پەنجەی تۆمەت برین چارە ناکا، «خۆ گوڵ و ئینجانەت تێناگرن»

ئاسۆ عەبدوللەتیف
  2025-11-27     281

ترس و خۆتێکدانی ناوێ، بەو ترسەوە دەوڵەت دروست ناکرێ، دەبێ تێبگەین ھەرێم ھەنگاوی باشی ناوە بۆ پڕۆژە ستراتیژیەکانی نەوت و وزەی جێگرەوە، دەی ئەو ڕێگایە پڕیەتی لە نەیارو ئاگر.

دەبێ زەبرو ئاگرەکەی ئەمشەوی #کێڵگەی_کۆرمۆر گەورەتربکەین و قەبارەی زیاتری بۆ دروست بکەین و باشتر شارەکانمان تاریک بکەین، بەو تاریکی و برینەوە پەیامی کورد باشتر ئەگات تا ڕاحەت و کەمپەین بۆ فوتبۆڵی زاخۆ.

بە گەورەکردنی ھێرشەکان و مارکێتینگ بۆ ئازاری خۆمان داواکاریەکانمان بۆ ھێنان و جێگیرکردنی بنکەی دژە موشەکی باشتر گرەنتی دەکەین، قەت مەڵێن ئازاو داھێنەرو بەھێزین ھەمیشە باسی زوڵم و تاریکی بکەن باشترە بۆ کورد تا باسی پڕۆژەی ستراتیژی گەورەو بەراوردی بێمانا لەگەڵ ئەوروپاو دوبەی.

حەوشەی پشتەوەی ھێرشە درۆنیەکان دیارە، خۆئەوان گوڵ و ئینجانەت تێناگرن، ئەمە یەکەمجار نیەو دواین جاریش نابێ، کەس تاوانبار مەکەن، پەنجە ڕامەکێشن بۆ ھیچ ھێزێک، ھەرێم بۆتە ناوەندو ترافیکی گەرمی نێودەوڵەتی و ناوچەی ھەستیاری وزەو گازی جێگرەوەی دەوڵەتە کەوتوەکان، واقیع بخوێننەوە.

دوو ڕۆژی تر جیھان چاوەکانی دەچێتەوە سەر ھەرێم، #مایکڵ_ڕێگاس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەگاتە ئەنکەرەو تەلئەبیب و ھەولێر، بۆ کردنەوەی باڵەخانەی سەرەکی کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا، درۆن دەیەوێ ئەوە ڕوونەدات، ئەوە دەزانی یانی چی؟

پڕۆژە ستراتیژیەکانی ھەرێم دووسەرەن ھی ھەرێم نیە بەتەنھا، بەشە سەرەکیەکەی ھی دەوڵەتە بەھێزەکانە ئەوانەی باڵەخانەی گەورەی دیبلۆماسیان بۆ دەکرێتەوە لەھەولێر، بۆیە ترسی ناوێ، بەرگەبگرن، بەم ژانە شتێ لەدایک ئەبێ،گرنگە بەناو درۆن و دوکەڵدا بڕۆین بۆ سەقامگیریی نەک بەپێچەوانەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×