فاشییزم لە کورتترین پێناسەیدا، بریتییە لە سڕینەوەی بەرامبەر بەبێ بوونی هیچ ئەخلاق و ویژدانێک. واتا من تۆ دەسڕمەوە لە هەر شوێنێک بیت، هیچ ئەخلاق و دین و یاسایەک ڕێم لێناگرێت تۆ لەناوبەرم.
بەگشتیی دەسەڵاتدارە تورکەکان لە ماوەی سەدساڵی ڕابوردوو تا ئەمڕۆ بەردەوام فاشییزمانە دژیی کورد و نەتەوەکانی تر وەستاون، لە قڕکردنی ئەرمەنەکانەوە تا کورد. کورد تا ئەمڕۆش گرێیەکی گەورەی ناو عەقڵییەتە فاشییزمییەکەی دەسەڵاتدارانی تورکە.
هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا درێژکراوەی ئەم فاشییزمەیە، کە دەیەوێت کورد لەناو بەرێت ئەگەر لە مەریخیش بێت. ئەردۆگان بەردەوام بە سایکۆلۆجییایەکی وێران و پارانۆییانەوە لە کوردی ڕووانیوە، ئەردۆگان قاڵبی تیرۆری کردۆتە بەری کورد، لەکاتێکدا خۆی مرۆڤکوژ و تیرۆر پەروەردەکەرە.
بێ بوونی ئەخلاقی دینیی و سیاسیی و یاسایی هێرش دەکاتە سەر نەتەوەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا. ئەمەش پێچەوانەی تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هەموو جیهانیش بینەری ئەم بێئەخلاقییە سیاسییەن.
تورکیا بەبێ هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لەلای ئەمریکا ئەم داگیرکارییە ناکات، ئەمریکا خەرێکە بەتەواوی لە خۆرهەڵاتی ناوڕاست دەدۆڕێت، بەتایبەتی دوایی دۆڕانی لە ئەفغانستان و عێراق. ئەم جێهێشتنەی ئەمریکا جارێکی تر بە کورد دەڵێتەوە کە دۆستی هەمیشەییتان نیم، بەڵکو دەبێت خۆتان دۆستی هەمیشەیی ناو خۆتان بن.
جیهان لە ئاستی ئەم داگیرکارییە هەڵوێستی گەورەی نییە، ئەوەی هەیە کۆمەڵێ هەڵوێستی پراگماتیستییە. مرۆڤبوون پێش دین و ئایدیاکانە، کاتێک هێز و وڵاتێکی ئیسلامیی یان دیموکڕاسیی پشتگیری بۆ ئەردۆگان دەردەبرێت، ئەوپەڕی نامرۆڤبوونە. ئەم داگیرکارییە دوور لە شەڕی ناسیۆنالیستی و دینی و دەبێت ئیدانە بکرێت و ڕابگیرێت.
ئەردۆگان دوای لە دەستدانی ئەستەنبووڵ و ئەنقەرە و لەدەستدانی ملیۆنان دەنگ و کەرتبوونی حیزبەی خۆری بەرەو ئاوابوونە. ئێستا ئابووری تورکیا بەرەو داتەپینە و ملیاران دۆلار قەرزدارە. ئەم داگیرکارییە ناتوانێت ئەردۆگان گەورەبکاتەوە، ئێستا ئەردۆگان فاشییستێکی دۆڕاوە و مرۆڤکووژە، لەبەرگێکی دینی ئیخوانییدا دەیەوێت ڕەوایەتی بەم داگیرکارییە بدات. بە سورەتی (فەتح)هانی سەربازەکانی دەدات، بەڵام لەکۆتاییدا وەک ستەمکارێکی بۆگەن دەبێت سورەتی (فاتیحا)ی لەسەر بخوێنن.
ئێستا جیهان بێنەری فاشییزمی گەورەیە، وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکا و ڕووسیا سپۆنسەری ئەم فاشییزمەن. هەموو شەڕێک بۆ بەرژەوەندییە و گرنگ نییە کێ دەکوژرێت. ئەم وڵاتانە پڕۆژە سەرمایەدارییەکانیان لەسەر حیسابی مردنی هەزاران مرۆڤە. چونکە فەلسەفە سیاسییەکەیان بریتییە لە"چۆن دەستکەوت پەیدا بکەین؟" بەمانا ماکیاڤیلییەکەی هەموو هۆکارێک دەگرنەبەر لەپێناو ئامانجەکانیاندا. ئامانج ڕەوایەتی هۆکارەکانە.
لەکۆتاییدا، خۆڕاگریی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە هێزێکی تێکەڵەی کورد و عەرەب و مەسیحیین، دەکرێت ئەم داگیرکارییە ڕابگرێت و فشارەکانی سەر ترامپ و وڵاتانی زلهێز زیاتر بکات بۆ وەستاندی هێرشەکانی تورکیا. چونکە ئەم داگیرکارییە کاریگەری بۆ تەواوی ناوچەکە دەبێت. ئازایەتیی کوردانی کوردستانی ڕۆژئاوا، تاڕادەیەک قەرەبووی ئەم تەنیاییەی کورد دەکات بۆماوەیەک.
ئەخلاقی جیهانی بەگشتی لەبەرامبەر فاشیزمەکانی جیهاندا لاوازە. قڕکردنی نەتەوەکان لەزۆر شوێن بەڵگەی نەمانی ئەخلاقی جیهانییە.
ئەخلاقی جیهانی خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوەکانی پەیوەست بە ئەمانە دەبینێتەوە. کە نوێنەرایەتی جیهان دەکەن.