هەندێک ڕەوتی ئۆپۆزسیۆن لە دیدگاو شرۆڤەکانیاندا کێشەیان لەگەڵ ئەوەنییە هاوشانی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی و ڕەمزە گەورەکانی دەسەڵات دابنیشن و کۆبوونەوە بکەن، یان گفتوگۆبکەن و لەدیدارو پانێڵەکان خۆیان بخەنە ڕیزەوەو وێنە بگرن بۆیادگاریی تەنانەت گەشتی دەرەوەش بکەن.
کێشەیان لەگەڵ توێکڵی کێشەکانی هەرێم هەیەو وادەزانن بەوجۆرە پیشەسازییە، دەنگی خەڵک دەماشنەوە لەهەڵبژاردنەکانی ئایندە، ئەم تایپە لە ئۆپۆزسیۆنی کوردیی کاتی خۆی کێشەیان نەبوو لەگەڵ هێنانی دەیان و سەدان کۆمپانیای فارسی و توکی و ڕوسی بۆ عێراق.کێشەیەکیان نەبوو لەگەڵ هیچ یەک لەو گرێبەستانەی رابردووی عێراق لەگەڵ ئێران بۆ کڕینی گازی ئێرانی، کەقەبارەکەی سەدان ملیۆن دۆلاربوو، لەکاتێکدا دەزانن عێراق بەشی هەموو جیهان گازی هەیەو هێشتا گاز لە ئێران دەکڕێ و گرێبەستەکەش ڕەنگە لەمیهمانسەراو پزیرێکی بەغا واژوکرابێ.
ئینجا چونکە دەنگی ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە هاوئاوازە لەگەڵ دەنگی ئەو عەقڵیەتە عەسکەرو فاشیزمەی عێراق و حەشدی شەعبی، قەت باسی ئەوە ناکەن میللەتی داماوو ڕەش و ڕووتی عێراق نەک گازیان نیەو بێنەوت و کارەبان تائێستا ئاوی خواردنەوەشیان نیەو لە شارێکی وەک بەسڕە سوێراو دەخۆنەوەو ماسی وشک ئەکەنەوە وەک بامێ و بێکاریی گەشتۆتە پلەی بەرزی مەترسیدار.
هەر ئەو تایپەی ئۆپۆزسیۆن کەکێشەی توێکڵیان لەگەڵ ئەو مێزە متەوازعە هەیە لەئەمریکا، کەبەهاکەی زیاترە لە سەدملیارد دۆلار بۆ دوو گرێبەستی ستراتیژیی گازیی و نەوتی، وادەزانن لە ژێر مێزەکەدا پارەکە بەکاش دانراوە، نازانن بڕی پارەی ئەو گرێبەستە قەبارەی درێژخایەنی وەبەرهێنانەکەیەو بڕە پارەیەکە بۆ دەیان ساڵی کارکردنی پیشەسازیی گازو نەوت و کارەباو دەرهێنان و گواستنەوەی بۆ بەندەرەکان، لەلایەن کۆمپانیاکانی میران ئێنەرجی و HKNـی ئەمریکی و گرووپی ئۆنێکس و وێستێرن زاگرۆس، ئینجا تۆ دەبێ بزانی دەرهێنانەکە وزەی خاوی پێنج بۆ شەش تریقلیۆن پێ سێجا گازی سروشتی و نۆسەد ملیۆن بەرمیل نەوتە.
ئینجا ئەم ئۆپۆزسیۆنە دەزانێ هەرێمی کوردستان سێ ساڵە تەواوی ڕێککەوتنەکانی واژوو کردوە لەگەڵ بەغداد، نەوت و داهات و مەرزو فڕۆکەخانەو گرێبەستەکانی ڕادەست کردو نەوتەکەشی ڕاگرت و پەڕلەمانیشی هەڵوەشاندەوە بەپێی بنەما دەستوریەکان، چووە ژێرباری یاساو بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیەوە، دەنگیدا بە تێپەڕاندنی بودجە بۆ سێ ساڵ و شتێک نەما بەناوی گفتوگۆکردن و دانوستان، بۆیە لێدوانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر ئەم گرێبەستە نوێیانەی هەرێم لە ئەمریکا، کاتێک بەپوچەڵ و نادەستوریی ناوی دەبا، بیانووی خودی دەوڵەتێکە دەزگای ئایدۆلۆژیی قووڵ بەڕێوەی دەباو داوای خودکوژیی و ئینتیحار لە کورد دەکات و نکوڵی دەکا لە وجودی سیاسی و ماف و موچەو خواستە داراییەکانی هەرێم و باوەڕی بە هیچ جۆرە مۆدێلێکی فیدڕاڵی و پێکەوەژیان نییە.
بەڕاست تەنها مێزی گرێبەستەکانی ئەمریکا کێشەبوو بۆتان، یان نەعل و شەحاتەو سەبایای میرو شێخەکانی کەنداویش هەر کێشەی قوڵ و گرێ بوو بۆتان.