کۆمەڵگەو بتەکانی

ئارام قادر حەمەسور
  2019-06-09     1194

کۆمەڵگە پڕە لەو بتانەی کە دەوری ئێمەیان داوە و دیاردەی کۆمەڵایەتین، ئێمەش بەردەوام تەوافییان دەکەین، بتەکانی دین و سیاسەت و ...
ببینە سەرکردەی حیزبەکان بەزیندوویی و مردوویی چۆن بوونەتە بتی سیاسیی.
ببینە ئایدیۆلۆجییاکان چۆن بوونەتە بتی سیاسیی و تلیاک.
ببینە پیاوێکی دینی چۆن بۆتە بتی دینیی و دەپەرسترێت.

بتەکان و وەهمەکان لەکۆمەڵگە سەرەتایی و ستەمکارەکاندا بازاڕییان گەرمە. کۆمەڵگە شێواوەکانی دوای قەیران گونجاون بۆ بتگەرایی، وەک هیتلەر کاتێ بوو بە فریادڕەسی ئەڵمانییەکان، مۆسولینی بەهەستی ناسیۆنالیزمی خۆراکی ڕۆحی دەدایە ئیتاڵییەکان.

بتەکان لەگشت بوارەکاندا بوونییان هەیە، تەنانەت عەشقیش دەبێتە بت، عاشق بتێک دادەتاشێت لە پەرستگای عەشقدا و مەعشوقەکەی دەپەرستێت. عەشق وەک بت کەموکوڕییەکانی نابیندرێت.

ئێمە مەحکومین بە پەرستنی بتەکان و وەهمەکان و ڕۆژانە دەیانپەرستین، بەڵام کەم هەستیان پێ دەکەین، چونکە بیریان لێ ناکەینەوە. زۆر کەم لەبتەکان یاخیی دەبین، تەنیا جارجار دەیانگۆڕیین، داب و نەریتەکان کە ژیانمان ئاڕاستە دەکەن پڕن لەوەهم و بتەکان.

ناسیۆنالیزمی کوردیی زۆرکات وەک بتێک  هەمووان کۆدەکاتەوە و ئاڕاستەیان دەکات. دەبینیین لەکاتە هەستیارەکاندا دەسەڵات چۆن ناسیونالیزم بەکاردێنێت وەک تلیاک، ناسیونالیزم دەبێتە تلیاکی گەل، ئەمەش پڕاگماتیزمیی دەسەڵاتە.

تەنیا بیرکردنەوە لە بوونگەرایی بتەکان ڕزگارمان دەکات، بیرکردنەوەش لە بتەکان و شکاندنی موقەدەساتییان کارێکی گەورەیە و مرۆڤی گەورەی دەوێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×