کورد بۆ ئەوەندە حەزی لە بەغایە

ئاسۆ عەبدوللەتیف
  2025-06-26   

کێشەی گەورەو قووڵ ھەیە لە بەشداری سیاسیانەی کورد لە ھەڵبژاردنەکانی عێراق، چونکە ھەمیشە ئەم ئیلیتی و نوخبە سیاسییە کوردییە، دوچاری شکستی حەتمی و دۆڕاندن و ئیشکالیەتی چەمکی نوێنەرایەتی لە بەغداد دەبێتەوەو دیسان تێھەڵئەچێتەوە بەبێ ئەوەی ھەڵوەستەیەک وەرگرێ.

تابلۆکە ئاوایە بۆ ھەرجۆرە ھەڵبژاردنێک لە عێراقدا، کورد بەھەموو حیزب و ئایدیاو لیست و قەوارەو ڕەنگەکانیەوە، بەشێک لە ھەڵبژاردنەکەو کورسیەکان دەباتەوە، وەک کەمینەیەکی لاوازی پەرت و لات و پووتی حیزبی و نەتەوەیی دەڕواتەوە بەغداد، لەپاڵ زۆرینەیەکی بەھێزی مەزھەبی و بان نەتەوەیی سوێندی یاسایی پەڕلەمانی و سەروەریی و یەکپارچەیی بۆ عێراقی فاشیست دەخوا. دواتر کۆمەڵە وەزیرو کۆمەڵە سەفیرێک بەسەرۆک کۆمارێکی تەشریفاتیەوە دەباتەوەو نەشئەی سەرکەوتن ئەیگرێ و خۆی پێوە بائەیا بۆ دەستکەوت و ئیمتیازاتی حیزبی و حەماسەتی ناوخۆیی لە ھەولێرو سلێمانی، ھەر دومەتر لەودیو تەلاری ئەنجومەنی وەزیران و دوای مانگێک، پڕۆژە یاسای گەورە گەورە دەدۆڕێنێ لەئەنجومەنی نوێنەران و پەیتا پەیتا شکست دەخوا بەدەست حەشدی شەعبی و فیرقەو کەتیبەکانی عەسائیب و ڕەبعەڵاو حیزبوڵاو نوروڵاو زوڵفەقارو زۆرینە مەزھەبیەکەوە، لەسەر یاساکانی بودجەو ئاسایش و دارایی و نەفەقاتی سیادی و پرسی مادە دەستوریەکان و خاک و ئاو.

کورد بەو ڕۆحە لاوازەوە، بەو تەفرەقەو پەرتەوازیی و بێ گوتارییەوە، بەو دۆخە ئابوریە سەختەوە، بەو لێکترازان و نەسازانەی نێوماڵی کوردیەوە، کاتێک خۆی ئامادە ئەکات بۆ ھەڵبژاردنی ئایندەی عێراق لە ١١-١١-٢٠٢٥ و بەنیازە بچێتەوە نێو ھاوکێشەو سەرئێشەکانی زۆرینەو کەمینەو دیدی دوژمنکاریانەی مەزھەبگەراکان و وەلائیەکان و کێشمەکێشی نێو پەڕلەمان و قانونەکانی موازەنەو دەستورو یاسافیدڕاڵیەکان، ھیچ ئامادە سازیەکی فیکری و مەعریفی و سیاسی و نەتەوەیی نیە دەی ئەوە چ بەشداریەکە؟

جا ئەگەر کورد بۆ ھەمووجارەکانی ڕابردوو بەشداری لە کردەی ھەڵبژاردن و پرۆسە دیموکراسیەکان و حوکمڕانی بەغداد کردبێ و  تاڕادەیەک ڕەوایەتی لەبەردەستدا بووبێت، ئەوا بۆ ئەمجارە کەتەواوی بودجەو موچەی خەڵکیان بڕی بەموتڵەقی و باس لە ھەڵوەشانەوەی قەوارەی ھەرێمیش دەکەن، ئیدی ھیچ ڕەوایەتیەکی نەماوەو ھەڵەی نەتەوەییەو ڕێگایەکی دژواری ھەڵبژاردوە، چونکە دەرکەوت چەمکی نوێنەرایەتی و بەشداری سیاسیانەی کورد لە کابینەو دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق نوسینەوەی شکستی دوبارەیەو بگرە ئاو بێژانەوەیە.

ئاخر کوردو نوێنەرایەتیە بەرژەوەندخوازو حیزبیەکانی بەدرێژایی ئەو ھەموو ساڵە نەیانتوانی دەستور زامن بکەن، یاسا فیدڕاڵیەکان و ئیمتیازو پلە وەزیفیەکان و یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و فەزیلەتی تاکی کوردیی بپارێزن، نەیانتوانی ئابوریەکی بەھێزو پشتبەستووی گرەنتیکراو، بەداھاتی نەوتی و نانەوتی دروست بکەن، نەیانتوانی بنەماکانی فیدڕاڵیەتی ھەرێمەکان بچەسپێنێنن و ئێستا کورد لەئۆتۆنۆمی کەمتری ھەیە خەریکە دەیبەنەوە دۆخی ڕاوشکاری و خێڵ و دەرەبەگ، بێگومان لەمەودواش ناتوانن مافەکان بیپارێزن چونکە مێنتاڵێتی و عەقڵیەتی ویلایەتی فەقیەو دیدگاکانی حوکمڕانی و زۆرینە پەڕلەمانیەکە ھەر بەرکارەو ھێزی دادگای فیدڕاڵی و بڕیارەکانی ھێشتا وەک خۆیەتی.
 
شتێک نییە لە ئێستادا ناوی پەیمانی کۆمەڵایەتی و شەراکەت و سازان بێت، ماسکەکان کەوتن بەتەواویی، ئەو بەڵێن و ھیواو نیەتباشیانەی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە وەک دوا ئیئتیلافی گەورەی قەوارە پەڕلەمانیەکان دەستنیشانیانکرد بۆ نەخشە ڕێگای حکومەتەکەی محمد شیاع سودانی و دەستبەکاربوونی لە ٢٥-٩-٢٠٢٢  تا ئێستا، دەرکەوت وەھم و سیناریۆو خەڵەتاندنی تاکی کوردو عێراقی بوو، تەنھا سەفەقات و تەوافوقاتی فرۆشتنی نەوت و پاڵاوگە نایاساییەکان و دەروازەکان و کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی داھات و زیادکردنی ھەژموونی سەربازو دەسەڵات و لاوازکردنی ستاتۆی ھەرێم و ئابڵوقەدانی بوو، بەو دۆخەوە کورد بۆچی دەبێ جارێکی تر بخەڵەتێ و ڕێگای ھەڵبژاردن بگرێتەبەر لەکاتێکدا ئاوا سوکایەتی بەدامودەزگا دەستوریی و نیشتیمانیەکانی دەکرێ و دوومانگە گیرفانی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی خاڵیەو برسێتی لەبەردەرگای ھەموو ماڵێکدایە.

کورد کەمینەیەکی شەرمن و بێ پشتیوانە، ھەرێمێکی لاوازو ھەڕەشەلێکراوی چەقۆ لەگەردنە، ئینجا ئەو کەمینە پەرتەوازە حیزبی و سەرلێشێواوە کە سبەی داوای دەنگدان لە خەڵکی ڕەشۆک و برسی و نەدار دەکەن، تا ئەوان بە مووچەو ئیمتیازی بەرزەوە وەک نوێنەری کوردو مەندووبی یاساناس لە بەغداد بەقات و ڕیباتەوە خۆیان نمایش بکەن گوایە ھەڵبژێردراوی ئەم میللەتە ھەژارو برسیەن بابزانن؛

- بەشێکیان ڕاوە دۆلارو بزنسی شەخسی ئەکەن.
- بەشێکیان فرۆشراون لە سەرەتاوە، کەیف و سەفای خۆیان دەکەن وەک بریکارو پڕۆکسی دەوڵەتان، ئەھلی بازاڕی کۆیلەفرۆشانن نەک ھۆڵی یاسادانان.
- بەشێکی تریان بێپڕۆژەو بێ ڕوئیان و ئیرادەیان تێک شکاوەو ئەسڵەن گاڵتەیان بەچەمکی نەتەوەو نیشتیمان دێ.
- بەشە ھەرە خراپەکەی ئەو مەندووب و کەمینەیە، یان شیروتیر لەیەک دەسون یان نوزەیەکیان لێ دێ بۆ بەرگری لەم ھەرێمەو نیسابی یاسایی دروست ناکەن و ھیچ پڕۆژە یاسایەکیان پێ دەرناکرێت، دەستوریان پێ حیمایە ناکرێت، موچەیان پێ نادرێ، شەڕی بودجەو قوتی خەڵکیان پێ ناکرێ، دەی بەچ میکانیزم و ڕووقایمیەکەوە دەچنە نێو پرۆسەیەکی مینڕێژکراوی مەترسیدار بەناوی ھەڵبژاردنی ئایندەو سەرۆک لیست و کاندید پێشکەش دەکەن؟ بەدڵنیاییەوە ھەڵبژاردنی نوێنەران و دیموکراسی درۆینەی عێراق بۆ کورد مەترسیەو ئەوجارەش دۆڕاو دێتە دەرەوەی پرۆسەکە بە باجی زیاترەوە.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×