هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ی‌ په‌ڕله‌مانی‌ عێراق، له‌پێناو چیداو به‌قازانجی‌ كێ‌؟

نەوزادی موهەندیس
  2020-08-07     719
•له‌دوای‌ به‌ناو ڕزگاركردنی‌ عێراق له‌لایه‌ن هێزی‌ هاوپه‌یمانانه‌وه‌ به‌ ڕابه‌رایه‌تی‌ ئه‌مریكا له‌ ساڵی‌ 2003وه‌ و تاكو ئێستا چوار خولی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌ڕله‌مانی‌ عێراقی‌ ئه‌نجامدراوه‌.به‌لاَم له‌ هیچ خولێكدا نه‌توانراوه‌ كار و ئه‌ركی‌ په‌ڕله‌مانی‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ جێبه‌جێبكه‌ن له‌ یاسادانان و چاودێریكردنی‌ حكومه‌ته‌كانی‌ عێراق له‌ماوه‌ی‌ 17 ساڵی‌ ڕابووردودا،په‌ڕله‌مان به‌داخه‌وه‌ بۆته‌ ئۆرگانێكی‌ بێكه‌ڵكی‌  ڕه‌زا قورس و بارگرانی‌ به‌هۆی‌ بێتوانایی‌ و خه‌رجیه‌ زۆره‌كانیه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌ستۆی‌ تاكی‌ عێۆاقی‌ و گه‌نجینه‌ی‌ ولاَتیش.ئم په‌ڕله‌مانه‌ی‌ به‌ناو یه‌كێكه‌ له‌ سێ‌ ئۆرگانه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی‌ حوكمڕانی‌ و سیمای‌ گه‌شی‌ دیموكراسی‌،به‌لاَم نه‌یتوانیوه‌ ڕێگه‌ بگرێت له‌ په‌تای‌ گه‌نده‌ڵی‌ و به‌هه‌ده‌ردانی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ ولاَت و  نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ ئۆرگانێكی‌ فشاری‌ به‌هێز له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ئه‌رك خۆیان هه‌ستن له‌ دابینكردنی‌ لانی‌ كه‌می‌ ژیان و گوزه‌رانێكی‌ پڕ كه‌رامه‌ت بۆ تاك و كۆمه‌ڵگای‌ عێراقی‌ و لانی‌ كه‌می‌ خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌كیه‌كانیان بۆ دابین بكه‌ن و هه‌وڵی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌دانی‌ ولاَت بده‌ن و سه‌رقاڵی‌ نه‌هێشتنی‌ دیارده‌كانی‌ بێكاری‌ و نه‌خوێنده‌واری‌ و نه‌خۆشی‌ و دواكه‌وتوویی‌ و هه‌ژاری‌ له‌ ولاَتدا بده‌ن. جا په‌ڕله‌مانێك كه‌ هێنده‌ بێ‌ كه‌ڵك و بێسوود بێت و بوێری‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌بێت حكومه‌تێك له‌كار بخات و ته‌نانه‌ت وه‌زیرێكیش له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی‌ و بێتوانایی‌ لێپرسینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا بكات ومتنمانه‌ی‌ لێوه‌ربگرێته‌وه‌ .ئیدی‌ بوونی‌ چ قازانجێكی‌ هه‌یه‌.په‌ڕله‌مانێك كه‌ به‌پێی‌ ده‌ستور نماینده‌ی‌ چین و توێژه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگایه‌ و نوَنه‌رایه‌تی‌ ئه‌وان ده‌كات نه‌توانێت له‌سه‌ر مافه‌ ڕه‌وا و داواكاره‌كانی‌ گه‌ل هه‌ڵبداتێت ئیدی‌ بوونی‌ یان نه‌بوونی‌ وه‌ك یه‌ك وانیه‌؟
•هه‌ربۆیه‌ دوای‌ 17 ساڵ شه‌قام و تاك و گروپ و ڕێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ عێراقی‌ له‌ باشوور و ناوه‌ڕاستی‌ عێراق  گه‌یشتنه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی‌ كه‌ چیدی‌ پێویست به‌ په‌ڕله‌مانێك ناكات كه‌ به‌رگری‌ له‌ گه‌نده‌ڵگاران بكات و هیچ جوڵه‌ و فشارێكی‌ به‌ قازانجی‌ گه‌ل نه‌بێت، بۆیه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ مانگی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ ساڵی‌ 2019 و دواتریش و به‌ ئێستاشه‌وه‌ یه‌كێك له‌داواكاریه‌كانیان بریتی‌ بوو له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ په‌ڕله‌مان و ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ پێشوه‌خته‌ بۆ په‌ڕله‌مانێكی‌ نوێ‌.
•له‌ئێستادا و دوای‌ نزیكه‌ی‌ یه‌ك ساڵ له‌م داواكاریه‌ و گۆڕانكاری‌ له‌ حكومه‌تدا و هاتنه‌ سه‌ر حوكمڕانی‌ له‌لایه‌ن مسته‌فا كازمیه‌وه‌ وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران،وه‌ك وه‌لاَمدانه‌وه‌یه‌كی‌ خۆپیشانده‌ران یڕیاردراوه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ ئه‌نجام بدرێت له‌ 6/6/2021دا پێش ته‌واوبونی‌ ماوه‌ی‌ یاسایی‌ ئه‌م خوله‌ی‌ په‌ڕله‌مان له‌ مانگی‌ ئایاری‌ ساڵی‌ 2022دا.
•پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ،كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنی‌ پَشوه‌خته‌یه‌ بۆچی‌ و به‌ ئامانجی‌ چی‌؟ ئایا هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ له‌ قازانجی‌ چ كه‌س و لایه‌ن و گروپێك ته‌واو ده‌بێت؟ ئایا هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ ده‌رمانی‌ هه‌موو ده‌رده‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ عێراقی‌ ده‌كات ؟ و ده‌یان پرسیاری‌ تریش..
•هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ سه‌ره‌تا وه‌ك وه‌لاَمدانه‌وه‌یه‌ك و گوێڕایه‌ڵی‌ حكومه‌ته‌ بۆ داواكاری‌ خۆپیشانده‌ران و شه‌قامی‌ توڕه‌ و ناڕازی‌ عێراقی‌ و به‌ ئامانجی‌ هه‌نگاونانه‌ به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی‌ ڕوونتر و هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی‌ وزه‌ و توانا و كه‌سایه‌تی‌ نوێی‌ گه‌نجه‌ بۆ ناو ناوه‌ندی‌ بڕیار و ده‌سه‌لاَت له‌ عێراقدا كه‌ دوور بن له‌ گه‌نده‌ڵی‌ و مشه‌خۆری‌ و پشكپشكێنه‌ی‌ حیزبی‌ و تایه‌فی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌ و به‌هیوای‌ هێنانه‌ی‌ دی‌ دادپه‌روه‌ری‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و نه‌هێشتنی‌ جیاوازی‌ له‌ مووچه‌ و ئیمتیازات له‌نێوان پله‌بالاَكان و چینه‌كانی‌ خواره‌وه‌،به‌ئامانجی‌ ده‌ربازكردنی‌ عێراقه‌ له‌و بازنه‌ بۆشه‌ و له‌و گێژاو و ململانێ‌ سیاسیه‌ ناڕه‌وایه‌ی‌ كه‌ 17 ساڵه‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت به‌تایبه‌تی‌ له‌ناو ماڵی‌ شیعیدا،به‌نیازی‌ ئه‌وه‌ی‌ عێراق بگڕێنرێته‌وه‌ بۆ جوگرافیا نیشتیمانی‌ و نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی‌ و دووربخرێته‌وه‌ له‌ فه‌له‌ك و هه‌ژموونی‌ ولاَتانی‌ دراوسێ. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م ئامانج و نیازانه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌دا هاته‌ دی‌ ئه‌وا به‌دڵنیایی‌ به‌ قازانجی‌ چین و توێژه‌ توڕه‌ و ناڕازی‌ و په‌راوێزخراوه‌كه‌ی‌ كۆمه‌ڵگای‌ عێراقی‌ ته‌واو ده‌بێت و ده‌ستی‌ حزب و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان و ولاَتانی‌ ده‌رودراسێ ده‌بڕدرێت و ئومێده‌كان چه‌كه‌ره‌ و چرۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ ئاینده‌یه‌كی‌ نوێ‌ و گه‌شاوه‌ بۆ عێراق و به‌هه‌رێمی‌ كوردستانیشه‌وه‌.
به‌لاَم ده‌بێت ئه‌و ڕاستیانه‌ش له‌بیر نه‌كه‌ن كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ و به‌و نیاز و ئامانجانه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌ری‌ هه‌ڵچنراوه‌،ئاشكرایه‌ دۆستی‌ كه‌م و نه‌یاری‌ زۆری‌ هه‌یه‌ و لێناگه‌ڕێن به‌ئاسانی‌ دووربخرێنه‌وه‌ و ده‌سه‌لاَتیان قه‌تیس و بچوك ببێته‌وه‌ و له‌ ئیمتیازات و له‌زه‌تی‌ كێكه‌ شیرین و به‌تامه‌كه‌ی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ عێراق بێبه‌ش بكرێن.به‌تایبه‌تیش ئه‌و سه‌ركرده‌ و حزب و لایه‌نانه‌ی‌ كه‌ خاوه‌نی‌ ملیشیای‌ چه‌كدارین و به‌ته‌واوه‌تی‌ كه‌وتونه‌ته‌ ژێر هه‌ژموونی‌ ولاَتانی‌ دراوسێ‌ و به‌ قازانجی‌ ئه‌وان كارده‌كه‌ن.هه‌ربۆیه‌ ناكرێت ئه‌م هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌یه‌ش به‌ دار عه‌سای‌ موسا سه‌یر بكرێت و له‌ شه‌و و ڕۆژێكدا ته‌واوی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و ناعه‌داله‌تی‌ و ناڕێكی‌ 17 ساڵی‌  ڕابووردوو چاره‌سه‌ر بكات و به‌ ده‌رمانی‌ 7 ده‌رده‌ لێیبڕوانرێت،به‌لاَم بۆخۆی‌ ده‌بێته‌ هه‌نگاوێكی‌ سه‌ره‌تایی‌ بۆ ئاڵوگۆڕی‌ ده‌سه‌لاَت و لێپرسینه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌لاَتداران و به‌هه‌ند وه‌رگرتنی‌ ڕای‌ شه‌قام و به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنی‌ داواكاریه‌كانیان و خستنه‌وه‌ سه‌ر سكه‌ی‌ ڕاست و دروستی‌ گه‌شه‌ و ئاوه‌دانی‌ ولاَت و ده‌ربازبوون له‌ چه‌قبه‌ستوویی‌ 17 ساڵه‌ی‌ ڕابوودوو و كاڵبونه‌وه‌ی‌ هه‌ژموونی‌ خیزب و سه‌ركرده‌ و تایه‌فه‌ و ولاَتانی‌ دراوسێ‌.چونكه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش بۆخۆی‌ كێشه‌ و گرفتی‌ زۆری‌ له‌به‌رده‌مدایه‌ له‌ڕووی‌ سیاسی‌ و دارایی‌ و ئه‌منی‌ و ته‌ندروستی‌ و ..هتد.
•به‌هیوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ ڕاست ودروسته‌ هه‌ڵبنرَێت و ئامانح و نیازه‌ ڕاست و ڕاستگۆكانی‌ كه‌ له‌سه‌ری‌ هه‌ڵچنراوه‌ بێنه‌ دی‌ و كۆمه‌ڵگای‌ عێراقی‌ به‌ كوردستانیشه‌وه‌ له‌سایه‌یدا ئاهێكی‌ فه‌ره‌حیان پیادا بێته‌وه‌ و خواست و ویسته‌كانیان له‌دابینكردنی‌ ژیانوگوزه‌رانێكی‌ پڕ شكۆدا بێته‌ دی‌.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×