای ئەمریكا و ڕۆژئاوادا كە زۆر پێویستی پێیانە بەهۆی گەمارۆی 40ساڵەی سەری و یان خاوكردنەوەی ململانێكانی لەگەڵیدا لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و ..هتد. یاخود ڕەنگە ڕاستەوخۆ و بەهاوبەشی لەگەڵ ئیسڕائیلدا كردەیەكی سەربازی لێدانی دامودەزگا ئەتۆمیەكانی ئێران ئەنجام بدات و بەمەش پەل و پۆی ئێران بشكێنێت و بەم كارەشی لەلایەك سعودیە پەشیماندەكاتەوە لە ڕێكەوتنەكە و لەولاشەوە مەترسیە گەورەكەی سەر ئیسڕائیلیش ناهێڵێت و ئاشكراشە بۆ خۆئامادەكردن بۆ هەموو ئەو ئەگەرانە وەزیری بەرگری ئەمریكا لەم هەفتەیەدا سەردانی  ناوچەكە وعێراق و هەرێمی كوردستانیشی كرد .
ڕەنگە ئەوەی دەبینرێت و ئاشكرابێت زۆر كەمتر و بچووكتر بێت لەو هەوڵانەی كە بەنهێنی ئەنجام دەدرێن.
ئەوەی پەیوەستیشە بە هەرێمی كوردستانەوە،ئەوەی هەستیپێدەكرێت لەدوای ئەم ڕێَكەوتنەی سعودیە و ئێران،سعودیە و ئیمارات و قەتەر كە پێشتر پەیوەندی توندوتۆڵیان هەبوو لەگەڵ هەرێمدا ئێستا بەو ئاستە نیە و ئەوان تەنها پشتگیری سونەی عەرەب زیاتر دەكەن.بەهەمان شێوەش ئێران ئێستا جەخت لە ڕێكەوتنی سونە و شیعەی عەرەب دەكات لە عێراقدا.لەلایەكی ترەوە پەیوەندیەكانی سعودیە و قەتەر و ئیمارات لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد لەسوریا گەرموگوڕتربۆتەوە بە پێچەوانەی 10ساڵی ڕابووردوو.پەیوەندیەكانی توركیاش لەگەڵ سوریادا ڕوو لە ئاساییبونەوەیە.ئێران ڕێكەوتنی ئەمنی ستراتیژی لەگەڵ عێراقدا واژۆكردووە.دوای بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریسیش بۆ ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی سەربەخۆی هەرێم ،هەموو ئەم هەنگاوانە بەمەبەستی قەتیسكردن و بچووكردنەوەی ڕۆڵی هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستانە كە هەموانیان لە توركیا و سوریا و عێراق و ئێران و عەرەبەكانی كەنداویش مەبەستیانە بچوكیان بكەنەوە و نەیانهێڵن.و گەلەكۆمەكیەكی هاوبەشیان كردوە و بە ڕاستەوخۆ مەترسیان دروستكردوە لە سەر مانەوە و بوونی هەردوو دەسەڵاتە كوردیەكە لە باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان.
•    لەكۆتایدا لەم گەڕەدا، چین بە سیاسەتە نەرمەكەی خاڵێكی سەركەوتنی تۆمار كرد بە ئەنجامدانی ئەم ڕێكەوتنە لەنێوان سعودیە و ئێران و بوە هۆی بەهێزكردنی هەڵوێست و گوتاری خۆشی لەناوچەكە و جیهاندا.هەربۆیە دەبێت چاوەڕوانی پەرچەكرداری ئەمریكاش بین و ئەوكات بڕیار بدەین ئاڕاستەی ڕووداوەكان و ململانێكانی نێوان ئێران و سعودیە بەكام ئاڕاستەدا هەنگاو دەنێن،ئایا دەستدەكەنەوە بەململانێكی توندتر و درێژخایەنتر یان ڕێگەی عەقڵ و لۆژیك و پاراستنی بەرژەوەندیەكانی خۆیان هەڵدەبژێرن بەدەستگرتنیانەوە بە ڕێكەوتن و چەسپاندنی ئاشتی و ئاشتەوایی لەناوچەكەدا و لەجیاتی دوژمنایەتی و ململانێ‌ دۆستایەتی هەڵدەبژێرن كە لە پێش هەموواندا بە قازانجی تەواوی گەلان و وڵاتانی ناوچەكەیە.ئەمەش كات و زەمەن بۆمان دەردەخەن لە ئایندەدا.بەڵام كوردیش گەرەكە زۆر بە وریایانە و ئاگاداریەوە لەهەموو هەنگاوێكی سعودیە و ئێران و توركیا و تەنانەت عێراقیش بڕوانێت بۆ زامنكردنی مانەوە و بوونی بەم قەوارە و دەسەڵاتەی ئێستایەوە و نەگەرانەوەی بۆ ناو قۆزاخەكەی پێش ساڵی 1991.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×