گۆڕان هێشتا یاریکەرێکی سەرەکییە

ئارام قادر حەمەسور
  2019-02-26     1851

ڕەخنە وزەی گۆڕانە
بزووتنەوەی گۆڕان لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا وەک جووڵێنەری سیاسەت دەرکەوتووە، لە چوار ساڵی یەکەم دوای ۲۰۰۹ توانی بوێرانە ببێتە ئوپۆزسیۆن و سیاسەتیی لە متبوون و بێ ئۆپۆزسیۆنیی ڕزگار کرد. بوونە ئۆپۆزسیۆنی گۆڕان لەساڵی ۲۰۰۹ قۆناغێکی گرنگی سیاسەت بوو لە هەرێمی کورستاندا. چوار ساڵ ئۆپۆزسیۆن بوون و دروستکردنی جیاوازی لە سیاسەتدا قۆناغێکی گرنگ بوو، وەک هانا ئارێنت گوتی لە کوێ جیاوازی هەبوو لەوێش سیاسەت هەیە. ئەمەش جوڵێنەری سیاسەت بوو لەو قۆناغەدا و یەکەم هێزی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیی لەدایک بوو. توانی لەڕێگەی میدیاوە سیاسەت بباتە شەقام و جوڵە بەشەقام بکات و کاربکاتە سەر دەسەڵات.

دواتر بەشداریکردنی گۆڕان لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمدا قۆناغێکی گەرم بوو، بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری لە دەسەڵاتدا کرد و دەستی بۆ چەند کەیسێک برد. گۆڕان لەدەسەڵاتیشدا توانی دەست بۆ کەیسی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەرێت ئەمەش لای پارتیی دیموکڕات هێڵی سور بوو، ئەمەش جووڵەی سیاسیی گەرمترکرد. گۆڕان تەسلیمی دەسەڵات نەبوو بەتایبەتی پارتیی دیموکڕات. دواتریش دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان و داخستنی پەرلەمان بە بڕیارێکی دیوەخانی حیزب. گۆڕان لەدەسەڵاتیشدا بوو بەڵام تەسلیمی دەسەڵات نەبوو، بۆیە باجەکەی دەرکردنی بوو لە دەسەڵاتدا.

لەگشت جووڵەکانی گۆڕاندا نەوشیروان مستەفا دەوری کاریگەری هەبووە، چونکە لەپاڵ ئەزموونە سیاسییەکەیدا جورئەتی جوڵەی سیاسیی هەبوو، ئەو پیاوی جووڵە و ڕووداوەکان بوو.

لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ساڵی ۲۰۱٨ بزووتنەوەی گۆڕان دەنگەکانی کەمیکرد، ئەمەش هۆکارەکەی تەزویر و کەمی بەشداری دەنگە ناڕازییەکان بوو لە هەڵبژاردن. بەشێکی ڕەخنەکان لەبزووتنەوەی گۆڕان لەجێگای خۆیدابوون، تا ئێستاش گۆڕان شایەنی ڕەخنەیە و دەبێت زیاتر بەخۆیدا بچێتەوە.

ڕێککەوتنی گۆڕان و پارتیی دووبارە جووڵەی بە سیاسەت کردەوە، ئەم ڕێککەوتنە پەرلەمانی خستەوەکار و شەڕی ڕاگەیاندنیشی دروستکرد لەنێوان گۆڕان و یەکێتیی لەلایەک و پارتیی و یەکێتیی لەلایەکی تر. 
یەکێتیی لەکابینەکانی ڕابردوو هاوبەشی سەرەکی پارتیی دیموکڕات بووە، عەڕابی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکی هەرێم بووە. بەردەوام دەسەڵاتیان بەڕەزامەندی خۆیان دابەشکردووە. 
پێشتر گۆڕان و یەکێتیی ڕێککەوتنی دەباشانیان مۆرکردبوو بەئامادەبوونی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، بەڵام یەکێتیی ملی بۆ ڕێککەوتنەکە نەدا، یەکێتیی لەدوای تەواوبوونی ڕۆژی دەنگدانی پەرلەمانی عێراق بۆ ساڵی ۲۰۱٨ تەقەی لە گردەکە کرد کە بارەگای سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانە. ئەمەش لە ئەخلاقیی سیاسییدا سکانداڵە. یەکێتیی باجی پشتگوێ خستنی ڕێککەوتنی دەباشان و تەقەکردن لەگردەکە دەدات، چونکە متمانەی سیاسیی لای گۆڕان لەدەستدا

ڕێککەوتنی گۆڕان و پارتیی جوڵەی دروستکردەوە بە باش و خراپ. بەشێک ڕەخنەی دەکەن و بەشێک دەستخۆشی دەکەن.
ڕەخنەکان دەبێت لەسونگەیەکی سیاسیی و هۆشیارییەوەبن نەک بۆ ڕق و بۆڵەبۆڵی بێ فیکر. ئەوەی ئەلف و بێی سیاسەت بزانێت دەزانێت کەناکرێت هیچ حیزبێک بۆ هەمیشە ئۆپۆزسیۆن بێت. بزووتنەوەی گۆڕان قۆناغی ئۆپۆزسیۆنی تێپەراند و ئێستا دەبێت دەنگدەرانی بیخەنە تاقیگەی دەسەڵاتەوە. لەکابینەی هەشتەم گۆڕان بۆ ماوەی نیوساڵ لە دەسەڵاتدا بووە. ئەمەش پێوەر نییە بۆ ئەزموونی حکوومڕانی گۆڕان.

یەکێتیی و پارتیی دوای هەڵبژاردن باش دەیانزانی کە ڕێژەی دەنگدەران کەم بووە و دەنگی گۆڕانیش دەنگە حەقیقییەکان نیین، چونکە ڕێژەیەکی زۆری دەنگدەران بەشداری دەنگدان نەبوون کە ڕێژەکەی زیاترە لەسەداچل. ئەمەش ترسی بۆ یەکێتیی و پارتیی دروستکرد لەناو خۆیاندا. چونکە دەنگە بەشدار نەبووەکان دەنگە تووڕەکانن.

ڕێککەوتنی گۆڕان و پارتیی چەند خاڵێکی گرنگی تێدایە، وەک کۆتایی هاتن بەپاشەکەوتی مووچە و هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و چەسپاندنی لامەرکەزیی ئیداریی و دارایی. ئەم سێ خاڵە زۆر گرنگن و ژیانی گشتی باش دەکەن.

گۆڕان ئازایانە لەدانوستانەکاندا براوەبووە و زیاتر لەڕێژەی دەنگەکانی پۆستی وەرگرتووە، لەداهاتووش گەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێنەکرا دەتوانێت بکشێتەوە. بۆ گۆڕان گرنگە کەسانی بەهێز بباتە پۆستەکان و بە وردی چاودێری خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بکات. دەکرێت ئەمساڵ ساڵێکی باشتربێت بۆ خەڵک بەهۆی ناردنی پارە لەبەغداد و جوانکردنی کابینەی نۆیەمی مەسرور بارزانی لەلایەن پارتییەوە. بەڵام عیبرەت لەجێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدایە لە ماوەی چوارساڵی داهاتوو.

بەم ڕێککەوتنە گۆڕان جارێکی تر جووڵەی بەسیاسەت کرد و جوڵەسیاسییەکان بەهێزتر بوون. گۆڕان وەک یاریزانێکی سەرەکی لە یاریگای سیاسەتدا دەرکەوتەوە. بۆ هەموو هێزێک گرنگە بەشێوەی عەقڵانی واقیع بخوێنێتەوە، بۆ هەموو هێزێکیش گرنگە گوتاری پۆپۆلیزمی بەکارنەهێنێت، ئەو گوتارانەی حیزبێک دەکەنە شەیتان حیزبێک دەکەنە فریشتە، چونکە لەسیاسەتدا دەکرێت ڕەش و سپیش گفتوگۆبکەن.
پارتیی و یەکێتیی هێشتا بەرژەوەندی زۆری نەوت و پارەیان لەگەڵ یەکتردا هەیە تا ڕێکبکەون.

هێشتا گۆڕان شایستەی ڕەخنەیە بۆ پتەوکردنی هەیکەلی حیزب و بەستنی کۆنگرە، ڕەخنەش ئەو وزەیەیە کە گۆڕان دەتوانێت پێی بەهێز ببێت. بۆ ئەوەی گۆڕان وەک جووڵێنەری سیاسەت بمێنێتەوە و یاریزانێکی سەرەکی بێت، دەبێت ڕەخنەکان وەرگرێت و کاریان پێبکات نەک پشتگوێیان بخات. چونکە هێشتا زۆرێک چاویان لەسەر بزووتنەوەی گۆڕانە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×