لەعێراق ھەڵۆکان بە نھێنیی و شاراوەیی سیاسەت دەکەن، کاراکتەرە بچووک و قەزەمەکان لەژێر پێی فیلەکاندا ھەمیشە دەپلیشێنەوە، فیلەتەنەکان حوکمڕانیی ڕاستەقینە دەکەن و سیاسەت بەڕێوە دەبەن، ھەڕەشەکەرەکان وەک قاژو قشقاڕەکان ھەر دەنگیان بەرزە، ڕۆڵیان نمایش و قیڕەقیڕەو ئاستی سیاسەتکردنیان تەنھا دەنگدانەوەی ئەشکەوتەکەیە نەک زیاتر، بۆ نمونەسودانی ھەر باڵای بەرزە ئەگینا لەژێرپێی فیلەکاندایە.
محمد شیاع سودانی وابزانم بە یەک کورسیەوە بوو بەسەرۆک وەزیران، ئەمجارە چونکە قەبارەی خۆی دەرچوەو زیادلە پێویست ھەنگاو دەنێ دەبێتە نێچیرو دەپلیشێتەوە ئەگەر سازش نەکات بۆ فیلەکان.
سیاسەت لەعێراق بەرمەبنای گەمەو فێڵ و ھێزو مانۆڕی سەربازیی و ئەمنی و موخابەراتی و گرێبەست و سازانی سیاسی و کۆنتراکتی نەوتییە لەنێوان ئەکتەرە ئێرانیەکان و تورکیەکان و ئەمریکادا، بۆیە ئەگەر بەھێزنیت قیڕەقیڕ نەکەی باشە چونکە دەبیتە زاھیرەی سەوتی، بتەوێ و نەتەوێ کورد ئەکتەرێکی کاریگەرە لە عێراق و ھەم کورسی ھەیەو ھەم نەوت و گازو ھەم لەیاریەکەدا چالاکەو تاران و واشنتۆنی کردۆتە ئەڵقەی دەستی.
٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٢، ھاوپەیمانێک لەو فیلەتەنانە حکومەتی پێک ھێنا بەناوی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، لەو ئیئتیلافەدا کورد ئەکتەری سەرەکی بوو، لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی و سوننەکان، کێ لەو گەمەیە تێناگات یان نەخوێندەوارە یان دژی نەتەوەو نیشتیمانەکەیەتی و بەزۆر دەیەوێ خۆی ھەڵخەڵەتێنێ و بڵێ کورد ھیچ نیەو دۆڕاوە.
دیزاینەکە ئاوابوو، دەوڵەتی یاسا ٣٨ کورسی، ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامریی ٣٣ کورسی، ھاوپەیمانی سەروەری سوننەکان بە ٦٠ کورسی بەشداربوون، بریتی بوون لە حەلبوسی و خەمیس خەنجەرو دواتر تەفرەقەیان تێکەوت. کوردەکان بە ٤٩ کورسی یەکێتی و پارتی بەشداربوون، سەربەخۆکان بە ٣٠ کورسی و ھاوپەیمانی عەزمی نیشتیمانی سوننەکان، ١٤ کورسی، لیستی عەقدی نیشتیمانی ٨ و تەسمیم ٧و نەھج ٥ کورسی و بابیلۆن ٤کورسی دەی لەو لیست و قەوارانە کورد بەھێزترینیان بوو!
ھێزە بەرھەڵستکارو ئۆپۆزسیۆنەکەی حکومەتیش بریتی بوون لە، قائیمەی ئیمتیداد ١١ کورسی و ھێزەکانی دەوڵەت ١١ و نەوەی نوێ ٩ کورسی و ئیشراقیەی کانون ٧ کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی ٤ کورسی و دادگەری ١ کورسی کە نەیانتوانی ھیچ ڕۆڵێک بگێڕن و ھەندێکیان بوون بەھاوڕێی فیلەکان.