سیزیفی چاکسازی و کۆتایی هیواکان

ئارام قادر حەمەسور
  2020-06-06     953

بێگومان هەرێمی کوردستان ماوەی بیست و هەشت ساڵە خاوەنی حکومەت و پەرلەمانە، یەکێتی و پارتی قۆرخی دەسەڵاتیان کردوە. لەم ماوەدا ملیارەها دۆلاریان لەبەر دەست بوە، تەنانەت لەدوای ڕوخانی سەدامەوە نزیکەی سەد ملیار دۆلار لەبەغداوە هاتۆتە قاسەکانی یەکێتی و پارتی. جگە لەداهاتە زۆرەکەی نەوت و داهاتی ناوخۆ.

کارەساتەکە ئەوەیە ئێستا حکومەت دەڵێت بیست و حەوت ملیار دۆلار قەرزارین! چ ئابڕوچونێکە دەسەڵاتێک خاوەنی ئەم هەمو پارەیەبێت، بەڵام ئێستا بە گەلەکەی دەڵێت قەرزارین. بێگومان زۆرینەی خەڵک بڕوا بەقسەکانی حکومەت ناکەن، بە کادیرانی خۆشییانەوە.

ماوەی چەندین ساڵە حکومەت دەڵێت چاکسازیی دەکەین، دیارە بونی پڕۆژەی چاکسازی بەمانای بونی گەندەڵی دێت، بەمانای بونی سیستەمێکی خراپ دێت.

بەڵام یەکێتی و پارتی تا ئەمڕۆش نە یانتوانیوە پڕۆژەی چاکسازی ئەنجام بدەن لە حکومەتدا، وە ناشتوانن ئەنجامی بدەن، چونکە ڕەگی گەندەڵی قوڵە و بۆتە کولتور. هەمو کات چاکسازییان بە کابینەی دواتر بەستۆتەوە، بەڵام کابینە لە کابینە فاشیلترە، ئەم کابینەی نۆیەمە فاشیلترینیانە، چونکە خەڵک لە وپەڕی بێئومێدی و ژیانی خراپ دایە. تەواوی کابینەکان هی یەکێتی و پارتیە و ئەوان لێی بەرپرسن بێ جیاوازی. حکومەتێکی گەندەڵە لەسەر دو پێ وەستاوە، یەکێکیان پارتیە و ئەوەی تریان یەکێتی. حیزبەکانی تریش گەر بەشدارییان پێکراوە تەنیا بۆ جوانکاری و بێدەنگکردن بوە.

گەورەترین درۆیی سیاسیی ئەوەیە بڵێی من بەشداری حکومەت دەکەم تا چاکسازیی بکەم. چاکسازی لە حکومەتی یەکێتی و پارتی ناکرێت و سیزیفە. واتا تەنیا هەڵگەڕانە بە چیادا و دوبارە کەوتنەخوارەوە و دوبارە هەڵگەڕان. بەبێ ئەوەی بگەیتە لوتکەی چیاکە.

ئێستا کۆتایی هیواکانە بەم دەسەڵات و حیزبانە، بە حیزبەکانی دەسەڵات و بە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن. لەم دۆخە سەختەدا حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن(کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامی) وادەزانن نە با ی دێت و نە باران. ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە لە سەردەمی ئەم حکومەتە خراپە و ئەم گەلە چەوساوەدا  تەمبەڵترین ئۆپۆزسیۆنە. ئۆپۆزسیۆن گەر جورئەتی نەبو لە ئۆپۆزسیۆنبون دەکەوێت. ئێستا دەبێت شەقام ئەم ئۆپۆزسیۆنە لە جێگەی خەوەکەیدا  بێنێتە شەقام! دوای گەرمبونی شەقام ئۆپۆزسیۆن و سەرکردەکانی دێنە شەقام و سنگ دەچەقێنن.

ئێستا کۆتایی ئومێدەکانە و هیچ حیزبێک لە ئاستی پەرۆشی خەڵک دانیە، هەموان تەواوکەری ئەم چەوساندنەوەیەن.

کاردانەوەی خەڵک ئەمجارە جیاوازترە، خەڵک لە شەقام حیزبی تەڵاق داوە، نابێت ڕێگەش بدات حیزبێک ماندوبونی شەقام بباتە سەر مێزی گفتوگۆی دەسەڵات، ناکرێت چیتر ماندوبونی شەقام لەقوماری دەسەڵاتدا بدۆڕێندرێت.

لە ئێستا دابێت یان داهاتو، کاردانەوەکان بەهێز دەبن و گشتیان بەپێی بەرپرسیارییان توڕەبونی شەقامیان بەردەکەوێت. چونکە زۆرینەی خەڵک کەوتونەتە ژیانێکی قورس و بێئومێدەوە و متمانەیان بەم دەسەڵاتە نەماوە. وەڵامی  بێئومێدەکان وەڵامێکی قورس و بەهێزە، وەڵامێکی دەستەجەمعی دەبێت. دەکرێت کۆژانێک هەموان کۆبکاتەوە و هۆشیارییەکی گشتیی دروست بکات  و گشت حیزبەکان بلەرزێنێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×