حوکمی ئۆلیگارکی بەماسکی دیموکراسییەوە

ئارام قادر حەمەسور
  2018-12-18     1038

بێگومان دیموکراسیی بێ خەوش نییە و کەموکوڕی هەیە، بەڵام ئێستا بڵاوترین جۆری حوکمڕانییە و بنەماکانی زۆر گرنگن. دیموکراسیی واتای حوکمی گەل یان خەڵکسالاری دەگەیەنێت، خەڵک خۆی نوێنەرەکان دیاری دەکات و ڕەنگڕێژی دەسەڵات دەکات لەڕێگەی سندوقەکانی دەنگندان.نزیکەی دوای دووهەزار و پێنج سەت ساڵ هێشتا گفتوگۆکان لەسەر دیموکراسیی بەردەوامە. هزرێکە تا ئێستاش زیندووە. لەئەتینای دەوڵەتەشاری یۆنانەوە دیموکراسیی لەدایک بوو بەکەموکوڕییەوە، چونکە دیموکراسیی ئەتینای جۆری ڕاستەوخۆ بوو، بەڵام هەمووان مافی بەشدارییان نەبوو، ژنان و کۆیلەکان و بێگانەکان بەشدارییان پێنەدەکرا.

 

هەر لەسەرەتاشەوە لە سوقرات و ئەفلاتون و ئەرستۆوە تا ئەمڕۆ بەشێکی بیرمەندان دیموکراسیی ڕەخنە دەکەن.بەڵام ئێستا سیستەمی دیموکراسیی گرنگی خۆی هەیەو دەکرێت حوکمڕانییەکی باش دروستبکات، بەمەرجێ بنەماکانی دیموکراسیی دەستەبەربکرێن. ڕەخنەکانیش لەدیموکراسیی زۆرکات لەجێی خۆییدایە، وەک تۆکفێل کەترسی لە دیکتاتۆریی زۆرینەیی هەبوو لە سیستەمی دیموکراسییدا.لەهەرێمی کوردستاندا حیزبەکان بەعەلمانیی و ئیسلامییەوە باسی گرنگی دیموکراسیزەیشن دەکەن بۆ سیستەمی سیاسیی. بەڵام گەر سەیری کاری حیزبەکان بکەین لەناو خودی حیزب و لەناو حوکمەتدا، دوالیزمی ئەم حیزبانە دەبینین، بەردەوام لەدیموکراسیی ترساون و بنەماکانییان پێشێل کردووە. بۆیە دیموکراسیی لای حیزبی کوردیی زیاتر ماسکە نەک پڕۆژە. زیاتر بۆ دیماگۆجییەتە نەک دیموکراسییزەیشن.

 

هەموو حیزبەکان پەیوەستن بە هیراکییەتی حیزب و سەرۆک لەسەرووی هەمووانە، دەبینین سەرۆکی حیزبەکان بەدەگمەن نەبێت ناگۆڕێن تا مردن، ئەمەش پێچەوانی بنەمای دەستاو دەستی دەسەڵاتە لە دیموکراسییدا.لەڕووی ئازادی ڕادەربڕینەوە حیزبەکان ڕەگێکی فاشییانەیان هەیە، پەروەردەی حیزبییان لەوپەڕی دۆگمابووندایە. کاتێک ئەندامی حیزبێک بەهەر هۆکارێک واز لەحیزبەکە دێنێت، بە هەستێکی فاشییانە هێرشی دەکرێتە سەرو بەخایین لەقەڵەم دەدرێت! لەکاتێکدا ئازادیی بیروڕا بنەمایەکی گرنگی دیموکراسییە. بەگشتیی حیزبیی کوردیی ئەوەندەی عەقڵیەتیی خێڵ بە سەریدا زاڵە نیو ئەوەندە عەقڵیەتێکی دیموکراسییانە کار ناکات. بۆیە دیموکراسیی بەردەوام فۆبیایە و دژایەتی بنەماکانی دەکرێت.

 

چونکە ترس لەدیموکراسیی بەڵگەی خۆسەپاندن و حوکمی دیکتاتۆرییە.حوکمڕانیی لەهەرێمی کوردستاندا زیاتر لەچارەکە سەدەیەکە بەدەستی پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتیمانییەوەیە، تا ئەمڕۆش بنەماکانی دیموکراسییان نەچەسپاندووە، بەڵکو ئەم جووت حیزبە پێش حیزبەکانی تر دژیی دیموکراسی وەستاون. لەکاتێکدا هەردووکیان ناوی دیموکراسیی و سۆشیال دیموکراسییان هەڵگرتووە، بەزەبری پارە و چەک ڕێگری بەردەم دیموکراسیی بوون، لەگۆڕینی سەرۆکی حیزبەوە بیگرە تا بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد.پەرلەمان دڵی دیموکراسییە بەڵام حیزبێک بە ئارەزووی خۆی دایدەخات!

 

ئەمە ئەو پەڕی نا دیموکراسییانەیە و حوکمێکی ئۆتۆکراس و کلیپتۆکڕاسیمان بۆ دەسەلمێنێت. هەڵبژاردن ڕەوڕەوەی دیموکراسییە بۆ گۆڕانکاریی و دەستاودەستی دەسەڵات، بەڵام لێرە ئەنجامی هەڵبژاردن پێش پرۆسەکە دیاریکراوە!

 

لەکۆتاییدا دیموکراسیی لای حوکمڕان و حیزبەکان ماسکێک بووە بۆ خەڵەتاندن، دەسەڵاتیش لەناو حوکمڕانیی و حیزبدا بەگشتی ئۆلیگارکییە، واتا کەمینەیەکە حوکمڕانیی دەکات و بڕیار دەدات و خاوەنی پارەیە. ئێمە لەبەردەم تۆخبوونەوەی حوکمی بنەماڵە و خێڵداین لە هەرێمی کوردستاندا، ئەو بنەماڵانەی بە نەوت و چەک زیاتر خۆیان دەسەپێنن.دەکرێت دیموکراسیی خۆشگوزەرانی بێنێت بەمەرجی دژایەتی بنەماکانی نەکرێت. فۆبیای دیموکراسییش بەڵگەی بوونی حوکمی عەقڵیەتیی خێڵە لە ناو حیزب و حکومەتدا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×