رۆشنبیر کێیەو ئەرکی چییە لەکۆمەڵگادا؟

نەوزادی موهەندیس
  2024-01-08     205

wەک ئاشکرایە کۆمەڵگا مرۆڤایەتیە جیاوازەکان پێکھاتوون لە توێژو چینی جیاواز لەناویشیاندا کەسان و تاکی ھەمەجۆر ھەن کە ئاستی خوێندەواری و تێگەیشتن و ھوشیاریان جیاوازە و ھیچکامیان وەکو ئەویتر بیرناکاتەوە و خاوەنی ھیچ بیرۆکە و دەستپێشخەری و تێڕوانین و دیدگا و ئاست وئاسۆ بینینی ئایندەیەکی ڕۆشن و گەشاوەی نیە .جا ئاستی تاکەکان لە نێوان کەسانی نەخوێندەوار و نەزان و خوێندەوار و ڕۆشنبیر و زانا و بیرمەنددا دابەشبوونە کە ھەریەکەشیان سیما و سیفاتی جیاکەرەوەی خۆیان ھەیە،ئاشکراشە ھەموو کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکان ھەمیشە لەسەر دەست و  بەبیر و ئەندێشە و بیرۆکە داھێنەرانەکانی کەسە ڕۆشبیر و زانا وداناکان پێشکەوتوون و توانیوایانە ھەنگاو بەرەو گۆڕانکاری بنێن و قۆناغە جیاوازەکانی گەشەکردنی کۆمەڵگا ببڕن لە کۆمەڵگایەکی مەشاعیی سەرەتاییەوە بۆ کۆمەڵگا جوتیار وفیوداڵی و خانەدان و دواتر قۆناغی بازرگانی و پیشەسازی وسەرمایەداری و ئیدی ھەنگاونانیش بۆ سۆسیالیستی.
    بۆیە گرنگە کە بزانین ھەریەک لەو ئاستە جیاوازانەی کەس و تاکەکان چین و ڕۆڵ و کاریگەرییان چییە لەسەر پێشکەوتنی کۆمەڵگاکانیان.بۆئەوەی لەو ڕاستیە تێبگەین کە چ ئاستێک و چ تاکێک کاریگەرن و دەتوانن گۆڕانکاری گەورە چێبکەن.
    ئاشکرایە کەسی نەخوێندەوار بریتیە لەو کەسانەی کە ھیچ جۆرە خوێندەواریەکیان نیە و ھیچ نازانن دەربارەی زانستە سروشتی و مرۆییەکان و سەوداوسەریان نیە لەگەڵ خوێندن و نوسین و ھیچ جۆرە بڕوانامەیەکی زانستی و پسپۆڕیەکیان نیە.ئیدی ئەو کەسانە کەسانی بێ بەرھەم و لەئاستی خوارەوەی کۆمەڵگادان و کاریگەرێکی ئەوتۆشیان نیە لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان و ھەمیشەش بەردەست و سووتەمەنی ڕووداوەکانن.
   ھەرچی نەزانەکانن ،بریتین لەو کەسانەی کە ڕەنگە خوێندەواریش بن و بڕوانامە و پسپۆڕیەکی زانستیشیان ھەبێت بەڵام بە نەزان دەژمێردرێن چونکە ھیچ کات ھوشیارییەکی ئەوتۆیان نیە دەربارەی کۆمەڵگا و دەوروبەریان و تەنھا سەرقاڵی تایبەتمەندی خۆیانن و ھیچ گرنگیەکیش نادەن بە دەرەوەی خواست و ویست و پسپۆڕیەکانی خۆیان کە ئەم جۆرەش وەک نەخوێندەوارەکان و بگرە خراپتریشن چونکە لەگەڵ ئەوەی خوێندەوارن بەڵام تەنانەت نابنە ھۆکاری گۆڕانکاری و ھەندێک جاریش لەنەزانینەوە  بە بابەتێک یان کایەیەکی ژیان گفتوگۆی بێسەر و بەریش دەکەن و دەبنە ھۆکاری چەقبەستوویی و ساردکردنەوەی کەسانی پۆزەتیڤی تریش لەناو کۆمەڵگادا.جا سیفەتی نەزان گشتگیرترە لە نەخوێندەوار،چونکە  ھەموو نەخوێندەوارێک نەزانە بەڵام ھەموو نەزانێک نەخوێندەوار نیە و بگرە وەک وتمان ڕەنگە خوێندەواریش بێت.جا سێ جۆر کەسی نەزان ھەن وەک :نەزانی کراوە((ساکار)) کە دەزانێت نەزانە بەڵام گەرەکێتی فێربێت و کەمێک زانیاری دەربارەی بابەتێک ھەیە و نەزانی ڕێگریکار ((تەواو)) دەزانێت کە نەزانە بەڵام ڕێگریش دەکات لەھەموو فێربونێک  و ھیچ زانیاریەک نازانێت دەربارەی زانستێک یان بابەتێک و نەزانی تاریکپەرستی(( تێکەڵە لە نەزانی ساکار و تەواو)) کە نەزانە و ناشیدەوێت کەسانی تریش فێرببن کە ئەم جۆرەیان لەجۆرەکانی تری نەزانی زۆر خراپ و مەترسیدارە و داننانێت بە نەزانیەکەیدا.
جا کەسی نەزان بەھەندێ سیفات جیادەکرێتەوە وەک :گرنگی نەدان بە شاراوەکان و ڕاوبۆچونی کەسانی تر و دوورکەوتنەوە لەزانا و ڕۆشنبیران و ڕەتکردنەوەی نەزانیەکەیان و دەمکوتان لە توێژینەوەی زانستی و دەسکەوتنی زانست.
   ھەرچی خوێندەوارەکانە بریتین لەو کەسانەی کە خاوەن بڕوانامەی زانستین لەیەکێک لە بەشە زانستیەکاندا و پلەی بەرزی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا و پاش دکتۆراشیان بەدەستھێناوە وەکو پزیشک و ئەندازیار و مامۆستا و ھونەرمەند و پارێزەر و ...ھتد.بەڵام بەکەسێکی ڕۆشنبیر دانانرێن،چونکە تەنھا خوێندەواری و خوێندن و بڕوانامەکانیان بۆ وەدەستھێنانی پلە و پایە و پۆست و دەسکەوت و داھاتی مادی تەرخانکردوە و ئیدی سەروسەودایان لەگەڵ گۆڕانکاری و کێشە و گرفت و ئاڵنگاریەکانی ناو کۆمەڵگادا نیە.ھەربۆیە ئەو ڕاستیە سەلمێنراوە کە ھەموو خوێندەوارێک مەرج نیە کە کەسێکی ڕۆشنبیر بێت ،بەڵام دەکرێت ھەموو ڕۆشنبیرێک خوێندەوار بێت.بۆیە جیاوازیەکی گەورە ھەیە لەنێوان کەسی خوێندەوار و ڕۆشنبیردا.
   ئەوەی لێرەدا مەبەسمانە کەسە ڕۆشنبیرەکانە و کار و ئەرکیان چیە لەنێوکۆمەڵگادا ؟ و چۆن دەتوانن ببنە کەسانی دەستپێشخەر و گۆڕانخواز و ڕابەر و سەرکردە بەمەبەستی پێشەوایەتیکردنی کۆمەڵگا بەرەو قۆناغە باڵاکانیتر؟
   وشەی ڕۆشنبیر لە وشەی ڕۆشنبیرییەوە ھاتوە کە  بریتیە لە سیفەتێکی گشتی و مانای ئەزموون و شارەزایی ناگەیەنێت لە بوارێکی دیاریکراودا. 
 ھەربۆیە ڕۆشنبیر ،لەگەڵ ئەوەی ناتوانرێت بەوردی پێناسەیەکی کتومتی بۆ بکرێت و بەتەنھا لە جوغز و چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا پێناسە بکرێت،بەڵام بەکورتی و پوختی کەسی ڕۆشنبیر بریتیە لەو کەسانەی کە  زانیارییەکی فراوان و ھەمەجۆر ڕۆشنبیریشی  ھەیە لە بوارە جیاوازەکاندا.
ڕەنگە خوێندەواریەکی باڵا و خاوەن بڕوانامەیەکی زانستیش نەبن،بەڵام کەسانی ھوشیار و خاوەن بیرۆکە و دەستپێشخەری و داھێنان و  خاوەنی تێڕوانینی گەش و ئاسۆی ڕوونن بۆ ئایندە،کەسی ڕۆشنبیر ھەرچەندە پلەی زانستیان نزمیش بێت بەڵام بەھۆی ئەوەی کە پسپۆڕییەکی تایبەتیان نیە یان پسپۆڕ و پلەی بەرزی خێندنیشیان ھەیە ،بەڵام خۆیان قەتیس نەکردوە لەچوارچێوەی پسپۆڕییە زانستیەکەیاندا و تەنھا وتەنھا سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستیبن،بەڵکو کەسی ڕۆشنبیر ئەوکەسانەن کە ھەمیشە و بەبەردەوامی سەرقاڵی گقتوگۆی ھەمەلایەنی فکری و زانستی و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی و ...ھتد. دەربارەی کێشە و گرفت و داواکاری و ئاڵنگاریەکانی کۆمەڵگاکانیانن و ھەمیشە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەن و دەیانەوێت خاڵی چەقبەستوویی کۆمەڵگا بڕەوێنەوە لەڕووی سیاسی و ئابوری و زانستی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگیەوە.کەسی ڕۆشنبیر بێگوێدانە دەسکەوتی مادی و داھاتی کەسیەوە ھەمیشە ئامادەگی ھەیە لە ھەموو کۆڕ و کۆبونەوەکان و قسە و تێڕوانین و ھەڵوێست و گوتاری خۆی ھەیە لەبەرامبەر دەسەڵاتەکاندا بێگوێدانە زیانگەیاندن پێی و لێپرسینەوە و سزادان و گرتن و ڕاوەدونان و سزادانیشی.کەسی ڕۆشتبیر ھیچ کات خۆی قەتیس ناکات تەنھا بە کایە و بوارێکی تایبەتیەوە بەڵکو ڕۆشنبیر خۆی بەنمایندەی ھەموو چین و توێژەکان دەزانێت و لەھەرکوێ پێویست بەگوتار و ھەڵوێست بێت بەکردارەکی بوون و ڕاو و بۆچوونی خۆی دەردەبڕێت،لەھەرکوێ نادادی و ناعەدالەتی  و نایەکسانی و گەندەڵی و پێشێلکردنەکانی ئازادیەکان و مافەکان ھەبوو ڕۆشنبیر ئامادەگی ھەیە و دەنگی ناڕەزایی دەردەبڕێت و ڕێگا چارەی گونجاویش پێشکەش دەکات، وبێسڵەمینەوە و بێ بیرکردنەوە لە ئایندەی کەسی خۆی ڕاوبۆچونەکانی بە ئازادانە دەردەبڕێت.
    جا کەسی ڕۆشنبیر بە کۆمەڵێک سیفات جیادەکرێتەوە وەک: 
 نەرمی لە دەربڕینی ڕاوبۆچونەکانیدا و ئامادەی وەرگرتنی ھەر بیرۆکەیەکی نوێشی ھەیە بۆ تێڕامان لێی و ھەڵھێنجانی لایەنە باشەکانی،بەھەمان شێوە کەسی ڕۆشنبیر زۆر حەز لە خوێندنەوە دەکات و ڕۆژانە چەندین کاتژمێر ڕۆژنامە و گۆڤار و سایتە جیاوازەکان لەپاڵ کتێبە ھەمەجۆرەکانیشدا دەخوێنێتەوە بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ھوشیاری و زانیاری خۆی، ڕۆشنبیر خۆی نابەستێتەوە بەتەنھا  یەک کایە و بوارێکی  دیاریکراوی زانستیەوە بەڵکو لەگەڵ ھەمەچەشنە ڕۆشنبیری مامەڵە دەکات،و ناچێتە ناو ووردەکاریەکانیانەوە بەڵکو تەنھا بابەتە بنچینەییەکانیان ھەڵدەھێنجێت،کەسی ڕۆشنبیر کاتێک زۆر دەخوێنێتەوە زۆریش دەنوسێت و دەگەڕێت بەدوای  خاڵ و چەمکە شاراوەکان و ئەو بابەتانەی تێناگەن. کەسی ڕۆشنبیر کەسێکی سادە و ساکارە و ڕێز لە پێگەی ھەمووان دەگرێت و ڕقی لەکەس نابێتەوە,دان بەھەڵەی خۆشیدا دەنێت و ئامۆژگاری لۆژیکیش وەردەگرێت،توانای ڕەخنە و شیکاری ھەیە و کەسێکی جێگیر و ئارام و خاوەن متمانە بەخۆشێتی. باکگراوندێکی دەوڵەمەندی زانیاری و مەعریفی ھەمەجۆری ھەیە و شارەزایە لە بنەما گشتی و تایبەتەکان و ڕەوشتیش.ھەربۆیە ڕۆشنبیر وەکو درەختێک وایە و خوێندەواریش وەک بەرھەمەکەی.
    ھەربۆیە کەسانی ڕۆشنبیر لەناو کۆمەڵگاکاندا کەسانی چوست و چالاکن و ڕۆڵی ڕۆشنکەرەو و ھەڵگری چرا و ڕێگاکان و کرانەوەی گرێ کوێرەکان دەبینن.بۆیەش ھەمیشە کاریگەریان لەسەر دەور و بەرو کۆمەڵگاکان  ھەیە و بەھۆی فشار و کاریگەرییانەوە دەبنە ھۆکاری گۆڕانکاری گەورە بەرەو ئاسۆ و قۆناغە باڵا و پێشکەوتوەکانی کۆمەڵگا.ھەربۆیە ھەرکاتێک کۆمەڵگاکان کەسانی ڕۆشنبیر و بیرمەند و زانای گەورەی تیادا ھەڵکەوت، ئەوا بەدڵنیایی ئەو کۆمەڵگایانە کۆمەڵگا گەلێکی پێشکەوتوو و ئازادیخواز و کراوە و داھێنەر دەبن و بە پێچەوانەشەوە.
  کاریگەری کەسی ڕۆشنبیر لەناو کۆمەڵگادا:
 بۆیە کەسی ڕۆشنبیر بریتیە لەکەسێکی خاوەن پێگەی کاریگەر و خاوەن بیرۆکە و دەستپێشخەری و بریتین لەکەسانێک کە ھەمەجۆر زانیاری و مەعریفەی سەردەمیانەیان لایە و  کەسانێکی فرە بەھرەی گوتاربێژی و نوسین و ڕۆشنگەر و سادە و ساکار و ھێمن و لەسەرخۆن.ھەربۆیە ئەم کەسایەتیانە لەناو کۆمەڵگادا سەرمەشقی گۆڕانکاریەکانن.نەک کەسە نەخوێندەوار و نەزان و تەنانەت خوێندەوارەکانیش.بۆیە کارێکی ئاساییە کە کەسێکی خاوەن بڕوانەمەی زانستی وەک پزیشک و ئەندازیار و مامۆستا و ھونەرمەند و پارێزەر و...ھتد.ببنە کەسانێکی ڕۆشنبیر و جیا و بەدەر لە پسپۆڕییە زانستیەکانیان قسە و ئامادەگی و ھەڵویست و گوتار و نوسینیان ھەبێت لەھەموو کایە و بوارەکانی کۆمەڵگادا ،چونکە قسەکردن لەسەر تەواوی کێشە و گرفت و ئاڵنگاریەکانی کۆمەڵگا بەتەنھا نەوەستاوەتە سەر کەسانێکی نەزان و بەناو خوێندەوار و سیاسی کرچ و کاڵ ،چونکە ھموو تاکێکی کۆمەڵگا مافی خۆپێشخستن و کرانەوە  و تێگەیشتنی تەواوەتی ھەیە لەھەموو کایە و بوارەکانی کۆمەڵگاکەیدا و ئەرکیشێتی کە بەپێی توانا و تێگەیشتنی خۆی خزمەتی کۆمەڵگاکەی بکات.
   لەکۆتایدا گرنگە کەسانی نەخوێندەوار و نەزان و خوێندەوار لەکەسانی ڕۆشنبیر جیابکرێتەوە و گرنگی زیاتریان پێبدرێت و گوێ لەڕاوبۆچونەکانیان بگیرێت و وەکو کەسانی بەتوانا و داھێنەر و ڕۆشنفکر لێیانبڕوانرێت و ڕاوێژو پرس و ڕایان پێبکرێت و پێگە و جێگەی شیاو وگونجاویان پێبدرێت،چونکە ڕۆشنبیران کەسانی ئازاد و بوێرن و ھیچ کات ناسڵەمنەوە لە دەسەڵات و ھەرگیزیش ھەوڵنادەن بۆ وەرگرتنی پۆست و پلە و ئیمتیازات و ھەمیشەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگدا دەبەخشن و وەکو مۆم خۆیان دەسوتێن و چواردەوریان ڕۆشن و ھوشیار دەکەنەوە.بۆیە تاکی ڕۆشنبیر وەکو ((ێمام الامانی))کۆمەڵگا وان ھەرکات ڕۆشنبیران  ھوشیار وساغڵەم و تەندروست بوون ئەوا کۆمەڵگاش ساغڵەم و تەندروست دەبێت  و کۆمەڵگایەکی ھوشیار و پێگەیشتوو و پێشکەوتوو وەدیدەھێنێت و بەپێچەوانەشەوە نەزان و نەخوێندەوارەکان کۆمەڵگایەکی سست و دواکەوتوو و  ھەژار و برسی و چەوساوە دەقەومێنن.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×