شۆکبوونی چەوساوەکان

ئارام قادر حەمەسور
  2021-12-24     497

بێگومان ڕۆژهەڵاتناسەکان لەباسکردنی کەسایەتیی تاکی کوردییدا ئاماژە بەچەند سیفەتێک دەکەن، دەڵێن کورد گەلێکی میواندۆست و دەمبەخەندە و ڕووخۆش و ئازایە، گەلێکی قارەمانە، لەگەڵ چەندین سیفەتی تری کەسایەتیی کوردیی. ئێمە لێرەدا قسە لەسەر تاکی کورد دەکەین لە واقیعی ئێستای هەرێمی کوردستاندا.

لە ئێستادا ژینگەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوریی ئێمە لە قەیراندایە، سیستەمی حکومڕانی زۆر لاوازە و لە دوای ڕاپەڕینەوە نەیتوانیوە  خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ هاو نیشتیمانییانی دابین بکات، ئەمڕۆ ئاشتی کۆمەڵایەتیی لە مەترسیدایە بەهۆی لاوازی سیستەمی سیاسیی و فەشەلی سیستەمی ئابوریی و یاساییەوە، بۆیە تاوانە کۆمەڵایەتییەکان زۆر بوون. لەدوای ڕاپەڕینەوە تاک توشی شڵەژانی سایکۆلۆژیی بووە بەهۆی بێئومێد بوونی لە سیستەمی سیاسیی و خۆخۆری جووت حیزبی دەسەڵات، تاک توشی چەندین کارەساتی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوریی و سایکۆلۆژیی کراوەتەوە.

شۆکبوون واتا پرسیار کردن و هەڵوێست وەرگرتن لەسەر ئەو ڕووداوانەی مایەی مەترسین بۆ تاک و کۆمەڵگە. ئێمە کەم شۆک دەبین بۆیە کەم پرسیار دەکەین و کەم هەڵوێست وەردەگرین، ئەمەش لایەنی سلبی کەسایەتییمانە. 
ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی دەستەمۆ بە سیستەمە سیاسییەکە. دواتر دەبینە کۆمەڵگەیەکی مازۆخی بۆ دەسەڵاتێکی سادی.
 تۆ کە شۆکنەبووی ئەکتیڤ نامێنیت، دەجوڵێندرێیت نەک خۆت بجوڵێیت، تۆ خۆت نامێنیت بەڵکو ئەو دەبێتە خاوەنت. کاری دەسەڵاتە خۆسەپێنەکانیش بەتاڵکردنەوەی خودە لەخۆی.

 ئێمە دەبێت لەڕێگەی شۆکبوونەوە خەریکی فەلسەفاندن و پرسیار کردن ببین. پرسیار بەرەو گومان و هەڵوێستمان دەبات. حیزبێک یان دووان سی ساڵە سوکانی سیاسەت و ئابوریی ئەم هەرێمەیان لایە و ئێستاش فەشەلیان هێناوە، بەڵام بەگشتیی ئێمە هێشتا متمانەمان پێیان هەیە و ئامادەین دەنگیان پێبدەین! بۆچی بە ئەزموونی فاشیلی چارەکە سەدەیەک حکوومڕانی شۆک نابین؟! ڕۆژنامەنوس تیرۆر دەکرێت شۆک نابین، داهاتی ئەم هەرێمە لەگیرفانی چەند خێزانێکدایە و هەر شۆک نابین. گەنجان لەدەریادا دەمرن شۆک نابین، ئای چەند کارەساتە تاک لەم هەرێمە دڵی بە مووچە ناتەواوەکەی خۆشبێت بەڵام پرسیار لەسەر داهاتیی ئەم هەرێمە نەکات!

 شەڕی براکوژیی شۆکی نەکردین، شەڕێک لەسەر پارە بوو نەک چەسپاندنی بنەماکانی  دیموکراسیی و دەوڵەت. کارەساتە هەموو ناشیرینییەکانی  شەڕی ناوخۆ کورت بکەیتەوە لە 31ی ئابدا، لەکاتێکدا شەڕی ناوخۆ بۆخۆی خیانەتێکی گەورەیە و مایەی شۆک بوونە.
 
ئێمە کێشەی بیرچوونەوەی دوێنێمان هەیە بۆیە بەردەوامین لەسەر شۆکنەبوون، دەبێت بزانین دوێنێ چیی بووە تا ئەمڕۆ باشتر بیر بکەینەوە بۆ داهاتوو. تۆ ئەو هەموو ڤیللا جوانانە نابینیت کە هاوڕێیانی باوکت کاتێک لەشاخ گەڕانەوە دروستیان کردوون؟ تۆش چاوەڕێی مووچەی شەهیدانەکەی باوکتی، لەکاتێکدا باوکت خەونی  ڕزگاری ئێمەی هەبوو. بەڵام دەوروبەر هەر شۆک نابن! دەبێت بپرسی بۆچی ئەو هەموو نادادپەروەرییە؟ بۆچی کەمینەیەک خەنیی و زۆرینەیەک گەنیین؟

مرۆڤ دەبێت شۆک ببێت بەو چاوەڕوان نەکراوانە، نابێت ڕێگە بدات دووبارە ببنەوە، چونکە ناکرێت کەمینە خەنیی و زۆرینە گەنیی بن، ئەمە دەستکەوتی بێدەنگی و شۆکنەبوونمانە. دەبێت لە خۆمان بپرسین بۆچی وچۆن و بەچی ئەم جیاوازییە چینایەتییە دروستکراوە؟ ئەم پرسیارانەن دەسەڵات دەترسێنن و دەسەڵات هەراسان دەکەن. بۆ دروستکردنی سیستەمێکی سیاسیی دادپەروەر دەبێت شۆک ببین لە بەرامبەر ناشیرینییەکانی دەسەڵات. نزیکترین پرسیار لەژیانی هەموومان ئەوەیە بۆچی کارەبای بیست و چوار کاتژمێریمان نییە؟ لەکاتێکدا نەوت و پارەیەکی زۆریش هەیە.

بەشێکمان شۆکبووین و باجی شۆکبوونمان داوە لە سەر ڕەخنە و پرسیارەکان کە ئاڕاستەی دەسەڵات  کراوە، بەڵام شوکبوون نەبۆتە شۆکبوونی گشتیی، زیاتر لەچوارچیوەی تاک و گروپدا بوونی هەبووە. 
لێرە دەسەڵات چۆتە ناو تەواوی ژیانی ئێمە، ئێمە دەبێت دووبارە وانەکانی شۆکبوون فێر ببینەوە لە ڕێگەی گوتاری ڕۆشنبیران و پەروەردەی خێزان و خوێندنەوە، دەبێت واز لەو پەندە گاڵتەجاڕانە بێنین کە زیاتر دەستەمۆمان دەکەن و یاخیبوونی تاک دەکوژن وەک؛ دەست بەکوڵاوی خۆت بگرە تا با نەیبات، یان ئاگرە سورە لەخۆم دوورە، ئەوانە ڕوحی یاخیبوونی جەمعی دەکوژن، تەنانەت ئایینییش دەڵێت؛ زوڵم مەکە و زوڵمیش قبوڵ مەکە.

شوکنەبوون دەمانکاتە  هەنگوینی دەسەڵات، گەنجان دەبێت پێشڕەوی شوکبوون بن، ئەوەی ئەمڕۆ بوونی هەیە باجی بێدەنگی و شۆک نەبوونمانە بە گشتیی. دەسەڵات تا ئەمڕۆش دەزانێت شۆکبوونی جەمعی بوونی نییە، دەزانێت یاخی بوونی گەورە دروست نەبووە. شۆکبوونی جەمعی دەسەڵات دەستەمۆ دەکات و دەیترسێنێت، هەموو ناڕەواییەکانی سی ساڵ  دەبێت وامان لێبکات شۆک ببین و سزایان بدەین، چونکە مرۆڤی دەستەمۆکراو مەترسیدارە و دەسەڵات هار دەکات. وەک کامۆ گوتی؛ من یاخیم کەواتە من هەم.
 گەلێکی یاخیی و شۆکبوو دەسەڵاتێکی دادپەروەری دەوێت نەک بچەمێتەوە بۆ دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و کلیپتۆکڕاس.

دەسەڵات لەدوای ڕاپەڕینەوە شایەنی ئەوەبووە هەزاران جار لەدژیی شۆک ببین و پرسیاری گەورە و گومانی گەورە لە سەر ئەخلاقیی سیاسیی دروست بکەین. چونکە شۆکبوونی گشتیی دەتوانێت هێزێک دروستبکات و  دەسەڵات بلەرزێنێت. کۆمەڵگەیەک شۆک نەبێت بەرەو مێگەلبوون دەڕوات و ئیرادەی نامێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دروست بوونی دەسەڵاتێکی ستەمکار و کۆمەڵگەیەکی بێدەنگ. ئەوکات شۆکنەبوون دەبێتە تاعوون و کۆمەڵگە وێران دەکات. 
شۆکبوون بەرە و پرسیار و گومانمان دەبات، ئەمەش هەڵویست  درووست دەکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×