لە ڕۆژانی ٥-٧ـی ئایاری ٢٠٢٥ لە ھەرێمەکانی پاراستنی میدیاو ناوچەیەکی تری نادیار، پارتی کرێکارانی کوردستان کۆنگرەی دوانزەھەمینی خۆی گرێدا ھەر ئەو نادیارییە لە تەوقیت و لەجێگای کۆنگرە، دەرخەری ئەوەیە ھێشتا زەمینەسازیی ئەوتۆ بۆ ئاشتی دروست نەبوەو لەبارنییە، بەڵام وەک دەردەکەوێ ئەمە کۆنگرەیەکی نائاسایی و ناچاریی بوو بەناوی کۆنگرەی دوانزەوە، نەک کۆنگرەی خۆھەڵوەشاندنەوەو چەک دانانی پە*کە*کە، لەبەیاننامەکەیاندا، دەڵێن بڕیاری مێژوویی دراو یادی ٥٢ ساڵەی شەھیدەکانمان کردەوە، بڕیاری مێژوویی و یادی شەھیدان مانای جیاواز لەخۆدەگرێ، کەچی ھەندێک بەشاگەشکەوە باسی کۆتایی ئەم چیرۆکە دەکەن.
بەکورتی کۆنگرەی پە*کە*کە، لەم قۆناغەدا دوای زنجیرە دیدارەکانی شاندی دەمپارتی بۆ ئیمڕاڵی و ئەنکەرەو ھەولێرو دوا پەیامی ئۆج ئالان بۆ ئاشتی و چەکدانان لە ٢٧/٢/٢٠٢٥ ئەم خوێندنەوانە ھەڵدەگرێت؛
• کۆنگرەکە کۆنگرەی سیاسی پارتێکی سیاسی بوو بۆ موجامەلەی دەوڵەتی تورکیا و جۆرێک بوو لە مانۆڕی سیاسی و ئایدۆلۆژیی بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان.
• کۆنگرەی دوانزە کۆنگرەی ھێشتنەوەی دۆخی نەشەڕ نە ئاشتیی بوو کە پە*کە*کە، رای وایە بەم جۆرەو ئاوا لەقازانجیەتی تا ئەوکاتەی دەوڵەت دەچێتەژێر باری گرەنتی دیموکراسی و زەمینەسازیی بۆ ئاشتی و ئازادکردنی زیندانیە سیاسیەکان لەسەروو ھەموویانەوە ڕێبەر ئاپۆ.
• ھەمان کات کۆنگرەی ڕێزگرتن و وەڵامدانەوەی تەکنیکیانە بوو لەپەیام و بانگەوازە ناچاریی و تەمومژاوییەکەی بەڕێز ئۆج ئالان کە دەبوو بەم جۆرە یاساییەو لەچوارچێوەی راسپاردەکانی کۆنگرەوە وەڵام بدەنەوە، کۆنگرەش بێگومان واتە بەرزترین دەسەڵاتی سیاسی حیزبی و ئایدۆلۆژیی و رەنگە بەم میکانیزمە پە*کە*کە، نەیەوێت بچێتە ژێرباری بڕیاری سیاسی جەبری و داسەپاو.
ماوەتەوە بڵێین پرۆسەی چەکدانان ئەوەندەش ئاسان نییە و ھەر دەستی بۆ ببرێ دەساڵی دەوێ، چونکە زیھنیەتی چەک دانان و مۆدێلەکانی چارەسەریی ھێشتا تەم و مژاوییە لەبەردەم تەڤگەری چەکدارییدا، لەگەڵ ئەوەی زەماناتی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و دیموکراسیی ھێشتا لەدایک نەبوە لەتورکیا ھەر بۆیە تفەنگەکانیش ئاسان ناخرێنە ژێرگڵ و تاشەبەردی قەندیلەوە.