ھێشتا مۆدێلەکانی چارەسەریی تەم و مژاوییە لەتورکیاو باکوری کوردستان و زەماناتی ناوخۆیی و دەستەبەریی ئازادیەکان و دیموکراسیەتی دام و دەزگایی فەراھەم نیە، جگەلەوەی پرۆسەی ئاشتی بە تونێلی عەقڵیەتی تەسکی فاشیزمی سەدساڵەی تورکیادا دەڕوات نەک بە تونێلی دانوستان و بێدەنگکردنی چەک و ھەڵوەشاندنەوەی پارتێکی سیاسیی کە ھێشتا ڕەھەندەکانی نادیارن، کورد لە باکور دەستی بۆ تەوقەی ئەھریمەن درێژکردوەو ھێشتا لەناو شۆکێکی گەورەدایە، دایکانی ئاشتی بەلەچکی سپی و دڵی پڕلەحەسرەتەوە بەگومانن لەم دۆخە، کە ئایندەکەی ڕوون نیەو نازانن بگرین یان پێبکەنن، نیگەران بن یان ھەڵپەڕن.
ئەگەر شۆڕشی کورد لە باکور بکرێتە قوربانی بۆ یەپەگەو ڕۆژاڤا بەبێ فیدڕاڵیەت و ھەرێمێکی سیاسی دانپێدانراو کە ئەویش گرەنتیکراونیە، ئەوە ھەڵەیەکی تەئریخییەو ئاسان نیە دەرەنجامەکەی، چونکە کورد لەتورکیا دەبێتە قوربانی ململانێی توندی پارتی گەلی کۆماریی کە پارتەکەی مستەفا کەمال ئەتاتورکە لەگەڵ پارتی دادو گەشەپێدان، خستنی پارتی گەلی کۆماریی (جەھەپە) بە پشتیوانی مەتبەخی ئایدۆلۆژیی کورد لێکەوتەی خراپی دەبێت و تورکە ڕادیکاڵ و کەمالیستە نوێکان بەئاسانی قبوڵی ناکەن بەتایبەت ئەوان خۆیان بەدامەزرێنەری تورکیای مۆدێرن ھەژمار دەکەن.
گرتنی ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ سەرۆک شارەوانی ئیستەمبوڵ لە ١٩ی ئازاری ئەمساڵ، کوردی باکوری نەخرۆشان و ناڕەزایی و کەمپەینی کوردو کاراکتەرەکانی دروست نەکرد، ئیمام ئۆغڵۆ ھەمانکات کاندیدی دڵخوازی جەھەپە بوو بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠٢٨، ئێستا ئیتر ئەردوغان ئەگەر بەراستی دەمپارتی و ئاپۆی ئازادکراوی لەتەک بێ ئەوا بێ ڕکابەرە بۆ ئەم خولی سەرۆکایەتیەو ڕەنگە بڕیاری ھەڵبژاردنی پێشوەخت بھێننە ئاراو ھەندێک ئیسڵاحاتی لاوەکی و ئازادکردنی سنورداری بەشێک لەزیندانیەکان بەبێ ھەمواری دەستورو بەفەرمی ناساندنی زمانی کوردیی جوڵەیەک بکەن جوڵەیەکی سادە، بێشک بەوە کە ھیچ گرەنتیەکی نوسراوی نیە، دەستی کورد دەخەنە ناو تەندوری گەرمی ئاکەپە- مەھەپەو قۆناغێکی پێ بەڕێ دەکەن، بەئەگەرێکی زۆرەوە دەم پارتی دەھێننە ناو ململانێکانی دەوڵەت.
کێشەکانی دیموکراتیزەبوون لەتورکیاو مۆدێلەکانی چارەسەریی تا ئێستاش ڕوون نین لەبەردەم پرۆسەی ئاشتی، بەتایبەتی لە چوارچێوەی پرەنسیپی نەتەوەی دیموکراتیک و پرەنسیپی نیشتیمانی ھاوبەش و کۆماری دیموکراتی و دەستوری دیموکراتی کە لەبەرگرینامەو مانیفێست و پەیامەکانی بەڕێز ئۆ*ج ئالاندا ھاتوە، تەنانەت لە نەخشەڕێگای ٢٠٠٩ و سەردەمی پرۆسەکانی ئاشتی ئۆسلۆ تا ٢٠١١ باسکراوە تا دەگاتە گفتووگۆکانی شاندی ئیمراڵی و دەمپارتی و دەوڵەت لە کۆتاییەکانی ٢٠٢٤ تا زنجیرە دیدارەکانی ئیمراڵی و پەیامەکەی ئۆ*ج ئالان بۆ چارەسەریی و چەکدانان لە ٢٧-٢-٢٠٢٥ و ئەنجامنانەکانی کۆنگرەی دوازدەی پارتی کرێکاران.
بەڵام کێشەی کورد لەکوێ چارەسەر دەکەن و لەکام دەزگاو کام پەڕلەمان و بەکام ڕوانگەو عەقڵیەت و بیرکردنەوە؟
لەساڵی ٢٠١٧ پارتە دەسەڵاتدارەکانی تورکیا، ئاکپارتی و مەھەپە، لەڕاپرسیەکی گشتیدا بۆ ھەمواری دەستووریی، بەزۆرینەی دەنگی بەدەستھاتوو ٣٣٩ دەنگ لەکۆی ٥٥٠ دەنگی پەڕلەمانتاران، ڕەگ و ڕیشەی ئەنجومەنی وەزیران و پەڕلەمانیان وەک دوو دەزگای یاسادانان و جێبەجێکردن لەبن دەرھێناو ھەڵیانوەشاندەوە، بەو جۆرە سیستمی حوکمڕانی وڵاتیان لەپەڕلەمانیەوە گۆڕی بۆ سەرۆکایەتی و کۆماریی ڕەھا و ھەژدە مادەی گرنگیان بەدڵی سەرۆک کۆمار دەستکاری کرد، لەوڕۆژەوە سیستم سەرۆکایەتیە نەک پەڕلەمانی، نەحیزب ڕۆڵی ماوەو نە قەزاو نەدادگاو نە فراکسیۆنەکان، پەڕلەمان وەک دەزگایەکی تەشریفاتی و پەراوێزخراوی کەلتوریی ماوەتەوە، وەک فۆڕمێک بۆ شەرعیەتدان بە دەرەنجامی ھەڵبژاردنەکان و ھەڵبژاردنە پێشوەختەکان و بڕیارەکانی سەرۆکایەتی و باری نائاسایی.
باشە ئاوا سیستمەکە لەبنەوەڕا کرابێتە سەرۆکایەتی ڕەھا، پەڕلەمان و دەزگا حکومی و قەزاییەکان ڕۆڵیان نەمابێت و بەڕێز سەرۆک کۆمار خۆی بڕیاردەربێت، چۆن دۆزگەریەکی ھەستیاری وەکو کورد تەسلیمی ئەو جۆرە پەڕلەمانە دەکرێت، بەپێی کام لۆژیک کێشەکان حەواڵەی پەڕلەمان دەکەن.