کڕینی کورسی و کڕیارەکانی!

ئاسۆ عەبدوللەتیف
  2025-11-02     226

بۆ ئەم ھەڵبژاردنەی عێراق، کڕینی کورسی و مەزادەکەی زیاتر بازاڕی گەرمە، تاکەمپەین و ھەڵمەتی ئاسایی بۆ بەدەستھێنانی دەنگ و کورسیەکان، بەپێی ھەندێک ڕاپرسی و سەرچاوەی تایبەت و ناوەندەکانی توێژینەوەی ھەڵبژاردنی عێراقی و عەرەبی و بیانی، زیاتر لەسەد کورسی لە کۆی ٣٢٩ کورسی پەڕلەمانی عێراق، کڕین و فرۆشتنی ئاشکرای پێوە دەکرێ و یەکلایی بۆتەوە لەنێوان ھێزو لایەنە دەستڕۆشتوەکاندا، لایەنەکان دابەش بوون بەسەر شیعەو سوننەو کورددا، بێگومان کوردەکانیش دەمێکە دابەش بوون بەسەر بلۆکی شیعەو سوننەدا.

سوننەکان، بەھەموو دیدگا قەومی و ئاینیەکانیانەوە، عەزم و تەقەددوم بەتایبەتی، بەپشتیوانی مەتبەخی سعودی و قەتەری و تورکی لەھەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، کڕیارێکی باشی ئەم مەزادخانەیەن و کاری باشی بۆدەکەن و چاوەڕوانی سوپرایزی گەورەن، پارەی نەوت و کاشی دۆلار، پارەی دەوڵەتانی سوننی کەنداو، پارەی پاشماوەکانی میراتی بەعسی و قەومیەکانیان لەبەردەمدایە بۆ کڕینی زۆرترین کورسی لە پەڕلەمانی عێراق بۆ خۆیان.

کڕینی کورسی بۆ سوننەکان لەھەمووکات زیاتر گرنگەو مشتومڕھەڵگرەو قوڵایی ئەمریکی ھەیە بۆ تێکدانی موزائیکی حوکمڕانیی شیعەو بەرەی موقاوەمەی ئێرانی و ڕاگرتنی ھاوسەنگی و باڵانس، ئەمجارە بەتۆپزی ئەمریکیەکان و بەریتانیەکان و فەڕەنسیەکان پشتیوانی دەکەن بۆ دوورخستنەوەو لاوازکردنی بەرەی حەشدو دەوڵەتی وەلائی، تاوەکو لەپەڕلەمانی عێراق لۆبی و ململانێی توندی پێ بکەن و لەپڕۆژە یاساکاندا کاریگەربن و بتوانن سێیەکی پەکخەر و کشانەوەو ھەیەجان دروستبکەن لەکاتی ئاڵۆزیەکان و قەیران و پێکھێنانی حکومەتی ئایندە، ئەمە بەدەرەجەی یەک پڕۆژەی سوننی ئەمریکیە، میری قەتەرو سەرۆک کۆماری تورکیاو مەلیکی سعودیی و سونەی ڕادیکاڵی بەغدادو ناوەڕاستی عێراقی تێدایەو شەپۆل و فریکوێنسیەکەی درێژدەبێتەوە تا ھەولێر، بۆیەکەمجارە کورد لەبەردەم چارەنوسێکی یەکلاکەرەوەدایە بە سندوق و کورسی نەک شۆڕش و قوربانیدان.

بەدیوەکەی تردا مەتبەخی گەرمی، ئێران، ڕوسیا، چین، کە نوێنەرایەتیەکەیان داوەتە دەست چوارچێوەی ھەماھەنگی و حەشدی شەعبی، کاریگەرو دەستواڵان، نەوت و نەختینەی کاش و سەرمایەی گەورەیان خستۆتە خزمەتی دەنگکڕین و کورسی کڕین، وەک بەرەی دژە ئەمریکی سوننی خۆیان نوماکردوە، چەندین ھەڵبژاردنە ڕەنگڕێژو نەخشەدانەری سەرەکی دیزاینکردنی تەواوی ھەڵبژاردنەکانن، پاشای دیزاین و یاریزانی سەرەکین، دەستنیشانی کوتلە بەھێزەکانی پەڕلەمان تائێستا ئەوان کردویانە، بەھێزترین کڕیاری مەیدانەکە بوون، بەڵام ئەمجارە شیعەی وەلائی وەک کاراکتەری بەھێزی مەیدانی و پڕاکتیکی ترس و قەلەقی ناشارنەوە بۆ لاوازکردنیان.

ئەو نەھج و سیاسەتەی وەلائی بوە کە ستۆپ و بایکۆتی بەموقتەدا سەدر کردوە کە نزیکی ھەڵبژاردن نەکەوێتەوە لەدوای بردنەوەیان لەھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ و پاشەکشە پێکردنی ٧٣ کورسی کوتلەی سەدری لەکاتی پێکھێنانی حکومەتی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، ئەم بەرەیە بەنیازن ئەمجارە ئەو کورسیانەی سەدریەکان بکڕن بەھەر جۆرێک بوە، کڕین، دیزاین، ساختەکردن، ڕازینەبوون بەدەرەنجامەکان، تاوەکو ئەو کورسیە بایکۆتکراوانە نەڕوات بۆ کوتلەی دیکە، ئەم بەرەیە لە تەواوی نەژادو ڕەنگ و ئاین و مەزھەب و پێکھاتەکان بەسوننەو ئاسوری و کەلدان و کوردیشەوە کڕیاری باشن، ئەسپەکە بەبارو زین و سوارەوە دەکڕن، ھەندێک قائیمەی ڕاگەیەنراوی مەسیحی و کوردیش کەنزیکن لە عامیری و خەزعەلی و ڕەیان کەلدانی و ڕەنگە تاک کورسی بەدەست بھێنن ھەر لەو بەرەیە ھەژمار دەکرێن بەڵام لاوازن.

گەمەی دورخستنەوەی موقتەدا سەدرو کەلەبچەی دەستەکانی لەبەغدادو نەجەفەوە نەبوو وەک ھەندێک ناوەند باسی دەکەن، کەلەپچەکە لەبنەڕەتدا کرایە دەستی مەرجەعە دڵخوازەکەی سەدرو بنەماڵەی سەدریەکان کەئیمام حائیری بوو لەقوم «إمام کاڤم الحسینی الحائری» کە یەکێکە لەمەرجەعە ھاوچەرخەکانی شیعەی عێراقی لە قوم، کاتی خۆی سەماحەتی محەمەد سەدری باوکی موقتەدا داوای کردوە ئیقتیدای پێوەبکەن و پشتی بگرن، وەک مەرجەعی خۆیان، بەڵام لەساڵی ٢٠٢٢  بەھۆی بیانووی پیریی و نەخۆشیەوە لەئێران جۆرێک لە کۆتوبەند سەپێنرا بەسەریداو کۆنترۆڵکراو نەیانھێشت کاریگەری دانێ لەسەر موقتەدا سەدر، ھەندێک دەڵێن بەزۆر فەتوایان پێ دەرکرد کە موقتەدا لەپرۆسەی سیاسی پاشەکشەبکات و بایکۆتی ھەڵبژاردن بکات، زۆر ترسیان ھەیە بەشێک لەو کورسیانە فرۆشرابێ بەسوننەکان لەڕێگەی دۆستایەتی موقتەداو شازادەی جێنشینی سعودیەوە، ئەوە ئەگەر ڕووبدات کۆدێتای سپییە بەسەر حوکمڕانی شیعەی وەلائیدا.

سەماحەتی موقتەدا سەدر، پێنج ساڵ بەرلەئێستا بە پشتیوانی ئایەتوڵا حائیری لە قوم ویستی شتێک بگۆڕێ لەدوای ھەڵبژاردنەکانی ١٠/١٠/٢٠٢١ بەڵام بەفەتوای حائیری  و سێیەکی پەکخەر نەیانھێشت و دوریان خستەوە. ئێستا لەبایکۆتی سەدریەکاندا دوولایەن بە تۆپزیی سودمەندی یەکەمن بۆ ئەو حەفتا کورسیە، لایەنێک سوننەکان و قەتەریەکانن و لاکەی تری شیعەی مەشرەب عێراقی نەجەفین نەک حەوزەی قوم، دوورنییە محەمەد شیاع سودانی بەم دواییانە کە میانەی باش بوو لەگەڵ ئەمریکاو میری قەتەر ئەرکدار نەکرابێ بۆ ئەو مەبەستە لەپێناو مانەوەی خۆی.

  ئاڵووێری پەڕلەمانتار بەئاشکرا ئەکرێ، نائب و مەندوب و وەزیرو بەڕێوەبەری گشتی ھەموو کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێ، بۆ ئەم خولەی پەڕلەمان ئەگەر بەملیۆنێک دۆلار مەندوبێک بکڕن دەبێ ئەو مەندوبە سبەی دەنگ بە پڕۆژە یاسایەک بدات خاوەنەکەی دەملیۆن دۆلار قازانج بکات و دژی سیاسەتی شیعەی زاڵ بوەستێتەوە، بۆیە ھەڵبژاردنی ئەمجارە زۆرترین دەستێوەردانی تێدا دەکرێ، نەک دیزاین بەڵکو بەئاشکرا نەوت و دۆلارو ئیستیخبارات و ئەمن و کۆمۆنیکەیشن و تەنانەت کۆمپانیاکانی مۆبایل و ئینتەرنێت و ئیمتیازاتی فراوان خراوەتە خزمەتی کڕینی کورسیەکانی ئەنجومەنی نوێنەران.

عێراقی ئایندە عێراقی یاسادان و دەستورو دیموکراسی و دامەزراوە نییە بەڵکو دەبێتە ناوەندی ململانێی توندی حیزبی و ئایدۆلۆژی و مەزھەبی و سەرزەمینێک بۆ یەکلایی کردنەوەو راستکردنەوەی ھەندێک تەوەجوھات و دیدگای شیعی بۆ چەمکی وەکالەتسازیی و حوکمڕانی. ھەر خواست و ویستێکی ئەمریکی، وەک پڕۆژە بەجەنگ و توندوتیژی بۆی نەچەرخابێ، دواجار لەڕێگەی وەھمی دیموکراسی و دەنگدانی ساختەو کڕین و دەستکاری و ھاکی سندوقەکانی ھەڵبژاردنەوە دەستەبەری کردوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×